ڕەخنەی ئەدەبی لە دوای ڕاپەڕین


ڕەخنەی ئەدەبی لە دوای ڕاپەڕین
ڕوانینێکی باو هەیە، کە پێی وایە پاش ڕاپەڕین ڕەخنەی ئەدەبی دەمرێت و هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی ڕەخنەیی نییە. من لە پێشووتر نموونەی وتارێکی بەناو ڕەخنەیی پێش ڕاپەڕینم هێنایەوە و خوێنەریش دەتوانێت گەشتێک بەنێو بڵاوکراوەکانی ئەو دوو دەیەیەدا بکات، بۆ ئەوەی بەر نموونەی دیکە بکەوێت. بەڵام ئەوەی بڕوای تەواوم پێیەتی ئەوەیە کە ڕەخنە لەو دوو دەیەیەدا لە ئاستێکی باشدا نەبووە و هەتا لە ئاستێکدا نەبووە کە شایانی هەڵوەستەلەسەرکردن و تێڕامان بێت. پاش ڕاپەڕین لەگەڵ ئەوەی دەروازەیەکی نوێ بە ڕووی ئازادیی بڵاوکردنەوەدا کرایەوە و بە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاری ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە و وەرزی بڵاو کرانەوە، کە سەرجەمیان هەنگاوێک بوون بە ئاڕاستەی فراوانبوونی ڕووبەرێک بۆ گوزارشتکردنی نووسەران لە بۆچوونەکانی خۆیان لە ڕووبەری زیاتردا، کە پێشووتر ئەو ڕووبەرانە بەو شێوە بەرفراوانە بوونیان نەبوو.
لەم بەشەی ئەم نووسینەدا دەمەوێت سێ ئاستی ڕەخنەی ئەدەبی لە دوای ڕاپەڕین دیاری بکەم کە ئەمانەن:

یەکەم: جنێودان و بەشەخشەنەکردن بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە:
بێگومان نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی چالاکییەکی ڕۆشنبیرییە و دوورە لە هەر جۆرە جنێودان و ڕقێکی شەخسی. ڕەخنەکار کە نووسینێکی ڕەخنەیی دەنووسێت هەوڵی خۆبەتاڵکردنەوەی ڕقە پەنگخواردووەکانی نادات بەرامبەر نووسەر. بەڵکو بەپێی پێوەرە ڕۆشنبیریی و ئەکادیمییەکان هەوڵی هەڵسەنگاندنی تێکست دەدات و ئەو جیهانە کەشف دەکات کە تێکست خولقاندوویەتی و ئەو مانایانە لێک دەداتەوە بەرهەمی دەهێنێت. دەتوانم بڵێم بەشێکی بەرچاوی ڕەخنەی ئەدەبی، دوای ڕاپەڕین ڕەخنەیەکە کە تژییە لە جنێودان و هەڵڕشتنی ڕقی شەخسی، کە دوورن لە هەموو بەهایەکی ڕەخنەیی و گوزارشتن لە جۆرێک لە نووسین کە بەرهەمی ئیفلاسی فیکری و ئەدەبیی خاوەنەکەی دەر دەخەن. کەم نین ئەو نووسەرانەی لە ڕەقەوە ڕەخنەی کارە ئەدەبییە جیدییەکانیان دەکرد و بە دزیاری و کۆپیکار دەیانشوبهاندن، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو جۆرە نووسینانە جگە لە ڕقی شەخسی نووسەرەکەی هیچ شتێکی دیکەی لە پشتەوە نەبوو.

دووەم: ڕەخنەی ئەدەبی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا:
یەکێک لە کێشەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی سستی و لاوازیی ناوەندە ئەکادیمییەکانە، کە خاڵییە لە هەموو بیرکردنەوە و ڕوانینێکی ڕەخنەیی. ئەوەی ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی وڵاتانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە لە وڵاتانی دیکە فێرخواز دەکرێتە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی و چاوێکی ڕەخنەیی لەنێو هزری فێرخوازدا دروست دەکرێت، بەڵام لای ئێمە نەک بیرێکی ڕەخنەیی و چاوێکی ڕەخنەیی لەنێو هزری فێرخوازدا دروست ناکرێ، بەڵکو لەبری ئەوەی چاوێکی سەرسامی تێدا دەچێنرێت کە بە هەموو تێکست و دەقێکی بێ فیکر سەرسام بێت. لە ئاستی هەموو دەقێکی شیعر و ڕۆمانێکی بێرۆحدا بڵێت: "گەلێک قەشەنگە"، یان "بێتام جوانە". ئەم ڕوانینەی ناوەندە ئەکادیمییەکان لە هزری فێرخوازدا دروستی دەکەن، دەبێتە کارەساتێک هەم بۆ ئەدەبی کوردی و هەم بۆ ڕەخنەی کوردی.
جارێک دەبێتە کارەسات بۆ ئەدەبی کوردی کە هەموو تێکستێکی بێڕۆح وەکو تێکستێکی نوێگەرانە و جوایەز پیشان دەدرێت. جارێکیش دەبێتە کارەسات بۆ ڕەخنەی کوردی کە خودی ناوەندە ئەکادیمییەکان ڕێگرن لەوەی فێرخواز بۆچوونی ڕەخنەیی هەبێت و لە چوارچێوەی وانەکانیدا، یان لە توێژینەوەی دەرچوونی ساڵانەیدا یان لە باسی ماستەر و دوکتۆرادا دەریان ببڕێت. دەبێت فێرخواز لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا تا مردن سەرسامیی خۆی بە نالی و مەحوی و گۆران و شێرکۆبێکەس پیشان بدات و ڕۆژێک لە ڕۆژان جورئەتی ئەوەی نەبێت ڕەخنەیان لێ بگرێت و هەر بە مامۆستا و ئوستادی گەورە ناویان بهێنێت، لە کاتێکدا هیچکام لەم شاعیرانە چەندە گەورەش بن لە دەرەوەی ڕەخنەدا نین. بۆیە ناوەندە ئەکادیمییەکان هیچ بەشدارییەکی ئەوتۆیان نەبووە لە فراوانکردنی پانتایی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، ڕەنگە هەوڵی تاک و تەرا ببینرێت، بەڵام لە ئەمە لە ئاستی بەرپرسیارێتی و کاری ئەو ناوەندانەدا نییە.

سێیەم: چەند هەوڵێکی جیدی ڕەخنەیی:
لە پاڵ ئەو وێرانەیەی کە دۆخی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی پێدا تێپەڕیوە، هەوڵی جیدی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تاکوتەرا بوونیان هەبووە، کە ئەمانە وزە بوون بۆ ئەوەی چرای ڕەخنەی ئەدەبی بەردەوامیی هەبێت و تا نووسینی ئەم دێڕانەش بەردەوام بێت. ئەو هەوڵە جیدیانە بە بەراورد بە هەوڵەکانی پێش ڕاپەڕین هەوڵی کاریگەر و گرنگتر بوون، هەم لە ڕووی زمان و گوزارشتکردن لە بابەتە ڕەخنەییەکان و هەم لە ڕووی فیکرییەوە کە پاڵپشت بوون لە قوتابخانە ڕەخنەییەکان. دەتوانم بەڕاشکاوانە ئاماژە بە هەوڵی چەند هاوڕێیەکی گروپی ڕەهەند بکەم، ئەمە بێجگە لەوەی لەپاڵ ئەمەشدا بەشێک لە گۆڤار و رۆژنامەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، لە زیندووهێشتنەوە و ترووسکایی ڕەخنەیی ئەدەبی. بەڵام گەشەکردنی ڕەخنەی ئەدەبی پێویستی بە زەمینەی لەبارتر هەیە بۆ ئەوەی گەشەی زیاتر بکات، ئەویش بەوەی سەرجەم بڵاوکراوەکان پانتایی تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی زیاتر بکەن و گرنگی زیاتر بە بابەتی ڕەخنەیی بدەن.
دەشێت ئێستا زەمینە لەبار بێت بۆ بیرێکی ڕەخنەیی نوێگەر، کە سەرجەمی مێژووی ئەدەبی کوردی بە چاوێکی ڕەخنەیی بخوێنێتەوە و ئەو لایەنە نادیارانە کەشف بکات کە لە ڕابردوودا کەشف نەکراون و هەنگاو بنێن بەرەو جیهانێکی ڕەخنەیی.


بەرەو جیهانێکی ڕەخنەیی
بۆ ئەوەی بەرەو جیهانێکی ڕەخنەیی هەنگاو بنێین، پێویستە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی و چاوێکی دیکە بین بۆ بینینی شتەکان، بێگومان ئەمەش تەنها بە سەرنجدانی ورد و دەوڵەمەندکردنی پاشخانی مەعریفیمان بەدەست دێت. کەی بڕیارمان دا بەرەو ئەو جیهانە ڕەخنەییە بڕۆین، ئەوکات لەوێوە جیهانی ناوەوەی دەقەکان و ڕووداو و دیاردەکانمان بۆ کەشف دەبێت.
ساڵانێکی زۆرە لەنێو کایەی رۆشنبیریی کوردیدا باس لە بوون، یان نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێت و بەگشتی دوو جۆر بۆچوون لەم بارەیەوە گەڵاڵە بووە. یەکەمیان پێی وایە شتێک نییە ناوی ڕەخنەی ئەدەبی بێت و ئەوەی هەیە و ناوەناوە دەبینرێت تەنها ڕەتکردنەوە و شکاندنی کەسایەتی، نووسەرە و دوورە لە پێوەرە ڕەخنەییەکان. دووەمیش لای وایە کە ڕەخنەی ئەدەبیمان هەیە، بەڵام ئەم ڕەخنەیە وەکو پێویست نییە و بەو پێیەی ژمارەی ڕەخنەگران کەمن و تێکستی ڕەخنەیی کەمیش بەرهەم هاتوون، ئەمە بێجگە لەوەی زۆر جار ئەوەی بە ناوی ڕەخنەوە بڵاو کراوەتەوە تەنها خوێندنەوە، یان ڕانانی تێکستێک بووە و نەگەیشتۆتە نێو ماڵی ڕەخنە.
بەر لە هەر شت من لەگەڵ بۆچوونی یەکەمدا نیم و لام وایە ڕەخنەمان هەیە، بەڵام ئەوەی هەیە کۆی کایەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی کوردی تێر ناکات و ژمارەی ڕەخنەنووسان کەمن و تێکستی ڕەخنەیی بەرهەمهاتوو هێندە کەمە کە تینوێتیی خوێنەر ناشکێنن. ئەوەی کەمێک لە ڕاستییەوە نزیکە بۆچوونی دووەمە. بێگومان کارکردن لە پانتایی ڕەخنەدا و نووسین لەم پانتاییەدا کارێکی گرنگ و بەبایەخە و تا ڕادەیەکیش ئەستەمە، بەبایەخە، چونکە پێگەی ئەدەبی کوردی بەگشتی و تێکستگەلی سەردەمێک لە ڕێی ڕەخنەوە دیاری دەکرێت. ئەستەمیشە لەبەر ئەوەی ژمارەی ڕەخنەنووسان زۆر کەمن و ئەو تێکست و کتێبانەشی بەرهەم دێت هێندە کەمن، کە ناتوانن جێگە و پێگەی خۆیان دیاری بکەن و بەر بەو لێشاوە تێکستە خراپە بگرن، کە ڕۆژانە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە و بەشی هەرە زۆریی ئەو تێکستە شیعر و چیرۆک و رۆمانانە، نەک ئایدیایەکی نوێ و ڕوانینێکی نوێیان تێدا نییە بۆ ژیان، بەڵکو جگە لە کۆمەڵێک وشەی ڕیزکراو و هەڵڕشتنی دەردەدڵ هیچی دیکە نین.
ئەگەر بەوردی سەرنج لە دۆخی ڕەخنەی کوردی بدەین بەشێکی زۆری ئەوەی کە ڕەخنەی کوردی گەشەی نەکردووە پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە، کە هەردووکیان تێکەڵی یەکترین و تا ڕادەیەک یەکتری تەواو دەکەن. خاڵی یەکەم پەیوەندیی بە خودی ڕەخنەگرانەوە هەیە، کە جورئەتی ئەوەیان نەبووە و نییە لەسەر زۆر تێکست قسە بکەن و ئەمەش بەهۆی ئەوەی خاوەنی تێکستەکە لێیان زویر نەبێت، یان لەبەر برادەرایەتی هیچ قسەیەکیان لەسەر تێکستەکە نەکردووە، لە کاتێکدا تەواو ئاشنا بوون بە دیاریکرنی کەلێنەکانی تێکستەکە و بە شێوەی زارەکییش سەرنجەکانیان دەربڕیوە، بەڵام نەبوونی جورئەت لای نووسەرەوە کارێکی کردووە، کە ئەو سەرنجانە نەبوونەتە تێکستی ڕەخنەیی. خاڵی دووەم بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە پانتایی ڕەخنەدا کار دەکەن، یان کاریان کردووە کەرەستەی ڕەخنەکردنی ئەو دەقانەیان پێ نییە و پاشخانی مەعریفییان بەشی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکردنی تێکستێک ناکات، یان لە لایەنێکی دیکەوە ئاگاداری میتۆد و قوتابخانە ڕەخنەیی و ئەدەبییەکان نین تا بتوانن بەشێوەیەکی دروست ڕەخنەی تێکستێک بکەن و خاڵە لاوازەکانی دیاری بکەن.
ئەم دوو خاڵە پێکەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر چەقبەستنی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی هەیە، بە جۆرێک چەقبەستنە کاری کردۆتە سەر ئەوەی لێشاوی بەرهەمهاتووی تێکستی ئەدەبیی خراپ و لاواز، ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر و زیاتر بێت، کە ئەمە لێکەوتی لە ئایندەدا خراپتری دەبێت. بەو پێیەی تا ڕەخنە لەنێو کولتوورێکدا گەشە نەکات ئەدەبی نێو ئەو کولتوورە پێش ناکەوێت. ئەوە ئامادەیی ڕەخنە بوو کە ئاستی ئەدەبی ئەوروپی و ئەدەبی عەرەبی قۆناغێک بردە پێشەوە. بەڵام غیابی ڕەخنە لەنێو کایەی ئەدەبی کوردیدا نەک بەرەو چەقبەستنی زیاترمان دەبات، بەڵکو ساڵ دوای ساڵ ئاستی تێکستەکان دەهێنێتە خوارەوە، چونکە چاوێک نییە پێگەی تێکستەکان دیاری بکات. یان وشیارییەکی گشتی لەسەر دەق بڵاو بکاتەوە.
ماویەتی

ئارام كۆشكی - سلێمانی
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە