لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا و لە چوارچێوەی نوێکارییەکانی مانگی ١١ی ٢٠٢٥، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەبێ دەنگ کۆتایی بە یەکێک لە بەناوبانگترین و باوترین ڕێگاکانی “کراک”کردنی ویندۆز ١٠ و ١١ هێنا کە ناسراوە بە (KMS38). ئەم ڕێگایە کە بەشێک بوو لە پڕۆژەی بەناوبانگی (Microsoft Activation Scripts – MAS)، ساڵانێکی زۆر بوو وەک پەناگەیەک بۆ بەکارهێنەران هەژمار دەکرا، چونکە دەیتوانی بەبێ پێویستبوون بە ئینتەرنێت و بەشێوەی دەرهێڵ “ئۆفلاین” سیستەمەکە چالاک بکات. داخستنی ئەم کەلێنە کاریگەری لەسەر ملیۆنان ئامێر دەبێت کە پشت بەم جۆرە چالاککردنە نایاساییە دەبەستن.
شێوازی کارکردنی (KMS38) بەو جۆرە بوو کە فایلی سیستەمی (GatherOSstate.exe)ی هەڵدەخەڵەتاند بۆ ئەوەی ماوەی چالاکبوونی ویندۆزەکە درێژ بکاتەوە تا ١٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٣٨، لەکاتێکدا بەشێوەی ئاسایی سێرڤەرەکانی KMS تەنها ١٨٠ ڕۆژ مۆڵەت دەدەن. بەڵام مایکرۆسۆفت لەم دواییانەدا و لە ڕێگەی نوێکارییە ئەمنییەکانەوە (وەک KB5068861)، دەسەڵات و کاراییەکانی ئەم فایلەی سنووردار کرد و دواتر بەتەواوی لەکاریخست. ئێستا ئەگەر کەسێک هەوڵی بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە بدات، پرۆسەکە شکست دەهێنێت و ماوەی چالاکبوونی ویندۆزەکە دەبێتەوە بە سفر.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گۆڕانکارییە، گەشەپێدەرانی ئامرازی (MASSGRAVE) بە فەرمی پشتڕاستیان کردەوە کە ڕێگای KMS38 “کۆتایی هاتووە” و لە وەشانی نوێی سکریپتەکەیاندا (وەشانی 3.8) ئەم بژاردەیەیان لابردووە. تیمەکە ئامۆژگاری بەکارهێنەران دەکەن کە لەبری ئەوە پەنا بۆ ڕێگا جێگرەوەکان ببەن، بەتایبەتی ڕێگای (HWID) کە مۆڵەتی دیجیتاڵی هەمیشەیی دەبەخشێت، یان ڕێگای (TSforge)، چونکە ئەم دوو ڕێگایە تا ئێستا لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە بلۆک نەکراون و وەک جاران کار دەکەن.
from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/SZhmFPU
via IFTTT


0 تێبینیەکان