تەکنەلۆژیای PPS و AVS لە Power Delivery: شۆڕشێک لە جیهانی بارگاویکردنەوە و گواستنەوەی هێز

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، شێوازی بەکارهێنانمان بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆ هەموومان چەندین ئامێری ئەلیکترۆنیمان هەیە کە پێویستیان بە بارگاویکردنەوەیە، لە تەلەفۆنە زیرەکەکانەوە تا لاپتۆپ و تابلێت و ئامێرە هەڵگرەکان Wearables، بەڵام گرفتێکی گەورە بوونی هەبوو: هەر ئامێرێک پێویستی بە بارگاویکەرەوەی جیاوازی هەبوو، و ئەم بارگاویکەراوانە توانای جیاوازیان هەبوو. ئەم کێشەیە بووە هۆی دروستبوونی تەکنەلۆژیایەکی نوێ بە ناوی USB Power Delivery کە مەبەستی لێی ئەوە بوو یەکسانی بهێنێتە ناو جیهانی بارگاویکردنەوە و گواستنەوەی هێز.

تەکنەلۆژیای USB Power Delivery، یان بە کورتی PD، یەکێکە لە گرنگترین پێشکەوتنەکان لە بواری تەکنەلۆژیای گواستنەوەی وزە. ئەم تەکنەلۆژیایە نەک هەر ڕێگای خستووەتە بەردەم بارگاویکردنەوەی خێراتر و کاراتر، بەڵکو دەرگای داهێنانی نوێی کردۆتەوە بۆ دروستکردنی ئامێرە سووکتر و جوانتر. لەناو ئەم تەکنەلۆژیایەدا، دوو پرۆتۆکۆڵی تایبەت هەن کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە PPS (Programmable Power Supply) وAVS (Adjustable Voltage Supply) ئەم دوو پرۆتۆکۆڵە نوێنەری قۆناغێکی نوێن لە جیهانی گواستنەوەی هێز و مەبەستی ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی ئەم تەکنەلۆژیایانەیە بە وردی.

مێژووی تەکنەلۆژیای  USB Power Delivery

بۆ ئەوەی تێبگەین لە گرنگی PPS و AVS، پێویستە سەیری مێژووی تەکنەلۆژیای USB Power Delivery بکەین. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، کاتێک تەکنەلۆژیای USB یەکەم جار بەردەستکرا، توانای گواستنەوەی هێزی زۆر سنووردار بوو. USB 1.0 و 2.0 تەنها دەیانتوانی ٢.٥ واتی هێز بگوازنەوە، کە بە ئاسانی بۆ بارگاوی کردنی تەلەفۆنێکی ئاسایی بەس بوو، بەڵام بۆ ئامێرە گەورەترەکان کێشە بوو. ئەم سنوورداریە بە هۆی سنووری ڤۆڵتاج (٥ ڤۆڵت) و وزەی (٠.٥ ئەمپێر) بوو.

لەگەڵ دەرچوونی  USB 3.0، توانای گواستنەوەی هێز بەرزبووەوە بۆ ٤.٥ وات، کە پێشکەوتنێک بوو، بەڵام هێشتا بەسی نەدەکرد بۆ ئامێرە مۆدێرنەکان کە پێویستیان بە هێزی زیاتر هەبوو. لە هەمان سەردەمدا، کۆمپانیا جیاوازەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی چارەسەری تایبەتی خۆیان، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر ستاندەردی جیاواز و پێکەوە نەگونجاو.

لە ساڵی ٢٠١٢دا،USB Implementers Forum  کە ڕێکخراوێکی پیشەییە و بەرپرسیارە لە پەرەپێدانی ستاندەردەکانی USB، دەستی کرد بە کارکردن  لەسەر پرۆژەیەکی تازە بە ناویUSB Power Delivery. ئامانجی ئەم پرۆژەیە دروستکردنی ستاندەردێکی یەکگرتوو بوو کە بتوانێت توانایەکی بەرزی هێز بگوازێتەوە بە شێوەیەکی پارێزراو و کارا. یەکەم وەشانی  USB Power Delivery، کە بە PD 1.0 ناسرا، توانای گواستنەوەی هێزی تا ١٠٠ واتی هەبوو، کە پێشکەوتنێکی گەورە بوو لەچاو ٧.٥ واتی USB Battery Charging کە پێشتر بەردەست بوو.

بەڵام PD 1.0 ئاڵۆزی خۆی هەبوو و جێبەجێکردنی سەخت بوو، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤دا وەشانی دووەم دەرچوو بە ناوی PD 2.0  کە ئەم وەشانە پرۆتۆکۆلەکەی سادەتر کردەوە و یەکگرتنەوەی باشتری لەگەڵ USB Type-C هەبوو، کە لە هەمان ساڵدا دەرکرا.  USB Type-Cبەستەرێکی نوێ بوو کە دوولایەنە بوو (دەتوانی لە هەردوو لادا بخرێتە ناو دەرچەکەوە) و توانای پشتگیری کردنی توانایەکی زۆر بەرزی هێزی هەبوو.

پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕوویدا، کاتێک USB PD 3.0 دەرچوو. ئەم وەشانە تایبەتمەندییەکی نوێی تێدا بوو بە ناوی PPS یانProgrammable Power Supplyکە ئەم تایبەتمەندییە نوێیە ڕێگای دا بە ئامێرەکان کە بە وردی دیاری بکەن کە چەند ڤۆڵتاج و وزەی کارەبایان پێویستە، لە جیاتی ئەوەی ناچار بن بە ستاندەردە دیاریکراوەکانی پێشوو. ئەمە بووە هۆی باشبوونی کارایی و خێرابوونی کاتی بارگاوی کردن بە شێوەیەکی بەرچاو.

دواترین وەشان، USB PD 3.2، لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەرچوو و گۆڕانکارییەکی گەورەی هێنا: زیادکردنی توانای گەیاندنی هێز بۆ ٢٤٠ وات لە ڕێگەیEPR یان Extended Power Range لەگەڵ ئەم وەشانەدا، پرۆتۆکۆڵێکی نوێی دیکە زیادکرا بە ناوی AVS یان Adjustable Voltage Supply، کە مەبەست لێی پشتگیری کردنی ئامێرە گەورەترەکان وەک لاپتۆپە بەهێزەکان و مۆنیتەرە گەورەکان بوو.

تێگەیشتن لە PPS: پرۆتۆکۆلێک بۆ بارگاویکردنەوەی زیرەک

پرۆتۆکۆڵی PPS یەکێکە لە گرنگترین داهێنانەکان لە بواری بارگاوی کردنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. بۆ ئەوەی تێبگەین لە گرنگی ئەم پرۆتۆکۆلە، پێویستە سەیری ئەوە بکەین کە چۆن بارگاویکەرەوە ئاساییەکان کار دەکەن. لە شێوازی ئاسایی، کاتێک ئامێرێک بە بارگاویکەرەوەیەک دەبەستیتەوە، بارگاویکەرەوەکە ڤۆڵتاجێکی جێگیر دەنێرێت، بۆ نموونە ٥ ڤۆڵت یان ٩ ڤۆڵت یان ٢٠ ڤۆڵت. ئامێرەکە ئەم ڤۆڵتاجە وەردەگرێت و لەناوخۆیدا دەیگۆڕێت بۆ ڤۆڵتاجێک کە گونجاوە بۆ پاتریەکەی، کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٣.٧ تا ٤.٣ ڤۆڵتە.

ئەم پرۆسەیەی گۆڕینی ڤۆڵتاجە لەناوخۆی ئامێرەکەدا کێشەیەکی گەورەی هەیە کە وزە بەفیڕۆ دەدات. کاتێک ڤۆڵتاجێک لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی نزمتر دادەبەزێت، جیاوازییەکە دەبێتە گەرمی. بۆ نموونە، ئەگەر بارگاویکەرەوەیەک ٩ ڤۆڵت بنێرێت و پاتریەکە پێویستی بە ٤ ڤۆڵت بێت، ٥ ڤۆڵتەکەی دیکە دەبێتە گەرمی. ئەم گەرمییە نەک هەر وزە بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خێرایی بارگاوی کردن، چونکە ئامێرەکە دەبێت خێراییەکەی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆر گەرم نەبێت.

لێرەیە کە PPS دێتە مەیدانەوە. لە جیاتی ناردنی ڤۆڵتاجێکی جێگیر،PPS  ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات کە بە وردی داوای ڤۆڵتاجێک بکات کە نزیکترینە بەو ڤۆڵتاژەی کە بە ڕاستی پێویستیەتی. بۆ نموونە، ئەگەر پاتریەکە لە ئێستادا ٤.١ ڤۆڵتی پێویست بێت، ئامێرەکە دەتوانێت داوای ٤.٥ ڤۆڵت بکات لە جیاتی ٩ ڤۆڵت. ئەمە واتە جیاوازییەکە لە ٤.٩ ڤۆڵتەوە دەبێتە تەنها ٠.٤ ڤۆڵت، کە گەرمی زۆر کەمتر و کارایی زۆر باشترە.

لە ڕووی تەکنیکییەوە، PPS  ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات کە ڤۆڵتاج داوا بکات لە نێوان ٣.٣ ڤۆڵت تا ٢١ ڤۆڵت، بە هەنگاوی زۆر وردی ٢٠ میلی ڤۆڵت. ئەمە واتە ئامێرەکە دەتوانێت داوای ٥.٠٠ ڤۆڵت بکات، یان ٥.٠٢ ڤۆڵت، یان ٥.٠٤ ڤۆڵت، و هتد. هەروەها دەتوانێت وزەی کارەبا داوا بکات بە هەنگاوی ٥٠ میلی ئەمپێر. ئەم کۆنترۆڵە وردە ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات کە بە تەواوی کۆنترۆڵی پرۆسەی بارگاوی کردن بکات.

جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەم کۆنترۆڵە بەردەوامە. هەر ١٠ چرکە جارێک، ئامێرەکە دەتوانێت پێداویستییەکانی بگۆڕێت و ڤۆڵتاج و وزەی کارەبای نوێ داوا بکات. بۆ نموونە، لە سەرەتای بارگاوی کردندا کاتێک پاتری بەتاڵە، ئامێرەکە دەتوانێت ڤۆڵتاج و وزەی بەرز داوا بکات بۆ بارگاوێکردنەوەیەکی خێرا، بەڵام کاتێک پاتری نزیک دەبێتەوە لە پڕبوون، ئامێرەکە کەم دەکاتەوە لە هێزەکە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی و سەلامەتی بارگاویکردنەوەکەی تەواو بکات و زیان بە پاتری نەگات.

سوودەکانی PPS زۆرن و بەرچاون. یەکەم، کارایی باشترە. بە هۆی ئەوەی گەرمی کەمتر دروست دەبێت، زۆرترین بەشی ئەو وزەیە کە لە دیوارەوە وەردەگیرێت بە ڕاستی دەگاتە ناو پاتریەکە، لە جیاتی ئەوەی بەفیڕۆ بچێت. دووەم، بارگاوی کردن خێراترە. بە هۆی کەمبوونەوەی گەرمی، ئامێرەکە دەتوانێت بە خێرایی زیاتر بارگاوی بێت بەبێ ئەوەی نیگەران بیت لەسەر زیان گەیاندن بە پێکهاتەکانی ناوخۆی پاتریەکە. سێیەم، تەمەنی پاتری درێژتر دەبێت. بارگاویکردنەوەیەکی زۆر گەرم یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی پاتری، بۆیە کەمکردنەوەی گەرمی واتە پاتریەکە زیاتر دەپارێزرێت.

سوودێکی دیکەی گرنگی PPS ئەوەیە کە ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدات تەکنەلۆژیاکانی بارگاویکردنەوەی خێرای تایبەتی خۆیان جێبەجێ بکەن بە بەکارهێنانی ستاندەردێکی یەکگرتوو. پێش دەرچوونی  PPS، هەر کۆمپانیایەک پرۆتۆکۆڵێکی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ بارگاویکردنەوەی خێرا، کە واتا دەبوو هەر ئامێرێک پێویستی بە بارگاویکەرەوەیەکی تایبەتی خۆی هەبێت. بەڵام ئێستا کۆمپانیاکانی وەک  Samsung، OPPO، Xiaomi و کۆمپانیاکانی دیکە دەتوانن تەکنەلۆژیاکانی بارگاویکردنەوەی خێرای خۆیان (وەک Super Fast Charging، SuperVOOC، و هتد) جێبەجێ بکەن لەسەر بنەمای PPS، کە واتا بەکارهێنەران دەتوانن بارگاویکەرەوەیەکی ستاندەرد بەکاربهێنن لە جیاتی ئەوەی ناچار بن بە بارگاویکەرەوەی تایبەت.

بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی  PPS، با نموونەیەک بهێنینەوە. وا دایبنێ کە تەلەفۆنێکت هەیە بە پاتریەکی ٥٠٠٠ میلی ئەمپێر\ کاتژمێر و ئێستا بەتاڵە. کاتێک بە بارگاویکەرەوەیەکی پاڵپشت بە PPS دەیبەستیتەوە، ئەمە ڕوودەدات: لە دەستپێکدا، کاتێک پاتری بە تەواوی بەتاڵە، ڤۆڵتاجی پاتری لە خوارترین ئاستدایە، بەڵکو لە دەوروبەری ٣.٥ ڤۆڵت. تەلەفۆنەکە داوای ٩ ڤۆڵت و ٣ ئەمپێر دەکات، کە واتا ٢٧ وات. بارگاویکەرەوەکە بەم داواکارییە ڕازی دەبێت و دەست دەکات بە ناردنی ئەم هێزە.

دوای ٢٠ خولەک، پاتری نزیک دەبێتەوە لە ٥٠٪. ئێستا ڤۆڵتاجی پاتری بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی ٣.٨٥ ڤۆڵت. تەلەفۆنەکە پێداویستییەکەی دەگۆڕێت و داوای ٨.٥ ڤۆڵت و ٢.٥ ئەمپێر دەکات، کە هێزەکە دەکاتە نزیکەی ٢١ وات. دوای ٤٠ خولەک، پاتری گەیشتووەتە ٨٠٪ و ڤۆڵتاجەکەی نزیکەی ٤.١ ڤۆڵتە. ئێستا تەلەفۆنەکە داوای ٦ ڤۆڵت و ١.٥ ئەمپێر دەکات، واتا ٩ وات. دواتر، کاتێک پاتری نزیک دەبێتەوە لە ١٠٠٪، تەلەفۆنەکە هێزەکە کەمتر و کەمتر دەکاتەوە تا ئەوەی تەواو دەبێت.

بەم شێوەیە، PPS  ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات کە بە تەواوی کۆنترۆڵی پرۆسەی بارگاوی کردن بکات بەپێی پێویستی پاتریەکە لە هەر ساتێکدا. ئەمە نەک هەر بارگاویکردنەوە کردن خێراتر دەکات، بەڵکو پارێزراوتر و کاراتریشە.

پرۆتۆکۆلێک بۆ ئامێرە بەهێزەکان AVS

لە کاتێکدا PPS زۆر باش کاری دەکات بۆ ئامێرە بچووک و مامناوەندەکان وەک تەلەفۆن و تابلێت، پێویستی بە چارەسەرێکی جیاواز هەبوو بۆ ئامێرە گەورەتر و بەهێزترەکان. ئامێرەکانی وەک لاپتۆپە بەهێزەکانی Gaming، Workstation، و مۆنیتەرە گەورەکان پێویستیان بە زیاتر لە ١٠٠ واتی هێز هەیە. بۆ ئەم مەبەستە، لە USB PD 3.2 دا پرۆتۆکۆلێکی نوێ زیادکرا بە ناوی AVS یان Adjustable Voltage Supply

AVS لە بنەڕەتدا بەرەوپێشچوونی PPS ـە، بەڵام بۆ مەودایەکی جیاوازی ڤۆڵتاج و توانای هێزی زیاتر پەرەیپێدراو. لە کاتێکدا PPS لە مەودای ٣.٣ تا ٢١ ڤۆڵت کار دەکات، AVS  لە مەودای ١٥ تا ٤٨ ڤۆڵت کار دەکات. ئەم مەودا بەرزترەی ڤۆڵتاج ڕێگە دەدات بە گواستنەوەی هێزێکی زۆر زیاتر بەبێ ئەوەی کارەنت زۆر بەرز بکرێتەوە، کە ئەمەش گرنگە بۆ سەلامەتی و کارایی.

فیزیای پشت ئەمە ساکارە. توانای هێز بە شێوەی ڤۆڵت × ئەمپێر هەژمار دەکرێت. بۆ گەیشتن بە هێزێکی بەرز، یان دەبێت ڤۆڵتاج بەرز بکرێتەوە یان وزەی کارەبا Current. بەڵام بەرزکردنەوەی وزە کێشە دروست دەکات: پێویستی بە وایەری ئەستوورتر هەیە، گەرمی زیاتر دروست دەبێت، و بەفیڕۆچوونی وزە زیاتر دەبێت. بۆیە بۆ هێزی بەرز، باشترە ڤۆڵتاج بەرزبکرێتەوە و وزە نزم بهێڵدرێتەوە کە AVS لە ڤۆڵتاجێکی بەرزتردا کار دەکات.

AVS  بەشێکە لەوەی بە EPR یان Extended Power Range ناسراوە، کە سێ ئاستی جیاوازی هەیە. ئاستی یەکەم، EPR 1، ڕێگە بە گواستنەوەی هێز تا ١٤٠ وات دەدات لە مەودای ڤۆڵتاجی ١٥ تا ٢٨ ڤۆڵت. ئاستی دووەم، EPR 2، بۆ ١٨٠ واتە لە مەودای ١٥ تا ٣٦ ڤۆڵت. ئاستی سێیەم، EPR 3، زۆرترین ئاستە و ڕێگە بە گواستنەوەی ٢٤٠ وات دەدات لە مەودای ١٥ تا ٤٨ ڤۆڵت. هەر سێ ئاستەکە زۆرترین وزەی ٥ ئەمپێریان هەیە، کە ئامانجی ئەوەیە کە کێبڵەکان سووک و چالاک بمێننەوە.

هەر وەک  PPS، AVS  ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات کە بە وردی ڤۆڵتاج داوا بکات، بەڵام بە هەنگاوێکی بەشێک گەورەتر کە ١٠٠ میلی ڤۆڵتە. ئەمە هێشتا کۆنترۆڵێکی زۆر وردە، بەڵام ئەو وردییە زۆرەی PPS لە ڤۆڵتاجی بەرزتردا هێندە پێویست نییە. وزە هەر بە هەنگاوی ٥٠ میلی ئەمپێر کۆنترۆڵ دەکرێت، هەر وەک PPS.

ئەو ئامێرانەی سوود لە AVS وەردەگرن جۆراوجۆرن. لاپتۆپە بەهێزەکان، تایبەت ئەوانەی بۆ Gaming یان کاری پیشەیی دروستکراون، زۆرجار پێویستیان بە زیاتر لە ١٠٠ وات هەیە. ئەم لاپتۆپانە CPU و GPU بەهێزیان تێدایە کە وزەی زۆریان پێویستە. بە بەکارهێنانی  AVS، ئەم لاپتۆپانە دەتوانن لە ڕێگەی یەک پۆرتی USB-C هەم بارگە وەربگرن و هەم هەموو پێداویستییەکانی کاریان بۆ دابین بکرێت.

مۆنیتەرە گەورەکان ئامێرێکی دیکەی سوودمەندن لە  AVS. مۆنیتەرێکی ٣٢ ئینج بە وردی  4K و پشتگیری HDR دەتوانێت زیاتر لە ١٠٠ وات وزە بەکاربهێنێت تەنها بۆ خۆی. بە زیادکردنی Hub-ێکی USB لەناو مۆنیتەرەکە بۆ بەستنەوەی ئامێرە دیکە، پێویستی بە هێزی زیاتر دەبێت کە. AVS ڕێگە بە ئەم مۆنیتەرانە دەدات هەموو هێزی پێویستیان لە ڕێگەی یەک کێبڵی USB-C وەربگرن، لە کاتێکدا لە هەمان کاتدا دەتوانن لاپتۆپێکیش بارگاوی بکەن کە پێیان بەستراوەتەوە.

هەروەها Docking Stationـەکان و Hubـە گەورەکان سوودمەند دەبن لە AVS. ئەم ئامێرانە وەک ناوەندێک کار دەکەن کە چەندین ئامێر پێوە دەبەسترێنەوە: مۆنیتەر، تەختەکلیل، ماوس، هارد دیسکی دەرەکی، و هتد. هەموو ئەم ئامێرانە پێویستیان بە هێزە، بۆیە Docking Station خۆی پێویستی بە هێزێکی بەرز هەیە تاکو بتوانێت هەموو ئامێرەکان بخات و لە هەمان کاتدا لاپتۆپیش بارگاوی بکات.AVS  ڕێگە بە Docking Stationـەکان دەدات کە هەموو ئەم کارانە بکەن لە ڕێگەی یەک کەیبڵەوە.

هەروەها ئامێرە پیشەییەکان وەک کامێرا و ئامێری دەنگ و ڤیدیۆ دەتوانن سوود لە AVS وەربگرن. کامێرایەکی پڕۆفیشناڵ کە کار لەسەر ڤیدیۆی 4K یان8K دەکات، پێویستی بە هێزێکی بەرز هەیە بۆ هەستەوەرەکەی، پرۆسێسەر، و ڕوونماکەی. بە هەمان شێوە، میکسەرێکی دەنگ یان ئینتەرفەیسێکی ئۆدیۆ دەتوانێت پێویستی بە هێزێکی بەرز هەبێت تایبەت ئەگەر چەندین Channelی تێدا بێت.

بەراورد PPS  و  AVS

ئێستا کە بە جیا لە هەردوو پرۆتۆکۆڵەکە تێگەیشتین، گرنگە سەیری جیاوازییەکانیان بکەین.

یەکەم جیاوازی سەرەکی مەودای ڤۆڵتاجە. PPS لە مەودای نزمتردا کار دەکات کە گونجاوە بۆ پاتری مۆبایلەکان و تابلێتەکان، لە کاتێکدا AVS لە مەودایەکی بەرزتردا کار دەکات کە گونجاوە بۆ ئامێرە گەورەترەکان.

دووەم، هەنگاوی کۆنترۆڵی ڤۆڵتاجە. PPS وردترە بە ٢٠ میلی ڤۆڵت، لە کاتێکدا AVS ١٠٠ میلی ڤۆڵتە. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە لە ڤۆڵتاجی بەرزتردا، ئەو وردییە زیادە هێندە گرنگ نییە.

سێیەم، توانای هێز PPS تا ١٠٠ وات و AVS لە ١٠٠ تا ٢٤٠ وات. ئەمە واتە هەردوو پرۆتۆکۆل یەکتری تەواو دەکەن و لەیەکەوە هەموو مەودایەکی پێویستیان دادەپۆشن لە ئامێرە بچووکەکانەوە تا ئامێرە زۆر گەورەکان.

چوارەم، کاتی دەرچوون PPS  لە ٢٠١٧دا لەگەڵ USB PD 3.0 دەرچوو، لە کاتێکدا AVS لە ٢٠٢٣دا لەگەڵ USB PD 3.2 هات. ئەمە واتە PPS ئێستا زیاتر بڵاوبووەتەوە و زۆرتر ئامێر و بارگاویکەرەوە پشتگیریان لێ دەکەن.

پێنجەم، مەبەستی بەکارهێنان PPS بە تایبەتی پەرەی پێدراوە بۆ مۆبایلەکان کە پێویستیان بە کۆنترۆڵێکی زۆر وردە بۆ پاراستنی باتریەکانی لیسیۆم.AVS بۆ ئامێرە گەورەترەکانە کە پێویستیان بە هێزی بەرزترە بەڵام هێندەی PPS پێویستیان بە وردی نییە.

شەشەم، پێداویستییەکانی کەیبڵ: هەردوکیان کێبڵی USB-C پێویستە، بەڵام AVS پێویستی بە کێبڵێکی تایبەتە کە توانای هەڵگرتنی ٥ ئەمپێری هەبێت و مۆڵەتی EPR وەرگرتبێت. کێبڵە ئاساییەکان کە تەنها بۆ ٦٠ یان ١٠٠ وات دروستکراون ناتوانن لەگەڵ AVS بەکاربهێنرێن.

بەڵام لە هەمان کاتدا، زۆر شتی هاوبەش هەیە لە نێوان هەردوو پرۆتۆکۆلەکە. هەردووکیان هەمان فەلسەفەی کارکردن بەکاردێنن: ڕێگەدان بە ئامێرەکە کە بە وردی دیاری بکات چی پێویستە، لە جیاتی ئەوەی ناچار بکرێت بە ڕێکخستنە جێگیرەکان. هەردووکیان نوێکردنەوەی بەردەوام پێشکەش دەکەن، واتا ئامێرەکە دەتوانێت پێداویستییەکانی بگۆڕێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ. هەردووکیان هەمان سیستەمەکانی سەلامەتی بەکار دێنن بۆ دڵنیابوون لە پارێزراوی و سەلامەتی.

پێداویستییە تەکنیکییەکان و کێشەکانی جێبەجێکردن

بۆ سوودوەرگرتن لە PPS یان  AVS، چەند پێداویستییەکی تەکنیکی هەیە کە دەبێت بەجێ بهێنرێن. یەکەمیان کەیبڵە. ناکرێت هەر کێبڵێکی USB-C بەکاربهێنرێت. کەیبڵەکە دەبێت پشتگیری بکات بۆ USB Power Delivery و دەبێت توانای هەڵگرتنی ئەو وزەیەی هەبێت کە پێویستە. بۆ  PPS، بەشێوەیەکی ئاسایی کەیبڵێک کە توانای ٣ یان ٥ ئەمپێری هەیە بەسە، بەپێی ئەوەی چەند هێزێک پێویستە. بۆ AVS، پێویستە کەیبڵەکە توانای ٥ ئەمپێری هەبێت و مۆڵەتی EPR وەرگرتبێت، واتا بە ڕاستی تاقیکراوەتەوە و دڵنیایی لێکراوە کە دەتوانێت ئەو توانا بەرزەی هێز بە سەلامەتی بگوازێتەوە.

کێشەیەک کە هەیە ئەوەیە کە زۆر کێبڵی USB-C لە بازاڕدا هەن کە جۆریان جیاوازە و توانای جیاوازیان هەیە، بەڵام لە دەرەوە هەموویان وەک یەک دیارن. ئەمە دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی بۆ بەکارهێنەران. کەیبڵێک کە بۆ ٦٠ وات دروستکراوە دەتوانێت لە دەرەوە وەک هەمان ئەوی دیکە دیاربێت کە بۆ ١٠٠ واتە، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدەیت زیاتر لە ٦٠ وات پێیدا بگوازیتەوە، یان کار ناکات یان مەترسی هەیە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، ستانداردێکی نوێ دەرکراوە بە ناوی USB-C Cable Certification  کە پێویست دەکات کێبڵەکان نیشانەیان لەسەر بێت کە توانای چەندیان هەیە.

پێداویستی دووەم بارگاویکەرەوەکەیە. بارگاویکەرەوەکە Charger دەبێت پشتگیری بکات بۆ ئەو وەشانەی USB PD کە پێویستە، بۆ نمونە بۆ PPS، پێویستە بارگاویکەرەوەکە پشتگیری USB PD 3.0 یان نوێتر بکات. بۆ AVS، پێویستە پشتگیری USB PD 3.2 بکات بە تایبەتی .EPR هەروەها بارگاویکەرەوەکە دەبێت توانای دابینکردنی ئەو هێزەی هەبێت کە ئامێرەکە پێویستی پێیە. بارگاویکەرەوەیەکی ٤٥ وات ناتوانێت ئامێرێک بارگاوی بکات کە پێویستی بە ٦٥ واتە، تەنانەت ئەگەر پشتگیری بۆ پرۆتۆکۆلەکە بکات.

جێگای سەرنجە کە زۆر بارگاویکەرەوەی مۆدێرن توانای پشتگیری کردنی چەندین پرۆتۆکۆلیان هەیە. بارگاویکەرەوەیەکی باش دەتوانێت پشتگیری بکات بۆ  PPS، AVS، و لە هەمان کاتدا بۆ پرۆتۆکۆڵە کۆنەکانیش. ئەمە واتە هەمان بارگاویکەرەوە دەتوانێت بەکاربهێنرێت لەگەڵ ئامێرە جۆراوجۆرەکان، نوێ و کۆن، و هەر یەکێکیان بە باشترین شێوە بارگاوی دەکات.

پێداویستی سێیەم خودی ئامێرەکەیە. ئامێرەکە دەبێت  ICـێکی (Integrated Circuit) بەڕێوەبەری هێزی تێدا بێت کە توانای پەیوەندیگرتنی لەگەڵ بارگاویکەرەوەکە و کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی بارگاوی کردنی هەبێت. ئەم ICـیە بەرپرسیارە لە ناردنی داواکارییەکان بۆ ڤۆڵتاج و وزەی کارەبا، وەرگرتنی وەڵامەکان، و دڵنیابوون لە ئەوەی هەموو شتێک بە دروستی کار دەکات. بێ ئەم IC پێشکەوتووە، ئامێرەکە ناتوانێت سوود لە PPS یان AVS وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر بە بارگاویکەرەوەی پشتگیریکەریش پەیوەست بێت.

هەروەها ئامێرەکە پێویستی بە سۆفتوێری دروستە کە بتوانێت بە شێوەیەکی زیرەک بڕیار بدات کە کەی چەند ڤۆڵتاج و وزە داوا بکات. ئەم سۆفتوێرە دەبێت بارودۆخی پاتری بپێوێت، پلەی گەرمی چاودێری بکات، و بەپێی ئەوە بڕیار بدات کە باشترین ستراتیژی بارگاوی کردن چییە. بۆ نموونە، ئەگەر پاتری سارد بێت، دەکرێت بارگاوی کردنی خێرا زیانی بۆ هەبێت، بۆیە سۆفتوێرەکە دەبێت خێراییەکە کەم بکاتەوە تا پاتری کەمێک گەرم ببێتەوە.

کێشەیەکی دیکە کە لە جێبەجێکردنی ئەم تەکنەلۆژیایانەدا هەیە، گەرمییە. کاتێک توانایەکی بەرزی هێز دەگوازرێتەوە، گەرمی دروست دەبێت. ئەم گەرمییە دەبێت بە شێوەیەکی کارا لابرێت، بەتایبەتی لە ئامێرە بچووکەکان کە بۆشایی لەنێوان پارچەکانی ناوی زۆر زۆر کەمە. بەشێک لە دیزاینەرەکان چارەسەری زیرەکیان دۆزیوەتەوە، وەک بەکارهێنانی گرافین بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گەرمی، یان دابەشکردنی سیستەمی بارگاوی کردن بەسەر چەند  ICێکدا بۆ بڵاوکردنەوەی گەرمییەکە.

کاریگەری لەسەر بەکارهێنەر و ژینگە

کاریگەری PPS و AVS لەسەر بەکارهێنەران بەرچاوە و لە چەند ڕووەوە دەبینرێت. یەکەم، ئاسانکاری. پێش دەرچوونی ئەم تەکنەلۆژیایانە، بەکارهێنەرێک کە چەند ئامێری جۆراوجۆری هەبوو پێویستی بوو چەندین بارگاویکەرەوەی جیاوازی هەبێت: یەکێک بۆ تەلەفۆن، یەکێک بۆ تابلێت، یەکێک بۆ لاپتۆپ، و هتد. هەر یەکێکیان پۆرت و هێزی جیاوازی هەبوو. ئێستا، لەگەڵ PPS و AVS و USB-C، یەک بارگاویکەری باش دەتوانێت هەموو ئامێرەکان بارگاوی بکات.

ئەمە بەتایبەت تر لەکاتی گەیشت هەستی پێ دەکرێت. لە جیاتی ئەوەی ناچار بیت چەندین بارگاویکەرەوە و کەیبڵ لەگەڵ خۆت ببەیت، یەک بارگاویکەرەوەی باش و چەند کێبڵی USB-C بەسن. چونکە نیگەران نابیت لەوەی کە بارگاویکەرەوەی هەر ئامێرێکت لەبیرت چووبێت.

فەرهەنگۆک:

  • Charger: بارگاویکەرەوە، چارجەر، شاحنە
  • Charging: بارگاویکردنەوە، شەحن کردنەوە
  • AVS: Adjustable Voltage Supply
  • PPS: Programmable Power Supply


from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/82VshAl
via IFTTT

تێبینیت چیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌..

0 تێبینیەکان

x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە