دیوێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان – دزینی زانیاری بەکارهێنەر

وەک ئاشکرایە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە زیادبوونە. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کوردیش بێبەش نەبووە لەم پێشکەوتنە. بەڵام سەدان کەس بەهۆی نەزانین یان هەڵەکانەوە تووشی گرفتی زۆر، هەڕەشە و قسەپێکردن بوونەتەوە.

کاتێک هەر سۆشیاڵ میدیایەک بەکاردەهێنیت دەبێت بزانیت بۆچی بەکاری دەهێنیت، چونکە دەکرێت سوودی لێ وەربگریت و هەروەها دەکرێت زۆر بە خراپی بەکاری بهێنیت.

بیستمان و بینیمان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان کەس مەلەفیان بڵاوبووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی کێشەی خێزانی، لێکترازان، کوشتن و کێشەی دەروونی. دەتوانم بڵێم هەموو تەمەنەکانی تێدا بوون: گەنج، منداڵ، بەتەمەن، مێرد و ژن. لە نەزانینی خۆیان یان نەبوونی پەروەردەی باش تووشی ئەم کێشانە بوون.

سەرتان نایەشێنم، ئەپێکتان پێ دەناسێنم کە بووەتە هۆی کێشە. ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ چەناڵی تەلەگرام، چونکە بەڕاستی بووەتە هۆی ئەوەی داتاکانی ناو مۆبایل بچێتە لای کەسی بەرامبەر.

لەڕاستیدا فایلەکە هیندیە بەڵام کوردەکانی خۆمان بەکاری دەهێنن. بووەتە هۆی ئەوەی سەدان داتای ناو مۆبایل ببات. پاش ئەوەی شیکاری وردمان بۆ ئەپەکە کرد و هەستاین بە بەراوردکردنی کۆدەکان، و شیکردنەوەی بەرنامەکە بۆمان دەرکەوت:

کاتێک ئەو ئەپە دادەبەزێنیتە ناو مۆبایلەکەت، داوای چەندین جۆر دەسەڵاتت لێ دەکات. کاتێک “Allow” دەکەیت، ڕاستەوخۆ ئەپەکە دەکرێتەوە و دەت باتە “گووگڵ”. بەڵام لەڕاستیدا داتای ناو مۆبایلەکەت دەدزێت. ئەو ئەپە کۆنیکت بە تەلەگرامەوە کراوە. ئەپەکە زۆر سادەیە، بەڵام لەڕاستیدا بووەتە هۆی کێشە بۆ سەدان خێزان. گەنج یان منداڵ ئەو ئەپەیان داگرتووە و داتای ناو مۆبایلیان بردراوە، دواتر لە ڕێگەی چەناڵی تەلەگرامەوە هەڕەشەیان لێ دەکەن.

شایەنی باسە هەر ئەو ئەپە چەندین بۆتی تەلەگرامی لەسەر دروستکراوە. بابەتەکە بۆ زۆرینە نوێیە، بۆ بەشێکی دیکەشی کۆنە. ئەمانەش بوونەتە هۆی هەڕەشە بۆ کۆمەڵگەی کوردی.

ئێمە بە وردی شیکارمان بۆ ئەپەکە کردووە. تۆکەنی تیایە کە من بەشەخسی چەندین جار داخڵی ناو بۆتەکە بووم. هەروەها ID تیایە کە تایبەتە بە بۆتەکە.

ئەمە تەنها نموونەیەکە لە دەیان بەرنامەی زیانبەخشی دیکە. ئەم بەرنامانە بە شێوەی جۆراوجۆر دروست دەکرێن، بۆ نموونە:

بەرنامەکانی وێنەگرتن، دەرفەتی دەست گەیشتن بە ئامێر و پەیوەندیەکان و فایلەکان، بەرنامەکانی یاری کە کلیلی بۆردەکان تۆمار دەکەن، بەرنامەکانی ئەنتی ڤایرەس ساختە کە خۆیان ڤایرەسن، بەرنامەکانی ئەپدەیت کردن کە بەرنامەی زیانبەخش دامەزراندن.

ڕێگاکانی پاراستن لەمانەن:

– تەنها بەرنامە لە فڕۆشگای فەڕمی دابەزێنە وەک گووگڵ پلەی و ئەپ ستۆر، پێش دامەزراندن کۆمێنت و هەڵسەنگاندنەکان بخوێنەوە، زانیاری دەربارەی دروستکەر بپشکنە، دەسەڵاتەکان بە وردی پشکنە، بەرنامەی ئەنتی ڤایرەسی باش هەبێت، بەردەوام ئەپدەیت بکە.

– ئەگەر تووشی ئەم کێشەیە بوویت، یەکەمجار بەرنامەکە بسڕەوە، پاسوۆردەکانت بگۆڕە، پشکنینی تەواوی مۆبایلەکەت بکە.

– لەکۆتاییدا هیوادارم دووربن لە دابەزاندنی ئەپی ناو تەلەگرام. ئەپی فەڕمی هەیە، هەر ئەپێکت بوێت دەتوانیت دای بەزێنیت، گەر بە پارەش بێت پارەی کەمە. بەتایبەت گەنجەکان دوور بکەونەوە لە بابەتی مەلەف و دابەزاندنی ئاپی مەلەف کە بووەتە هۆی ئەوەی کەسی بەرامبەر تووشی کێشە ببێت. هەر بەو داتایەی لەناو مۆبایلدا بووە هەڕەشەت لێ دەکەن یان داوای پارەی زۆرت لێ دەکەن.

پێشنیارەکانم:

– خێزانەکان گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن دەربارەی مەترسیەکانی ئینتەرنێت. ئامۆژگاری پێ بدەن کە هەرگیز بەرنامە لە سەرچاوەی نامۆ دابەزێنن.

– قوتابخانە و زانکۆکان وانەی ئاسایشی دیجیتاڵ بخەنە ناو مەنهەجەکانیانەوە. فێری خوێندکاران بکەن چۆن بەرنامەی ئاسایی لە زیانبەخش جیا بکەنەوە.

– دامەزراوە فەڕمیەکان کەمپەینی ئاگادارکردنەوە بەڕێوە ببەن. ڕاگەیاندنی گشتی دەربکەن دەربارەی مەترسیەکان.

– شارەزایانی ئایتی کۆرسی خۆڕایی بۆ خەڵک بەڕێوە ببەن. فێری کردنی بەکارهێنانی ئامن و سالمی تەکنەلۆژیا.

– بیر لەوە بکەنەوە کە پاراستنی خۆتان لە دەست خۆتانە. بێ ئاگایی و لەسەرەخۆبوون دەبێتە هۆی کارەسات. هەمیشە پشکنین بکەن پێش ئەوەی هەنگاو بنێن. پرسیار بکەن لە شارەزایان گەر دڵنیا نەبوون.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/dW1X6er
via IFTTT

تێبینیت چیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌..

0 تێبینیەکان

x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە