لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی و گەشەکردنی خێرای تەکنەلۆژیادا، ژیانی ڕۆژانەمان بە تەواوی بەستراوەتەوە بە جیهانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەم پێشکەوتنە خێرایە سەرەڕای سوودە زۆرەکانی، کۆمەڵێک مەترسی و هەڕەشەی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئاراوە کە پێویستە هەموو کەسێک لێیان ئاگادار بێت و شێوازەکانی خۆپاراستنیان بزانێت.
فێڵکردنی کۆمەڵایەتی (Social Engineering) یەکێکە لە مەترسیدارترین و باوترین شێوازەکانی هێرشی سایبەری لە ئێستادا. لەم جۆرە هێرشانەدا، هاککەران و تاوانبارانی سایبەری پشت بە لاوازی مرۆڤ دەبەستن، نەک تەنها لاوازی تەکنیکی سیستەمەکان. بۆ نموونە، تاوانبار دەتوانێت پەیوەندی بە قوربانییەکەیەوە بکات و خۆی وەک کارمەندی کۆمپانیایەک، بانکێک یان دەزگایەکی ناسراو پیشان بدات. ئەو دەتوانێت باس لە کێشەیەکی گەورە لە ئەکاونتی بانکی قوربانییەکە بکات یان بڵێت دیاریەکت لە کۆمپانیاکەی ئێمە بۆ دەرچووە یان خۆی وەکو دەزگایەکی حکومی نیشان بدات و داوای زانیاری هەستیار وەک ژمارەی نهێنی کارتی بانکی یان کۆدی دووفاکتەری Two-Factor Authenticaiton بکات. زۆرجار ئەم جۆرە هێرشانە سەرکەوتوو دەبن چونکە تاوانبارەکان دەتوانن ترس و دڵەڕاوکێ لای قوربانییەکانیان دروست بکەن یان دڵخۆشیان بکەن بەوەی شتێکیان بۆ دەرچووە و بەمەش تاوانبار، کە زۆرجار بە هاککەر ناودەبرێن، دەست بەسەر ئەکاونتی قوربانییەکە دادەگرێت و پاشان داوای پارە لە بەرامبەر دەکات.
هەروەها، یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکانی تر کە لەم دواییانەدا زۆر بڵاوبووەتەوە، بەکارهێنانی پەیوەندییە سەرهێڵییەکانە (ئۆنلاینەکانە) بۆ مەبەستی هەڕەشە و سەندنی پارە. بۆ نموونە، تاوانبار لە ڕێگەی پرۆفایلێکی ساختەوە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ قوربانییەکەی دەدات. دوای ماوەیەک و دروستبوونی متمانە، داوای وێنە یان زانیاری تایبەتی لێدەکات. پاشان ئەم زانیارییانە بەکاردەهێنێت بۆ هەڕەشەکردن و داواکردنی پارە. لەم دۆخەدا زۆرجار قوربانییەکان لەبەر شەرم یان ترس، ناتوانن داوای یارمەتی بکەن و ناچار دەبن ملکەچی داواکارییەکانی تاوانبار بن و تەنانەت سەردەکێشێت بۆ زۆر کاری نابەجێ و پاشان کارەساتی زۆر گەورە و پاشان لێکترازانی خێزانەکان لە کۆمەڵگەدا.
نمونەی زیندوو زۆرن، ڕۆژانە دەبیستین کە کچێک لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک دروست دەکات کە خۆی بە خوێندکاری زانکۆ پیشان دەدات یان شتێکی لەم شێوەیە. دوای چەند مانگێک لە پەیوەندی و دروستبوونی متمانە، کوڕەکە داوای وێنەی تایبەتی لێدەکات و پاشان ئەم وێنانە بەکاردەهێنێت بۆ هەڕەشەکردن و داواکردنی پارە. کچەکە بۆ ماوەی ساڵێک ناچار دەبێت بەردەوام پارە بۆ تاوانبارەکە بنێرێت تا ئەوکاتەی بڕیار دەدات پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکات یان هەندێک جار بۆ کاری ناشیرین و نابەجێ و دواجار دەگاتە خۆ کوشتن و کارەساتی کۆمەڵایەتی.
دیاردەیەکی تری مەترسیدار، دروستکردن و بەڕێوەبردنی گروپی نایاساییە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکان وەک تێلەگرام و هاوشێوەکانی. ئەم گروپانە لە ژێر ناوی جیاواز و بە بەڵێنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر، هەوڵی ڕاکێشانی ئەندام دەدەن. بۆ نموونە، گروپێک بەڵێنی دابینکردنی کارتی کرێدیت یان ڤیزای وڵاتانی دەرەوە دەدات یان زۆرجار تەنها بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیانە. بەداخەوە ئەم جۆرە گروپە نابەجێیانە کۆمەڵگەی کوردیشی گرتووتەوە و بەهۆی دەستگەیشتنی ڕەها بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت لەلایەن هەرزەکارانەوە کارەساتی گەورە ڕوودەدات و لە ڕێگەیە کە زۆرجار بە دوو قسەی خۆش هەڵدەخەڵەتێن و وێنەی خێزانی خۆیان دەنێرن بۆ خەڵکی تر لەبەرامبەر زۆر شتی هیچی ئەم سەردەمەدا کە بەداخەوە دایباب لەم نێوەندەدا زۆر کەمتەرخەمن و بەتەواوی دەرگایان واڵاکردووە بۆ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی ئەم توشی ئەم کارە نابەجێیانە ببن.
هەروەک، دیاردەیەکی تر هەیە کە لە ڕێگەی لینکی ساختەوە خەڵکی دەکرێتە ئامانج و دەبنە نێچیری تاوانباران. بۆ نمونە، لە وەتسئەپەوە نامەیەک دێت لینکێکی تێدایە و لینکەکە وا دیارە کە لە شوێنێکی باوەڕپێکراوەوەیە. لە پەیامەکە ئاماژەکراوە کە فڵان شتەت بردووەتەوە یان دەیبەیتەوە ئەگەر بەشداری بکەیت. کاتێک لینکەکە دەکەیتەوە داوای هەندێک زانیاریت لێ دەکات کە هەستیارن. وەکو، وشەی نهێنی و ئیمەیڵ و زانیاری تری ورد، بەمەش دوای پڕکردنەوەی دەبیتە نێچیر. یان هەندێک جار پەڕی ساختەی هاوشێوەی فەیسبووک و پەڕی چوونەژوورەوەی گووگڵ دێتە بەردەمت و وادەزانیت فەرمییە، کەچی کە سەیری لینکەکە دەکەیت دەبینیت ساختەیە. بۆ نمونە، لینکەکە لە جیاتی Facebook.com بێت دەنوسرێت Faceboook.comیان Facbook.com یان شتی تری لەم شێوەیە. گرنگە دڵنیایی بکەیتەوە پێش بەدەستەوەدانی زانیارییەکانت.
بۆ خۆپاراستن لەم هەڕەشانە، پێویستە چەند ڕێکارێکی گرنگ پەیڕەو بکەین:
یەکەم: هەرگیز نابێت متمانە بە کەسانی نەناسراو بکەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەرچەندە پرۆفایلەکەیان باوەڕپێکراو دیار بێت. پێویستە لە بیرمان بێت کە دروستکردنی پرۆفایلی ساختە کارێکی ئاسانە.
دووەم: پێویستە سنوورێکی توند بۆ ئەو زانیارییانە دابنێین کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکەینەوە. وێنە و زانیاری تایبەتی دەتوانن بە ئاسانی بۆ مەبەستی خراپ بەکاربهێنرێن.
سێیەم: بەکارهێنانی سیستەمی سەلماندنی دوو فاکتەری Two-Factor Authentication بۆ هەموو ئەکاونتە گرنگەکان زۆر پێویستە. ئەم سیستەمە ڕێگری دەکات لە هاککردنی ئەکاونتەکانمان تەنانەت ئەگەر تاوانبار وشەی نهێنیشمان بزانێت، بەڵام ناشبێت، وەکو لەسەرەوە باسمان کرد، بکەوینە داوی خەڵکێک کە خۆی وەکو کارمەندی کۆمپانیا و دەزگا دەناسێنن و داوای ئەم کۆدە دەکەن. نابێت ئەم کۆدە بدەیت بە کەس چونکە نهێنیە و تایبەتە بەخۆت.
چوارەم: لە کاتی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، پێویستە دڵنیابین کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانکەکە مامەڵە دەکەین نەک لە ڕێگەی نێوەندگیرەوە. بانکەکان هەرگیز داوای وشەی نهێنی یان زانیاری هەستیار لە ڕێگەی تەلەفۆن یان ئیمەیڵەوە ناکەن.
پێنجەم: لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر جۆرە هەڕەشەیەکی سایبەری و ئەلیکترۆنی، گرنگە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پۆلیس و ئاسایشی ناوچەکەمانەوە بکەین. هەروەها پێویستە هەموو بەڵگەکان، وەک وێنەی شاشە (screenshot)، چاتەکان، و ژمارە تەلەفۆنەکان تۆمار بکەین تا لەکاتی پێویست سودی لێ وەربگیرێت و خێراتر تاوانباران دەستگیر بکرێن.
شەشەم: پێویستە منداڵان و هەرزەکاران فێری بەکارهێنانی سەلامەتی ئینتەرنێت بکەین. ئەوان زیاتر لە هەموو کەس لە مەترسی هەڕەشە سایبەرییەکان و ئەلیکترۆنییەکان دان. دایک و باوکان پێویستە چاودێری چالاکی ئۆنلاینی منداڵەکانیان بکەن و فێریان بکەن چۆن بە شێوەیەکی سەلامەت مامەڵە لەگەڵ ئینتەرنێت بکەن و دۆخی دیباب چالاک بکەن لەسەر مۆبایلەکانیان کە ناسراوە بە Parental Controls.
لە کۆتایدا، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و سایبەری تەنها بەرپرسیارێتی تاک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەیە بە گشتی. پێویستە هەموومان هۆشیار بین و یەکتر ئاگادار بکەینەوە لە هەر مەترسییەکی نوێ. هەروەها گرنگە کە حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی جددی بنێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی سایبەری و پاراستنی هاوڵاتیان. تەنها بە هاوکاری و هۆشیاری بەردەوام دەتوانین ژینگەیەکی ئۆنلاینی سەلامەت بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو دابین بکەین.
from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/QCmaAN6
via IFTTT
0 تعليقات
تێبینیت چیه لهسهر ئهم بابهته..