کۆمپانیای ئەمریکی جۆن دییەر ناسراو بە جۆن دێر لە کوردستان، نوێترین بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی خۆی بۆ 2025 لە کۆنگرەی CES 2025 نمایش کرد. کۆمپانیاکە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی خۆلێخوڕی نمایش کرد بۆ بەرەنگار بوونەوەی کەمیی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵدا و ئاسانتر و زۆرتر کردنی کشتوکاڵ. بەرهەمە نوێیەکان تراکتۆر، چیمەن بڕ و بارهەڵگر لەخۆ دەگرن کە هەموویان بە کیتی پێشکەوتووی خۆلێخوڕ بەهێزکراون.
بەرهەمەکانی کۆمپانیای جۆن دیر بۆ ساڵی 2025:
- تراکتۆری خۆلێخوڕی 5ML تایبەت بە باخەکان
- تراکتۆری خۆلێخوڕی 9RX تایبەت بە کێڵگە گەورەکان
- چیمەن بڕی خۆلێخوڕ بە پاترییەوە
- بارهەڵگری خۆلێخوڕی P-Tier 460 بۆ کانگاکان
تراکتۆری خۆلێخوڕی 5ML
ئەو تراکتۆرە بۆ ڕشاندنی قڕکەر بە کەڵک وەرگرتن لە پەستانی هەوا بەکار دێت کە کارێکی ئەستەم و سەختە بۆ مرۆڤ؛ ئەو مۆدێلە کەڵک لە هەستەوەری LIDAR وەردەگرێت بۆ جوڵانەوە لەنێوان دار و دەوەنە چڕەکان و ئەو شوێنانەی کە زۆربەی کاتەکان GPS تێیاندا کار ناکات.
وەشانی سەرەتایی تراکتۆرەکە، بزوێنەری گازوایلی لەسەر جێگیر دەبێت و لە داهاتووشدا وەشانی تەواو کارەبایی بە پاترییەوە دەخرێتە بازاڕ. ئامانجی ئەو بەرهەمە زۆر کردنی وردبینی، ئاگاداری و کاراییە بۆ پاراستنی بەرهەمە بەهادارەکان.
تراکتۆری خۆلێخوڕی 9RX
ئەو تراکتۆرە بە مەبەستی کار کردن لە کێڵگە هەموارە گەورەکان بەرهەم دێت؛ بە سیستەمی خۆلێخوڕی نەوەی دووهەم پڕچەک کراوە کە چیپێکی ئێنڤیدیای لەسەر جێگیرە بۆ ئەوەی کە هاوکات لێکدانەوە بکات و بڕیار بدات.
16 کامێرا لە تراکتۆرەکادا بەکار هاتووە بۆ ئەوەی کە بینینی 360 دەستەبەر بکات بۆ سیستەمەکە. جوتیار دەتوانێت بەبێ چاودێری کردن، ئەرکەکانی وەکوو کێڵان، چاندن، دروون و هتد، بسپێرێت بە تراکتۆرەکە.
چیمەن بڕی خۆلێخوڕ بە پاترییەوە
چیمەن بڕی خۆلێخوڕی جۆن دێر، چوار جووت کامێرای لەسەر جێگیر کراوە بۆ بینینی 360 و دەتوانرێت لە پارکەکان وەک جێگرەوەی مرۆڤ کار بکات.
ئەو چیمەنبڕە بە پاتری کار دەکات و لە بەرامبەر چیمەن بڕە ئاساییەکاندا، دەنگێکی کەمتری هەیە و بە پێی جۆن دیر، بۆ ژینگە تەندروست ترە.
بارهەڵگری خۆلێخوڕی P-Tier 460
ئەو دامپ تڕاکە بۆ کاری کانگا دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی 41.7 تۆن باری هەیە و لە هەمان سیستەمی خۆلێخوڕ کەڵک وەردەگرێت.
هەموو بەرهەمەکانی جۆن دێر لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تایبەت، لە مۆبایلەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و خاوەن دەتوانێت بە پێی پێویست، بە شێوەی ڕاستەوخۆ کێڵگەکەی ببینێت و دەیتا و زانیاری سەبارەت بە کواڵتی و بەرەوپێشچوونی کاری دەستکەوێت. هەروەها دەتوانێت خێرایی و قۆناغەکانی ڕۆیشتن دیاری بکات.
تەکنۆلۆژیای سەردەم ئاسانکارییەکی زۆری لە بواری کشتوکاڵدا کردووە و بەردەوامیش ڕووی لە بەرەوپێشچوونە و زەحمەتی سەرشانی وەرزێڕان کەمتر و کەمتر دەبێت. جگە لە ئۆتۆمبێلە خۆلێخوڕەکان، درۆنەکانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە کشتوکاڵدا. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە درۆنە کشتوکاڵیەکان کرتە بکە.
from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/pFqcz1n
via IFTTT
0 تعليقات
تێبینیت چیه لهسهر ئهم بابهته..