ئەپڵ بە سیخوڕی کردن لەسەر کارمەندەکانی تۆمەتبارکرا

بەودواییانە کارمەندێکی پێشووی ئەپڵ بەهۆی پێشێل کردنی یاساکانی کارکردن، سکاڵای لە دژی کۆمپانیاکە تۆمار کردووە. لە دەقی سکاڵاکەدا باس لە پێشێل کردنی نهێنی کارمەندان، چاودێری و پشکنینی زانیاری تایبەت، لێ ستاندنەوەی مووچە و سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لەلایەن ئەپڵەوە دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆڕتی Semaphore، ئەو کارمەندەی کە دژی ئەپڵ سکاڵای تۆمار کردووە ناوی Amar bhakta یە و لە سکاڵاکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئەپڵ بەشداریکردنی لە پۆدکاستەکان قەدەغە کردووە بۆ ئەوەی نەوەک باس لە ئەزموونی کارەکەی بکات؛ هەروەها ئەو دەڵێت ئەپڵ داوای لێکردووە زانیاری سەبارەت بە شێوازەکان و ئەزموونی کارکردنی لە پڕۆفایلی لینکدین بسڕێتەوە.

جگە لەوانە یەکێک لە گرینگترین تۆمەتەکان دەربارەی سیخوڕی کردنی ئەپڵ لەسەر کارمەندەکانیەتی. لە سکاڵانامەکەدا هاتووە کە کارمەندەکان ناچار دەکرێن کەڵک لە ئامێرەکان و نەرمەواڵەکانی ئەپڵ وەرگرن و ئاماژەش بەوە کراوە کە ئەو ئامێر و نەرمەواڵانە، تەنانەت لەکاتی کارنەکردنیش، زانیارییە بەهادارەکانی تایبەت وەکو ئیمەیڵەکان، وێنەکان، ڤیدیۆکان و هتد، کۆدەکەنەوە. هەروەها کارمەندەکانی ئەپڵ دەبێت چەندین شێوازی جۆراوجۆری چاودێری فیزیکی، ڤیدیۆیی و ئەلیکترۆنیکی قبوڵ بکەن؛ لە سکاڵا نامەکەدا ژینگەی کاریی ئەپڵ بە “حەوشەی گرتووخانە” لە قەڵەم دراوە.

گوماناویترین بەشی سکاڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەپڵ مافی هەڵبژاردنی داوە بە باکتا، کە لەنێوان ئایفۆنی کۆمپانیا و ئایفۆنی تایبەتیی خۆی یەکێکیان هەڵبژێرێت؛ بەڵام باکتا دەڵێت کاتێک من کارکردن بە ئایفۆنی تایبەتیی خۆمم هەڵبژارد ئەوان Esim و VPN ێکیان لەسەر مۆبایلەکەم داگرت و داوایان لێ کردم هەژماری تایبەتیی iCloudـی خۆم بۆ کار لەگەڵ هاوکارەکانم بەکاربهێنم و پەیوەستی بکەم لەگەڵ ئەپڵ؛ گوایە ئەپڵ بەو کارە دەتوانێت لەو کاتانەی کە کارمەندەکان لەسەر کاریش نین، زانیاری کۆبکاتەوە.

سەبارەت بەو سکاڵایە، وتەبێژی ئەپڵ بۆ ماڵپەڕی The Verge دەڵێت:

“هەموو فەرمانبەرێک مافی ئەوەی هەیە گفتوگۆ لەسەر مووچە و کاتژمێر و بارودۆخی کارکردنی بکات و ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی هەڵسوکەوتی بازرگانیمان؛ کە ساڵانە هەموو فەرمانبەران لەسەری ڕاهێنانیان پێدەکرێت. [سەبارەت بە سکاڵاکە] ئێمە بە توندی لەدژی ئەو بانگەشانەین و پێمان وایە هیچ بەهایەکیان نییە”.

شایەنی باسە ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەپڵ بە سیخوڕی لەسەر کارمەندەکانی تۆمەتبار دەکرێت و کۆمپانیاکانی وەکو گوگڵ و ئەمازۆنیش سکاڵای هاوشێوەیان لەسەر تۆمارکراوە.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/Fz4Dif7
via IFTTT

إرسال تعليق

0 تعليقات

x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە