هەرچەندە ویندۆز وەک سیستەمێکی وەرگەڕخەری سەرەکیمان دەمێنێتەوە لەسەر کۆمپێوتەرەکانمان، بەڵام پێویست ناکات پابەند بیت بە بوخچەی بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت. ئەگەر ماندوو بوویت لە پشت بەستن بە بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت کە پارەی بەشداریکردنت دەخۆن و کۆنترۆڵت سنووردار دەکەن یان پەنا دەبیتە بەر کڕاککردنیان کە سەلامەت نییە، ئەوا دەتوانیت بەدوای بەرنامە سەرچاوە کراوەکان (خۆڕاییەکان) بگەڕێیت کە ئازادی، نەرمی و تایبەتمەندی بەهێزت پێدەدەن بەبێ نرخ. لەم بابەتەدا، باسی پێنج چارەسەری خۆڕایی بەهێز دەکەم کە دەتوانن جێگەی ئەو بەرنامانەی مایکرۆسۆفت بگرنەوە کە بەشێوەی ڕۆژانە بەکاریان دەهێنیت.
٥. سەندەربێرد (Thunderbird)
واز لە بەرنامەی ئاوتلوک بهێنە
با لیستەکە بە سەندەربێرد دەست پێبکەین. بەرنامەیەکی ئیمەیڵی خۆڕایی و سەرچاوەکراوەیە کە لەلایەن دامەزراوەی مۆزیلاوە (هەمان خەڵکی پشت فایەرفۆکس) پەرەی پێدراوە. بۆ چەندین ساڵ، جێگرەوەیەکی بەهێز بووە بۆ ئاوتلوک بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەهێز و گونجاوییەتی لەگەڵ داخوازی بەکارهێنەر. بەڵام، هەمیشە دوودڵ بووم لە پێشنیارکردنی بەهۆی دیزاینە کۆنەکەیەوە.
بەڵام، وا دیارە مۆزیلا لە وەشانی ١٢٨دا گۆڕانکاری کردووە. کۆمپانیاکە ڕووکاری نیبولای (Nebula UI) خستووەتەڕوو، کە نوێکردنەوەیەکی بەرچاوە و ڕووکارەکەی بە ئایکۆنی باشتر مۆدێرنتر کردووە. لیستێکی درێژی لە تایبەتمەندی هەیە، بۆ نمونە پشتگیری چەندین هەژمار، سندوقی یەکگرتوو، فلتەرکردن و گەڕانی پێشکەوتوو، تێکەڵکردنی ڕۆژژمێر (زۆر پێویستە بۆ بەکارهێنەرانی ئاوتلوک)، ئەرکەکان و زۆر شتی تر.
وەک پلاتفۆرمێکی سەرچاوەکراوە، لەسەر ویندۆز، لینوکس و ماک بەردەستە. کۆمپانیاکە لەم دواییانەدا ئەپی مۆبایلی خۆی لەسەر ئەندرۆیدیش بەردەستکردووە.
کرتە بکە بۆ داگرتنی سەندەربێرد
٤. نێکست کلاود (Nextcloud)
جێگرەوەیەکی بەسوود بۆ وەندرایڤ و گووگڵ درایڤ
نێکستکلاود تەنها جێگرەوەیەکی تری وەندرایڤ نییە. پلاتفۆرمێکی سەرچاوەکراوەیە و زۆر فرەلایەنە کە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری هەوری تەواو پێشکەش دەکات. بە پێچەوانەی وەندرایڤ، گووگڵ درایڤ، یان درۆپبۆکس، نێکستکلاود ئەو نەرمییەت پێدەدات کە پلاتفۆرمی هەوری و تایبەتی خۆت دروست بکەیت.
دەتوانیت داتای تایبەتی خۆت، لەوانە میدیا، بەڵگە و فایلەکان لەسەر سێرڤەری خۆت هەڵبگریت. دەکرێت هەر شتێک بێت، لەوانە کۆمپیوتەری ماڵەوە، سێرڤەرێکی بەکرێگیراو، یان دابینکەرێکی متمانەپێکراو. کۆنترۆڵی تەواوت بەسەر داتا و تایبەتمەندی خۆتدا هەیە. وەک وەندرایڤ، هەڵگرتن، هاوکاتکردن و هاوبەشکردنی فایل لە نێوان چەندین ئامێردا پێشکەش دەکات.
هەرچەندە باشترین نییە لە چەشنی خۆی، بەڵام دەتوانێت چات، کۆنفرانسی ڤیدیۆیی و تواناکانی ئیمەیڵی تێکەڵکراویش تاقی بکەیتەوە. بەگشتی، جێگرەوەیەکی سەرچاوەکراوەی نایابە بۆ وەندرایڤ لەسەر ویندۆز.
کرتە بکە بۆ چوونە ناو نێکست کلاود
٣. جۆپلن (Joplin)
چارەسەرێکی بەهێز بۆ تێبینی نووسین
چەندین هۆکار هەن وا دەنکەن جۆپلن ئەپێکی تایبەت بێت بۆ تێبینی نوسین. یەکەم، شێواز و هەستی هاوشێوەی وەن نۆوتی مایکرۆسۆفتە، و بەکارهێنەرانی وەننۆت کێشەیان نابێت لە کۆچکردن بۆ جۆپلن.
جۆپلن پشتگیری چەندین ڕووکار دەکات، پشتگیری مارکداون هەیە، و ڕێگەت پێدەدات تێبینییەکانت لە ڕێگەی تاگ و فۆرماتکردنی ئاساییەوە ڕێکبخەیت. تەنانەت پشتگیری ئینکریپشنی کۆتایی-بۆ-کۆتایی End-to-end encryption دەکات بۆ پاراستنی تێبینییە تایبەتییەکانت لە چاوی کەسانی تر. هەروەها وێبکلیپەرێکی تایبەت هەیە بۆ کرۆم و ئێدج، لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەرکەکان و بیرخەرەوەی ئەرکەکان.
جۆپلن زۆر نەرمە، و دەتوانیت دابینکەری هەوری دڵخوازی خۆت هەڵبژێریت بۆ هەڵگرتن و هاوکاتکردنی تێبینییەکان. تەنها یەک گلەییم لە جۆپلن هەیە ئەویش ڕووکارەکەیەتی کە کۆن و نامۆ دیارە لەسەر ویندۆز.
٢. کەیدێنلایڤ (Kdenlive)
کلیپچامپ و پریمیێر چین؟
دەستکاریکەری ڤیدیۆی بنەڕەتی لەسەر ویندۆز، مایکرۆسۆفت کلیپچامپ، لە باشترین حاڵەتدا سەرەتاییە. ئەگەر بەدوای دەستکاریکەرێکی ڤیدیۆی سەرچاوەکراوە و خۆڕایی و بەهێز و فرەلایەندا دەگەڕێیت، کەیدێنلایڤ باشترین بژاردەیە. کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەخاتە سەر مێزەکەت و پێویست ناکات ئەدۆبی پریمیێر و هاوشێوەکانی بە کراککراوی بەکاربهێنیت.
کەیدێنلایڤ پشتگیری دەستکاریکردنی فرە-تراک Multi-track دەکات بۆ پرۆژە ئاڵۆزەکان، کۆمەڵێکی فراوان لە کاریگەری، و ئامرازی دەستکاریکردنی پێشکەوتوو وەک کرۆما کی، ڕاستکردنەوەی ڕەنگ، تێکەڵکردنی دەنگ، ئەنیمەیشنی کیفرەیم و زۆر شتی تر بۆ جێبەجێکردنی گرتەی پیشەیی بەبێ تێچوونی زۆر.
وەک هەمیشە، پشتگیری جۆرە جیاوازەکانی ڤیدیۆ و دەنگ دەکات بۆ دڵنیابوون لە گونجاندن لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکان. بە پێچەوانەی کلیپچامپ، بە تەواوی خۆڕاییە بۆ داگرتن و بەکارهێنان.
کرتە بکە بۆ داگرتنی کەیدێنلایڤ
١. لیبرەئۆفیس (LibreOffice)
واز لە پارەدان بە مایکرۆسۆفت ئۆفیس بهێنە
لیبرەئۆفیس بوخچەیەکی ئۆفیسی خۆڕایی و سەرچاوەکراوەیە کە وەک جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ مایکرۆسۆفت ئۆفیس بەکارهێنەران ڕووی تێدەکەن. کۆمەڵێک بەرنامە پێشکەش دەکات کە هاوشێوەی وێرد، پاوەرپۆینت و ئیکسێڵن. جا چ ڕایتەر (بەرنامەی نوسین)، کاڵک (جێگرەوەی ئیکسێڵ)، یان ئیمپرێس (جێگرەوەی پاوەرپۆینت) بەکاربهێنیت، هەموویان پڕن لە تایبەتمەندی، قاڵب، کردار و زۆر شتی تر.
یەکێک لە باشترین لایەنەکانی لیبرەئۆفیس گونجاندنی فایلەکانە. دەتوانیت بە ئاسانی پەڕگە لە فۆرماتی مایکرۆسۆفت ئۆفیسدا بکەیتەوە، دەستکاریان بکەیت و هەڵیانبگریت، بە دڵنیاییەوە کە هاوکار و کڕیارەکان تووشی هیچ کێشەیەک نابن. بە پێچەوانەی مایکرۆسۆفت ئۆفیس، لەسەر مۆبایل یان تابلێت بەردەست نییە. بەڵام، لەسەر ماک و ویندۆز و لینوکس بەرنامەکانی زۆر گونجاو و بێ کێشەن.
کرتە بکە بۆ داگرتنی لیبرەئۆفیس
وازهێنان لە مایکرۆسۆفت لە کاتێکی کەمدا؟
گواستنەوە لە بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت مانای قوربانی دان نییە لە زۆری کردار لەو ئەپانە یان ئاسانی بەکارهێنانیان. جێگرەوە باسکراوەکانی سەرەوە تایبەتمەندی سەرنجڕاکێش، کارایی بەهێز و ئاستێک لە گونجاندن پێشکەش دەکەن کە تەنانەت لە بەرنامە بنەڕەتییەکانی ویندۆزیش باشترن. چاوەڕێی چیت؟ تاقیان بکەرەوە و بەشداری کۆمەڵگایەکی چالاکی پەرەپێدەران و بەکارهێنەران بکە کە بڕوایان بە هێزی بەرنامەی سەرچاوەکراو و خۆڕایی هەیە.
from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/Py9TWFQ
via IFTTT
0 تعليقات
تێبینیت چیه لهسهر ئهم بابهته..