گوندەکانی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠% لەسەر نەخشەکانی گووگڵ زیادکران

پڕۆژەی نەخشەکێشانی گوندەکان و چارەسەرکردنی گرفتە بنەڕەتییەکانی نەخشەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە زیادکردن و نوێکردنەوەی شوێن و ناو و زانیاری زۆرینەی گوندەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی %٩٣ بۆ نەخشەی گووگڵ. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێز مامۆستا ئاکام عەزیز، مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین، کاری لەسەر دەکرێت و ئامانج لێی باشترکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی دەستگڕاگەیشتنە بە شوێنە دوورەدەستەکان بە ئاسانی و هەروەها پاراستنی ناسنامەی کولتورییە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیکردنی جوگرافیای وردەوە.

ئامانجەکان بەپوختی:

  • زیادکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو گوندێک هەرچەندە دووربێت، لە نەخشەی گووگڵدا بوونی هەبێت، ئەمەش لەپێناو باشترکردنی گەشتکردن و بینین لەسەر نەخشە.
  • پشتیوانی لە گەشەی ئابووری و ئاسانکاری بۆ بازرگانی ناوخۆیی، گەشتیاری، و پڕۆژەکانی گەشەپێدان بە دابینکردنی زانیاری جوگرافی ورد بۆ پلاندانان و بڕیاردان.
  • پاراستنی ناسنامەی ڕۆشنبیری و ناو و شوێنی ناوازەی گوندەکانی کوردستان.
  • باشترکردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان، ئەمەش بەدابینکردنی زانیاری جوگرافی ورد دەکرێت چونکە گەیشتن بەو شوێنانە ئاسانتر دەبێت و لە حاڵەتی لەناکاو خەڵکی و لایەنی پەیوەندیدار بەبێ گرفت دەتوانن بگەنە شوێنی مەبەست و بگەڕێنەوە.

جێگەی باسە، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە مێژوو و کلتوور و جوانی سروشت و چەندین گوندی ناوازە و خاوەن ناسنامە، بەڵام زۆرێک لەو گوندانە یان نوێنەرایەتی ناکرێن یان بەتەواوی لە سەکۆ دیجیتاڵییە جیهانییەکان، نەخشەکانی گووگڵ بە نمونە، بوونیان نەبوو، بە هەستکردن بەم بۆشاییە، ناوبراو دەستی بەم پڕۆژەیە کرد و ناوی ناوە “نەخشەکێشانی هەرێمی کوردستان” بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو گوندێک بەبێ گوێدانە ڕووبەڕوو و دووریەکەی لە نەخشەکان بوونی هەیە و نوێنەرایەتی دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە تەنها پەیوەندی بە زیادکردنی شوێنەکانەوە نییە بۆ نەخشەیەک، بەڵکو هەوڵێکی گۆڕانکارییە بۆ بەستنەوەی خەڵک، پێشخستنی گەشەپێدانی ناوچەیی و پاراستنی میراتی کەلتوری ناوچەکە. بە زیادکردنی هەموو گوندەکانی کوردستان بۆ نەخشەکانی گووگڵ، ناوبراو ئامانجی ئەوەیە کە دیاربێت ئەو ناوچانەش بوونیان هەیە و دەرفەت بە هەمووان بدرێت بۆ بەشداریکردن لە ئابووری دیجیتاڵی و سوودمەندبوون لە دەستگەیشتنی زیاتر بە ناوچە و گوندە جیاوازەکان.

ئێمە وەکو ستافی کەی ئای تی ئێن، پێزانینمان بۆ مامۆستا ئاکام هەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین کە بەڕێزیان لەم پڕۆژەیە و چەندین پڕۆژەی تر پەیوەست بە نەخشەکانی گووگڵ جێ پەنجەیان دیارە و هۆکاری پشت دەوڵەمەندبوونی نەخشەی هەرێمی کوردستان بوون لەسەر نەخشەکانی گووگڵ.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/0cBvzXl
via IFTTT

إرسال تعليق

0 تعليقات

x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە