بۆتەکانی تێلەگرام پارەمان دەدەنێ یان پارەمان لێ دەستێنن؟ Hamster Kombat بە نمونە

ماوەیەکە مار و مێروو تێلەگرامی داناوە، و مردووەکانیش ژیونەوە و هاتوونە تێلەگرام. فڵان تێلەگرامی دانا، فڵانی تر تێلەگرامی دانا!. هیچ رۆژێک نیە دە پەیامی ئاوام بۆ نەیەت. لە دەروونناسیدا بابەتێک هەیە بە نێوی پێداویستیەکانی مرۆڤ کە ماسلۆ لە هەرەمێکدا گونجاندوویەتی. لەم هەڕەمەدا دیاریکراوە کە هەر تاکێک دەبێت لە خانەکانی خوارووتر تێر و بێ گرفت بێت، ئینجا دەتوانێت هەست بە پێویستی خانەکانی سەرەوەی هەڕەمەکە بکات. ئەگەر سەرەنج بدەن خشتەی یەکەم پێداویستییە سەرەتاییەکان وەکو خۆراک و جلوبەرگ، وە خشتەکانی سەرتر خۆشەویستی، باوەڕ بەخۆبوون، بەدوای شتی تازەدا گەڕان، بیرکردنەوەی داهێنەرانە و زیاتر لە خۆی دەگرێت.
پێموایە ٩٠٪ خەڵکی ئێمە لە بەشی خوارەوەی هەڕەمەکەدا گیریان خواردووە و هەر توانایی ئەوەیان هەیە پێداویستییەکانی ئەو قۆناخەیان دابین بکەن، بۆیە شەو و رۆژیان لە سەر یەک داناوە بەڵکو بە کوتانی ئەو مشکە دەوڵەمەند بن و دورگەیەکی پێ لە دوبەی بکڕن، بەڵام ئایا هیچمان لەو بۆتانە دەستدەکەوێت؟

ئەو کاتەی کە NotCoin یەکەمجار هات کەس بیری ئەوەی نەدەکردەوە رۆژانێک لیست بکرێت و بفڕۆشرێت. زۆرێکیش لە ماڵپەڕە ناسراوەکان و چالاکڤانانی تەکنۆلۆژی هاوڕابوون کە تەنیا خافڵاندنێکە و ئەگەری نیە وەکو دراوێکی دیجیتاڵی مامەڵەی پێوە بکرێت چونکە وەکو دراوەکانی تر نیە کە بە لێکدانەوەی چەند پرسیارێکی قورسی بیرکاری، دراوێکت بە خەڵات بداتێ. ئەمە هەرچەندە ئەو بیرکردنەوەیەش نە ڕەت دەکرێتەوە و نە پشتڕاستیش دەکرێتەوە! ئەگەری هەیە ئەو بۆتانەی تەلەگرام لە CPUی مۆبایلەکەتان کەڵک وەربگرن بۆ Mine کردن. لەو ناوەدا کەسانێک هەبوون کە پاش لیست بوونی NotCoin قازانجیان کرد و رەنگە بایی چەند سەد دۆلارێکیان دەست کەوتبێت.

بەڵام پیویستە ئەوە ڕەچاو بگرین کە:

پەرەپێدەرانی NotCoin و Hamster Kombat و هەموو هاوشێوەکانیان هەرگیز لە گیرفانی خۆیان پارە نادەن بە خەڵک، بەڵکو بازاڕێک درووست دەکەن وە ئەو بازاڕەش جگە لە فرۆشیار پێویستی بە کڕیاریش هەیە کە هەموو یاساکانی ئابووری تێیدا خۆی دەنوێنێت. پارە خۆی لە شوێنی قەرەباڵخ دوور دەکاتەوە. ئەوکەسانەی قازانجیان لە NotCoin کرد هەرگیز بەو رادەیە قازانج لە هاوشێوەکانی تر ناکەن چونکە بەسەدان ملیۆن رکابەریان بۆ دروست بووە کە لەگەڵ یەکەمین رۆژی لیست بوونی خوازیاری فڕۆشتنن. هەر ئەو رێژە زۆرەی هەبوون کە هیچ تەواو بوونێکی نیە (لە دژی دراوە دیجیتاڵیەکان وەکوو Bitcoin کە تەنیا ٢١ ملیۆن دانە لێی، دەتوانێت هەبێت و لەلایەن Miner کان دەربهێنرێت)، وادەکات دراوەکە لە بەهای کەم ببێتەوە و کڕیاری کەمتر رووی تێبکات. بە دڵنیاییەوە هەموو کەس قازانجی لێدەکات ئەگەر چەند دۆلارێکیش بێت، بەڵام بە چ بەهایەک؟

خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ دەکرێن. بە پێی راگەیێندراوی Hamster Kombat زۆربەی بەکارهێنەرانی ئەو بۆتە لە وڵاتانی ئێران، هیندستان و رووسیان. کێشەکە ئەوەیە کە دەبێت کاتێکی یەکجار زۆر دابنرێت بۆ کۆکردنەوەی پارەی ناو بۆتەکان ئەوەش بە کوتانی بەردەوامی شاشەی مۆبایلەکەت! ئەو گەنجە لەو کاتە درێژەی کە (بە هیچ شتێک کڕینی نایە)، کە بۆ چەند دۆلارێکی دادەنێت، دەتوانێ فێری زمانەکەی خۆی ببێت، هونەرێک فێر ببێت، بەدوای داهێنانێکەوە بێت، خەریکی پیشەسازی بێت یان بەلایەنی کەمەوە پاڵ داتەوە و پشوو بدات. ئەو هەموو پەنجەکێشان بە مۆبایلەدا کێشەی مەترسیداری تەندروستی تێدایە کە چاو و مل و پشت و بگرە تاوەکو قامک و مێشکت دەگرێتەوە؛ ئەوە جگە لەوەی کە ئەوەندەی لێشی دەستت دەکەوێت بایی خراپ بوون و لە کەڵک کەوتنی مۆبایلەکەت نیە. من لەو شتانە زیاتر لە بازاڕ گەرمیەک بۆ کۆمپانیاکانی مۆبایل، تێکڕوخاندنی ئابووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کێشەی تەندرووستی و دەروونی بۆ گەنجانی نابینم، ئەمە کۆنتڕۆڵ کردنیشمان هەر لە جێی خۆی!

شەفافیەت و روونی بەڵگەکان بۆ سەرجەم بۆتەکان وەکو فشە و گاڵتە وایە. لەڕاستیدا، کەس نازانێت پەرەپێدەرانیان کێن. ئەوان پاش تۆمارکردنی بۆتەکەیان یەکسەر هەرچی بەڵگە سەبارەت بە خۆیان و کۆمپانیاکەیان دەسڕنەوە، بۆ نمونە وەکو ئەو دەنگۆیانەی کە سەبارەت بە پەرەپێدەرانی Hamster Kombat هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، هەموو رەخنەگران هاوڕان کاتێک بۆتێک پەرەپێدەرانی نەناسراون بە شێوازی کاری ئابووری نەدیار، ئەویش لە رێگەی تێلەگرام، ئەوا هۆکارێکی گەورەی نا ئەمنییە و پارێزراو نییە! ئەوەش لە جێگای خۆی کە بۆ کارکردنیان هەمیشە داوای ژمارەی تەلەفۆن، ناو و ناونیشان و جزدانی ئەلەکترۆنی خەڵکن.

دیسان لە جێگای خۆی کە ئەگەر هاوڕێکانت لە رێگەی بەستەری تایبەت بە خۆتەوە بەشدار بن خەڵاتت دەکات، کە دەبێتە هۆی ناسینی دەور و بەریشت. ئاخۆ کێ هاوڕێتە و کێ نا؟ ئەوەش لە جێی خۆی کە ئەگەر هەموو زانیاریەکانی خۆشتی بە هەڵە پێ بدەیت لە رێگەی تایبەتمەندی Invite و کۆدی referral لە ڕێگای ئەندازیاری کۆمەڵایەتیەوە دەتوانن کەسایەتی تۆ بدۆزنەوە.

زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە هۆکاری سەرەکی بەدیهاتنی ئەو بۆتانە دزین و چاودێری کردنی گەورەی زانیاری بەکارهێنەران و لە کۆتاییدا کۆنتڕۆڵ کردنیانە. تکایە ئاگادار بن و بە هیچ شێوەیەک بە هەندی وەرمەگرن!! ئەوان کە سەد دۆلاریشت دەدەنێ، ئەوا ئێمە کاتمان، ئابووریمان، تەندروستیمان، داهاتوومان و زانیاریەکانمان دەدەین بە ئەوان! کێ مامەڵەی وا دەکات؟

لە کۆتایدا، من پێموایە هەرچی ئەو جیهانە بەرەو پێشتر دەڕوا لە هەموو بوارەکاندا، لێکچوونێکی زۆرتر ساز دەبێ لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکان لە ئەنیمەیشنی  (WALL-E).



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/CmvROyT
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە