ئەیسەر زنجیرە لاپتۆپی Swift و Aspire بە بوونى دوگمەی Copilot و پڕۆسێسەری Intel Core Ultra نوێ کردەوە

ئەیسەر نوێترین لاپتۆپەکانی لە زنجیرەی Aspire و Swift لە کۆنگرەی CES 2024 نمايش کرد. هەندێک لە لاپتۆپەکان لە چەند ڕوویەکەوە لە یەک دەچن، وەک، بوونی دووگمەی Copilot و پڕۆسێسەری Intel Core Ultra.

مۆدێلی Acer Aspire Vero لە پڕۆسێسەری Intel Core Ultra 7 بەردەست دەبێت. هەندێک لە بەشەکانی لاپتۆپەکە لە ماددەی دووبارە بەکارهاتووی، وەک، پلاستیک و زبڵ و خاشاکی دەریاکان دروست کراوە. ڕوونماکەی قەبارەی 16 ئینجە و ڕوونی 1,600 * 2,560 پیکسڵە. تاکو 10.5 کاتژمێر بەرگەی بەکارهێنان دەگرێت بە یەک بارگاوی کردنەوە. پشتگیری لە Wi-Fi 7 دەکات و دەرچەی USB-C لە خۆ دەگرێت. نرخی بریتییە لە 750 دۆلار و لە مانگی چوار لە ئەمریکا بەردەست دەبێت.

جێگەی باسە ئەیسەر لە زنجیرەکە دوو لاپتۆپی دیکەشی بە ناوەکانی Acer Aspire Go 15 و 14 نوێ کردەوە. لاپتۆپەکان بە زنجيرە پڕۆسێسەری Intel Core i3 N بەردەست دەبن و پشتگیری لە Wi-Fi 6 دەکەن. قەبارە گەورەکەی ڕوونی ڕوونماکەی FHD دەبێت، لە کاتێکدا قەبارە بچووکەکەی ڕوونی ڕوونماکەی WUXGA. لاپتۆپەکان بە نرخی دەستپێکی 250 دۆلار لە مانگی داهاتوو بەردەست دەبن.

ئەیسەر زنجیرەی Acer Swiftـیشی نوێ کردەوە، هەردوو لاپتۆپی Acer Swift Go 14 و 16 بە بژاردەی پڕۆسێسەری Intel Core Ultra و گرافیکی ناوەکی Intel Arc بەردەست دەبن. قەبارەی 16 ئینج ڕوونی ڕوونمای 3.2K و لە جۆری OLED، لە کاتێکدا، قەبارەی 14 ئینج، ڕوونی 2.8K و بەهەمان شێوە لە جۆری OLED. بە ڕامی جۆری LPDDR5X تاکو بژاردەی 32 گێگابایت و بە بیرگەی تاکو 2 تێرابایت بەردەست دەبن. نرخی دەستپێکی لاپتۆپەکان بریتییە لە 750 دۆلار.

لە کۆتاییدا، لاپتۆپی Acer Swift X 14 بە بژاردەی پڕۆسێسەری Intel Core Ultra زنجیرەی H و زنجیرە گرافیک کاردی RTX 40 بەردەست دەبێت. ڕوونماکەی لە جۆری OLED دەبێت و ڕوونی 2.8Kـە. بە ڕامی تاکو 32 گێگابایت و بیرگەی 1 تێرابایت بەردەست دەبێت. نرخی دەستپێکی لاپتۆپەکە بریتییە لە 1,400 دۆلار و لە مانگی داهاتوو بەدەست دەبێت.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/Kdy6kqW
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە