گرینگترین ڕاگەیەندنراوەکانی بۆنەکەی Playstation Showcase

سۆنی شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11 دوای چەند ساڵێک بۆنەیەکی گەورەی بۆ پلەیستەیشن ئەنجامدا، بۆ پیشاندانی نوێترین یارییەکانی تایبەت بە خۆی و یارییەکانی لایەنی سێیەم و یارییەکانی چاویلکەی Playstation VR. وەشانێکی باشترکراو (Remake)ـی یاری Metal Gear Solid Δ: Snake Eater بەڕێوەیە و یاری Assassin’s Creed Mirage لە ئەمساڵ بڵاو دەکرێتەوە و گرتە ڤیدیۆیەکی یاری Spider-Man 2 پیشان درا.

ڤیدیۆیەکی نوێی یاری Spider-Man 2 بڵاوکرایەوە

لە کۆتایی بۆنەکە پلەیستەیشن ڤیدیۆیەکی ئەزموونی یاری کردن (gameplay)ـی یاری Spider-Man 2 پیشاندان، کە لەم بەشەدا یاری بە هەردوو کارەکتەری بەشەکانی ڕابردووی Spider-Man دەکەین، هەروەها نەخشەی یارییەکە گەورەترە بەراورد بە بەشەکانی ڕابردوو، وا بڕیارە لە کاتێکی پایزی ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە.

 

وەشانی باشترکراو (Remake)ـی یاری Resident Evil 4 پشتگیری لە چاویلکەی زیرەکی PS VR دەکات

ئێستا بەناوبانگترین بەشی یاری Resident Evil پشتگیری لە چاویلکەی زیرەکی PS VR دەکات، وەشانەکە بەخۆڕایی دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە وەشانی PS5ـی یارییەکانی هەیە، کاپکۆم ئاماژەی بە کاتی بەردەست بوونی یارییەکە نەکرد.

 

یاری Alan Wake II لە مانگی 10ـی ئەمساڵ بۆ نەوەی ئێستای کۆنسوڵ و کۆمپیوتەر بەردەست دەبێت

یاری Alan Wake II دەبێتە درێژە پێدەری بەشی یەکەمی یارییەکە کە لە ساڵی 2010 بڵاوکرایەوە، یارییەکە بۆ نەوەی ئێستای کۆنسوڵ و کۆمپیوتەر لە ڕۆژی 17ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ بڵاو دەکرێتەوە و تەنها وەشانی دیجیتاڵی لێ بەردەست دەبێت.

 

یاری Assassin’s Creed Mirage دەگەڕێتەوە سەر ڕێچەکەی جارانی یارییەکانی Assassin

یاری Assassin’s Creed Mirage ئەو یارییە دەبێت کە گەیمەران ماوەیەکی زۆرە داوای یارییەکی لەو جۆرە Assassin دەکەن، یارییەکە تەواو پشت دەبەستێت بە تەکنیکی خۆحەشاردان (Stealth) و لە شاری بەغداد دەبێت لە ساڵانی 800ـەکان. یارییەکە بۆ هەردوو نەوەی کۆنسوڵ و کۆمپیوتەر لە ڕۆژی 12ـی مانگی 10 بڵاو دەکرێتەوە.

 

یاری Metal Gear Solid Δ: Snake Eater تەواو نوێکراوەتەوە بۆ نەوەی ئێستای کۆنسوڵەکان

دەنگۆکان ڕاست بوون! کۆنامی کار لەسەر وەشانی باشترکراو (Remake)ـی دەکات. لە بۆنەکەدا شەوی ڕابردوو تڕەیلەری یارییەکە پیشان درا بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر کانی بڵاو کردنەوەی یارییەکە ئاشکرا نەکرا. هەروەها کۆکراوە (Collection)ـی یاری Metal Gear Solid: Master Collection Vol. 1 ڕاگەیەندنرا، هەرسێ یاری Metal Gear Solid و Metal Gear Solid 2 و Metal Gear Solid 3 لە خۆ دەگرێت، وابڕیارە لە پایزی ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە.

 

سۆنی کۆنسوڵێکی دەستی نوێ دروست دەکات

هەواڵە دزەپێکراوەکان ڕاست بوون کە باسیان لەوە دەکرد سۆنی کار لەسەر کۆنسوڵێکی دەستی نوێ بۆ پلەیستەیشن دەکات بە ناوی Project Q. کۆنسوڵەکە دەتوانیت یارییەکانی PS5ـی لەسەر ئەنجام بدەیت بە ڕوونی 1080p و تێکرایی نوێ بوونەوەی 60 هێرتز لەرێگای وای فای، هەمان پارچەکانی کۆنتڕۆڵی پلەیستەیشن 5 بۆ بەکارهاتووە. وا بڕیارە کۆنسوڵەکە لە کۆتایی ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە.

 

سۆنی یەکەمین بیستۆکی پلەیستەیشنی نمایش کرد

سۆنی هەر بە کۆنسوڵە دەستییەکەی نەوەستا بەڵکو بیستۆکێکیشی نمایش کرد، کە لە کۆتایی ئەمساڵ بەردەست دەبێت. زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەری نەوترا، تەنها ئەوە نەبێت کە پشتگیری لە پلەیستەیشن 5 و کۆمپیوتەر دەکات لەرێگەی Bluetooth.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/QPT83Bt
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە