ڕا و سەرنجی پێشوەختە – ژیری دەستکرد و وەڵامدانەوەکانیان بۆ ئێمە

 

ژیری دەستکرد، Chat GPT، وەڵامدانەوەی گووگڵ، وەڵامدانەوەی مایکرۆسۆفت، بوون بە سەردێڕ و باسی گەرمی ئەم چەند مانگەی تەکنەلۆژیا. بەڕادەیەک کە ئێستا هیچ هەواڵێکی دیکە هێندەی ئەم هەواڵانە چاودێری ناکرێت و سەرنجی لەسەر دەرنابڕدرێت.

 

ئێمەش لێرەدا سەرنجی خۆمان دەردەبڕین دەربارەی ئەم دۆخەی ئێستا و لێکدانەوەیەکی سادەی بۆ دەکەین، پێش هەموو شتێک با بزانین Chat GPT چییە؟ (بەمزووانە بابەتێکی تەواو تایبەتمان دەبێت لەسەر ئەوەی کە Chat GPT چییە، لێرەدا تەنها بە کورتی ئاماژەی پێ دەکەین)

 

ئەم دەستەواژەیەی کە چەند مانگێکە تەواوی ئینتەرنێتی داگیر کردووە، کورت کراوەی Chat GPT (Generative Pretrained Transformer) ـیە، بۆ یەکەمین جار لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو (واتە دوو مانگ پێش ئێستا) بڵاو کرایەوە، بەزوویی بووە سەردێڕی تەواوی هەواڵە تەکنەلۆژییەکان، هەندێک بە باشە باسیان کرد و هەندێک وڵات بۆ هەندێک بەشی وەک قوتابخانە و زانکۆکان بە تەواوەتی قەدەغەیان کرد، ئەم چات بۆتە بنچینە کراوە لەسەر ئاستی سێیەمی ژیری دەستکردی کۆمپانیای OpenAI کە توانای هەیە فێربێت! بەڵێ فێربێت وەک مرۆڤ!

 

کۆمپانیای Open AI خاوەندارێتی لەم پرۆژەیە دەکات کە لە ساڵی 2015 و لە ویلاتی سان فرانسیسکۆ لە لایەن ئیلۆن مەسک و سام ئەڵتمان دامەزرا. هۆکاری زوو بەناوبانگ بوونی ئەم چات بۆتە ئەوەیە بنچینە کراوە لەسەر large language model یاخوود LLM، واتە پرۆگرام کراوە بۆ ئەوەی لە زمانی مرۆڤ تێبگات و وەڵام بداتەوە لەسەر بنچینەی زۆرترین داتا. هەر زوو زۆر لایەن سوودیان لێ بینی و چەندین تاقیکردنەوەشی پێ ئەنجام درا، وەک درووستکردنی پرۆگرام و پرسیاری ڕۆژانە و پرسیاری زانستی، هەروەها پرسیاری پزیشکی (بەڵام لەم بوارەیاندا تەواو سەرکەوتوو نەبوو).

 

شتێکی دیکە کە ChatGPT جیاواز دەکات بریتییە لە توانای تۆمارکردنی ئەو بوار و بابەتەکەی کە لە پەیامەکانی پێشووی بەکارهێنەران لە تەوەرێکدا بەکار هاتووە و بەکارهێنانی بۆ پێکهێنانی وەڵامێکی نایاب بۆ دواتر لە گفتوگۆکەدا، واتە وەک مرۆڤ، کاتێک لەگەڵی دەدوێی دەزانێت باس لە چ بابەتێک دەکەیت و بە پێی ئەو بابەتە بەردەوام وەڵام وەردەگریت

 

بە پێی ئەو داتایانە بێت کە کۆمپانیا بڵاوی کردوونەتەوە، تەنها دوای 5 ڕۆژ لە بڵاو کردنەوەی 1 ملیۆن کەس ئەم خزمەتگوزارییەیان بەکار هێناوە، تەنها دوای 5 ڕۆژ! بەڕای من وەک هەر شتێکی دیکە (یاخوود جوانتر بڵێین هەر شتێک کە لایەنی باشە و خراپەی هەبێت) ئەوا دەکەوێتە سەر خۆت چۆن بەکاری دەهێنیت.

 

ئێستاش با باس لە جەنگەکە بکەین، بەڵێ! جەنگ! تەنها دوای دوو مانگ کۆمپانیا زلهێزەکانی دیکە هاتنە دەنگ و مایکرۆسۆفت هەر زوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەردەی لەسەر خزمەتگوزارییەکی نوێ لادا، کە بریتییە لە تێهەڵکێش کردنی بزوێنەری گەڕانی Bing بە ژیرییەکی دەستکردی هاوشێوەی Chat GPT، هەروەها گووگڵ ڕکابەری Chat GPT ڕاگەیاند بە ناوی ‘Bard’، کە ئەمیان لەسەر بنچینەی LaMDA درووست کراوە(ئەو زمانەیە کە یەکێک لە ئەندازیارەکانی گووگڵ لەبارەی دواو و وتی هەستی هەیە، پاشان لە کارەکەی لابرا).

 

ئێستاش ڕا و سەرنجی ئێمە: بەڕای من وەک خوێندنەوەیەکی پێشوەختە، هیچیان وەک Chat GPT سەرکەوتوو نابن.

مایکرۆسۆفت بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕا بۆ بەناوبانگ کردنی بزوێنەری گەڕانی Bing و بەڕای من ئەم هەلەی قۆستەوە، لە سەرەتادا بەکارهێنەرێکی زۆری دەبێت و خزمەتگوزارییەکە تاقی دەکەنەوە و پاشان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا Bing دەگەڕێتەوە بۆ دۆخێک کە نزیکە لە دۆخی پێشووتری.

وەک مایکرۆسۆفت تەنها هێندەی لێ چاوەڕوان دەکەم، بەڵام بابەتی گووگڵ جیاوازە. هەموومان دەزانین گووگڵ لە بواری ژیری دەستکرد و پێشکەوتنە نوێیەکانی تەکنەلۆژیا زۆر باڵادەستە، بێگومان لەمەشدا هەر وا دەبێت.

 

ڕکابەرەکەی کە گووگڵ بەرهەمی دەهێنێت ناوی ‘Bard’ دەبێت و پێشبینی دەکرێت پێشکەوتوو بێت، بەڵام بەڕای من گووگڵ پەلەی کردووە! چوونکە وەک دەزانین دوو مانگە Chat GPT نمایش کراوە و گووگڵ ڕاستەوخۆ وەڵامی هەبووە، ئەویش دوو لێکدانەوە لە خۆ دەگرێت، یان ئەوەیە لە سەرەتادا خزمەتگوزارییەکە زۆر بەهێز نابێت و لەگەڵ کاتدا بەهێزتر دەکرێت، یان ئەوەیە گووگڵ پێشووتر پلانی بۆ شتێکی گەورە داناوە و نەیویستووە ئاشکرای بکات، کە بە ڕای من لێکدانەوەی یەکەم ڕاست دەبێت.

 

ئەمە لێکدانەوە و ڕا و بۆچوونی خۆم بوو لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا، ناتوانین زیاتر بدوێین، چوونکە هیچ کام لە خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفت تاوەکو ئێستا بەردەست نەخراون.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/GXeDdCS
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە