پێداچوونەوەی تەواو بە Xiaomi 12T Pro؛ کامێرای 200 مێگاپیکسڵی و 120 وات بارگاوی کردنەوە و زیاتر. بینەربن!

پێشەکی

شاومی لە ٤ی ئەم مانگە لەسەر ئاستی جیهان چەند بەرهەمێکی نوێی ڕاگەیاند. هەمان بۆنە تایبەت بە عێراق و کوردستان لە ٦ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و ستافی کەی ئای تی ئێن تێیدا بەشداربوون. لە بۆنەکەدا چەند بەرهەمێک تایبەت بە بازاڕی عێراق نمایشکران. لە ناویاندا مۆبایلی Xiaomi 12T Pro بوو. خۆشبەختانە شاومی بە فەرمی بەرهەمەکەی پێشکەش بە کەی ئای تی ئێن کرد بۆ پێداچوونەوە و ئێمەش دوای هەفتەیەک لە ئەزموون کردن لەسەرەوە لە ڤیدیۆیەک باسمان کردووە و لە خوارەوەش بە کورتی بە نوسین بۆتان باس دەکەین.

لاشە و پێکهاتە و دیزاینەکەی

مۆبایلەکە بە گشتی دیزاینێکی کەشخە و جوان و سەرەنج ڕاکێشی هەیە. بەشی پێش و پشتەوەی شووشەیە. ئەوەی پێشەوەی ڕوونە کە گۆڕێلا گلاسە و پشتەوەیشی دیار نییە چ جۆرێکە. چوارچێوەکەی پلاستیکە و لەسەر ڕووی پشتەوەی سێ کامێرا و فلاشێکی جێگیرکراون. دوو بذڵندگۆی ستێریۆی هەیە و دەرچەی Type-C هەیە. ئەوەی من بەدڵم بوو شێوە دیزاینی کامێراکەیەتی کە بەجوانی لەگەڵ بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە گونجێندراون و چێوەکانی لەگەڵ سوچی مۆبایلەکە زۆر ڕێک و شاز داندراون. لێتان نەشارمەوە بەشی پشتەوەی بە شووشەیەکی بەهێزتر ڕووپۆشکرابا باشتربوو، بەڵام بێگومان ئەمەش دەکەوتە سەر نرخەکەی و نرخی زیاتر دەبوو.

ڕوونما

ئەم مۆبایلە خاوەن ڕوونمایەکی ئاست بەرزە لە جۆری AMOLED CrystRes. لە کاتی ئەزموون کرد بە ئاسانی دەردەکەوێت کە ڕوونمایەکی نایابە. لە ڕاستیدا لەژێر تیشکی خۆر ڕاستەوخۆ تاقیم کردەوە. ئاسایی بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئەگەر ڕێژەی نیتەکانی زیاتربوایە لە ١٠٠٠ پێم وایە باشتر دەبوو و ئاسایی تر لەژێر تیشکی خۆر بەکاردەهێندرێت. ڕوونماکە گەورەیە و ٦.٦٧ ئینجە و خاوەن تایبەتمەندی 120Hz و Dolby Vision و HDR10+ـە و بە گۆرێلا گلاسی ٥ ڕووپۆش کراوە.

پاتری

ئەوەی لەکاتی کۆنگرە سەری من و ئامادەبووانیشی سوڕماند ڕێژەی پاتری بوو کە ٥٠٠٠ مللی ئەمپێرە. بەشی ڕۆژێکی تەواوی بەکارهێنان دەکات. ئینجا کەللەسەری بارگاوی کردنەوەکەی نایابە و ١٢٠ واتە، کە بە ١٩ خولەک لە سفرەوە پڕی دەکات. من خۆم تاقیم کردەوە کەمێک لەم کاتە زیاتر بوو، بەڵام هۆکارەکەیم بۆ دەرنەکەوت. هەرچۆنێک بێت بەڕاستی خێرایە و من دەمێکە ئایفۆن بەکاردەهێنم شتی وەها خێرام نەدیووە تەنها لە ماکبووکەکانی نەبێت. مۆبایلەکە ئاسایی بەرگەی زۆر دەگرێت، بەڵام بێگومان بەپێی بەکارهێنانی و کاری سەختی وەکو مۆنتاژ و یاریکردن بەرگەگرتنەکەی کەمترە چونکە ئەم ئەرکانە وزەی زیاتر بەکاردەهێنن.

چوستی و چیپ و ڕام و بیرگە

وەک ئاشکرایە جۆری Xiaomi 12T Pro چیپی ئاستبەرز و نایابی کۆمپانیای کواڵکۆمی لەسەرە، کە Snapdragon 8+ Gen1ی 4 نانۆمەترییە. لە کاتی ئەزموون کردن لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ و سۆشەل میدیا و مۆنتاژ و یاریییە ڤیدیۆییەکان چوستییەکی ئاست بەرزی هەبوو. هەریەک لە یاری PUBG و Call of Duty و Asphalt 9 و زیاتریشم لەسەر تاقیکردەوە و هیچ لاگ و گەرمبوونێکی ئەوتۆم بەدی نەکرد کە شایستەی باس بێت. بۆ وێنەگرتن و تۆمارکردنیش زۆر خێرایە تەنانەت وێنەی ٢٠٠ مێگاپیکسڵ و تۆمارکردنی 8K بەبێ گرفت و زۆر بەخێرایی ئەنجام دەدا. هەروەک بیرمان نەچێت ئەم مۆبایلە لەزۆربەی بێنچمارکەکان نمرەی بەرزی تۆمارکردووە و لە ریزبەندی سەرەوەی لیستەکان دایە.

کامێرا

ئەم مۆبایلە خاوەن سێ کامێرایە لەسەر ڕووی پشتەوەی کە  دانەیەکی٢٠٠ مێگاپیکسڵی سەرەکی و دانەیەکی ٨ مێگاپیکسڵی ئەڵتراواید و ٢ مێگاپیکسڵی ماکڕۆ هەیە. لەسەر ڕووی پێشەوەیشی کامێرایەکی ٢٠ مێگاپیکسڵی هەیە. مۆبایلەکەم لە هەموو دۆخەکان تاقیکردەوە. لە دۆخی ئاسایی بۆ وێنەگرتن لە ڕووناکی ئاساییدا زۆر جوان و وردن. تەنانەت لە 2X زوومدا ڕوونی لەدەست نادات. ئەوەی ئاسایی ڕوونی لەدەست دەدات لە کاتی زوومی دیجیتاڵییە کە دەیکەیتە 3X یان زیاتر. ئەم مۆبایلە بۆ پۆرترەیت لە ڕێگەی کامێرای پێش و پشتەوە زۆر بەجوانی لێواری تەنەکان دیاریدەکات و پشتەوەیان تەڵخ دەکات.

هەرچی تۆمارکردنی ڤیدیۆیە، مۆبایلەکە تاوەکو 8K 24fps تۆماردەکات و نمونەیەک لە خوارەوە هەیە. لە دۆخەکانی تری وەکو 4K و 1080P و 750p تۆمارکردنەکانی جوان و نایابن، تەنها لە دۆخی 4K لە کاتی X2 زووم کەمێک هەستی پێدەکرێت تەڵخە لەچاو 1X زووم.

سەبارەت بە دۆخی شەو بێگومان زۆر نایاب بوو هەم بۆ وێنە و هەمیشە بۆ ڤیدیۆ کە کاتێک دۆخی Ultra Night Mode چالاک دەبێت زۆر زۆر ڕووناکی دەکاتەوە و تۆمارێکی زۆر باش دەکات. نمونەکان لە خوارەوەن.

نمونەی وێنەی ٢٠٠ مێگاپیکسڵی (پێویستە کلیکی لێ بکەیت بۆ بینینی بە ڕوونی تەواو (٧٩ مێگابایتە)

نرخ و بەردەست بوون

ئەم مۆبایلە بە فەرمی لەلایەن کۆمپانیای شاومی لە کوردستان و عێراق بەردەست کراوە. بۆ بیرگەی ٢٥٦ گێگابایت و ڕامی ١٢ گێگابایت بە نرخی ٥٤٩ دۆلار بەردەستە. لە ئێستادا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەکاتی کڕین دیاری لەگەڵ و تا ماوەیەکی دیاریکراویش چاککردنەوەی ڕوونما بەخۆڕاییە بۆ ئەو کەسانەی لەم ماوە دیاریکراوە دەیکڕن.

بۆچوونی ئێمە بە گشتی:

نرخەکەی زۆر گونجاوە لەچاو تایبەتمەندییەکانی و چاوەڕوانی ئەم نرخەم نەدەکرد. کامێراکەی زۆر باش بوو و تەنها سەرەنجم ئەوە بوو کە لەسەرەوە باسم کرد. خێرایە و چوستی بەرزە و من وەکو خۆم کەمتر ئەزموونی مۆبایلە ئاستبەرزەکانی شاومیم کردبوو بەم دواییانە و سەرسام بووم کە MIUI13 بەبێ گرفت لەسەر ئەمەیان نەرم و خێرایە. پێم وابوو ئەگەر کەرەستەی بەهێزتر بۆ بەرگەگرتن لە لاشەی بەکارهاتبووایە باشتربوو، بڵام دیستانەوە دەکەوتە سەر نرخەکەی و نرخی زۆر زۆر دەبوو. بارگاویکردنەوەکەیم بەدڵ بوو بەجۆرێک لە ماوەیەکی زۆر کەم پڕ دەبێتەوە بەهۆی کەللەسەری ١٢٠ واتییەوە. بەگشتی بوخچەیەکی ڕێکوپێکە لە تایبەتمەندی و گونجاویشە بۆ بازاڕی کوردستان و تاکی کورد و داهاتەکەی.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/tNJg8RW
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە