بەرهەمە ساختەکان لە نێوان چاوچنۆکی و مەترسیدا!

دیاردەی کۆپی کردنی بابەتەکان سەرتاپای جیهانی داگیر کردووە، ئەمەش وەک هەر بابەتێکی دیکە لایەنی باش و لایەنی خراپیشی هەیە، بەڵام لێرەدا سەرنجتان بۆ کۆپی کردنی بابەتە ئەلیکترۆنییەکان ڕادەکێشم، بە تایبەتتر بابەتەکانی پەیوەست بە کامێراوە.

بە گشتی لە ئێستادا چەند جۆرێک لە ساختەکاری هەیە:

١- ئۆرجیناڵی گەڕاوە: جۆرێکە لە جۆرەکانی ساختەکاری بەڵام چۆن؟!، وەک دەزانین زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بابەتەکان دەنێرنە دەرەوە و بە تایبەتی بونەتە دابەشکاری سەرەکی بەرهەمەکە لە بابەتە ئەلیکترۆنییەکان، کاتێک بەرهەمەکان کێشەیان بۆ دروست دەبێت دەیگەڕێننەوە بۆ بەرهەمهێنەری سەرەکی کە لە وڵاتێکی دیکەیە. زۆرجار ئەم کۆمپانیای دابەشکارە بە هۆکاری چاوچنۆکی، کەمکردنەوەی خەرجی یان دابینکردنی تێچوو لە شتێک کە هیچ سودێک بە کۆمپانیا ناگەیەنێت بەرهەمەکە ناگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر و هەر لە وڵات یان شارەکەی خۆی و لای کەسانی نا ئەکادیمی چاکیدەکەنەوە و دووبارە دەیفرۆشنەوە، بەم کردارەش دەوترێت ساغ کردنەوەی کەلوپەلی شکاو و کێشەدار و بە بەرهەمە چاککراوەکەش دەگوترێت “Refurbished”، بەڵام لە بازاڕی ڕەشدا و نەک ” Certified Refurbished ” کە هەمان چاککردنەوەی بەرهەمە کێشەدارەکەیە بە شێوەیەکی سەلامەتتر و خوودی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ئەرکی گەڕانەوە و چاککردن و فرۆشتنەوەی بە ئەستۆ دەگرێت.

٢- کۆنەی پینەکراو: جۆرێکە لە جۆرەکانی ساختەکاری و فێڵێکی زۆر بەربڵاوە لە بابەتە ئەلیکترۆنییەکان بە تایبەت کامێرا و مۆبایلە زیرەکەکان. ئەم جۆرە ساختەکاریەش تەنها لە ڕووکەش (بەشی دەرەوەی) ئامێرەکەدا ئەنجام دەدرێت و بابەتێکی کۆن و ماندووکراو بە گۆڕینی چەند پارچەیەکی دەرەوەی وا نیشان دەدرێت کە زۆر بە کەمی بەکارهاتبێت و نوێ بنوێنێت، خۆ دەکرێت بە نوێش بفرۆشرێنەوە و کڕیاری پێ بخەڵەتێنرێت.

٣– ساختەی هاوشێوەی ئۆرجیناڵ: زۆرێک لە کۆمپانیا چینیەکان پەنا دەبەنە بەر ئەم کارە و بەرهەمێکی ساختە کت و مت هاوشێوەی ئۆرجیناڵەکە دروست دەکەنەوە، کە ئەمەش هەموو کۆمپانپایەکی چینی نایکات و تەنها ئەو کۆمپانیایانە نەبێت کە دەیانەوێت کڕیارێکی زۆر بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئەمەش بە داواکاری بازرگانێک دەکرێت کە دەیەوێت ئەو بابەتە بخاتە بازاڕی وڵاتەکەیەوە.

بەم جۆرە ساختەکارییەش دەگوترێت “Replica”، کە دەکرێت بناسرێنەوە لە ڕێی کەسانی شارەزاوە.

نموونەی زیندووی بەردەستی من بارگاویکەرەوەیەکی کۆمپانیای سۆنی ژاپۆنیە کە بەم شێوازە فێڵی تێدا کراوە لە چەند ڕوویەکەوە، ئەوانیش:

ـ نوسینی پشتەوەی بەرهەمەکە هاوشێوەی یەک نین!

ئۆرجیناڵ

ساختە

ـ کۆدی QR پشتەوەی بەرهەمەکە بە تەواوی هەڵەیە.

لە QR کۆدی تایبەتی کە سکانم کرد، ژمارە 149324321 نیشاندا، بەڵام خوودی سریاڵی بەرهەمەکە ژمارەیەکی دیکەیە!

 

خوودی کۆدی QR لەسەر بەرهەمە ساختەکە.

کۆدی Qr لە کاتی سکان کردن، دەردەکەوێت کە ژمارەکان جیاوازن.


ـ جیاوازی هەیە لە کواڵتی دروست کردن لە نێوان دوو بەرهەمەکەدا لە ڕووی دەرەوە.

بەرهەمی ئۆرجیناڵ

بەرهەمە ساختەکە

 


ـ سەرجەمی بەرهەمەکانی ناو یەک کارتۆن هەمان ژمارەی سریاڵیان هەبوو!


ـ لە ڕووی ناوەوەی بەرهەمە ساختەکە بۆ ئەوەی لە بەرهەمە ئۆرجیناڵەکە بچێت، کانزایەکی کێش ١٥٠ گرامی بە لەزگەیەکی دوو دیوو پێوە لکێندراوە.


ـ پارێزەرەکانی دژە شۆرتی کارەبا و کێشەکان لە کاتی بارگاوی بوونەوە و گەرم بوون کێشەیان تێدایە و زۆرێکیان هەر لەسەر بۆردەکە نەبەستراون و تەنها وەک جوانی دانراون.

تێبینی: ئەم بەرهەمانە دەکرێت لە کاتی کارکردنی زۆر و درووست بونی کێشەی کارەبایی بتەقێنەوە یان ئاگر بگرن کە دەکرێت کارەساتێکی گەورە درووست بکەن.


چۆن بەرهەمی ساختە بناسینەوە؟

١- بەرهەمی ساختە تەنها گرنگی بە کواڵتی و جوانیی ڕووکاری دەدرێت و لە ناوەوەی بەرهەمەکە زۆر جیاوازن.

٢- زانیاریەکانی سەر بەرهەمەکە لەگەڵ خوودی بەرهەمەکە یەک ناگرنەوە.

٣- زانیاری ئاماژەپێکراو لە سەر بەرهەمەکە دەکرێت تەنها لەبەرگیرابێتنەوە و چەندین بەرهەم یەک ژمارەی سریاڵیان هەبێت.

٤- خراپیی لە ئاستی پێشکەشکردنی چوستی، بۆ نموونە بارگاویکەرەوەیەکی ئۆرجیناڵ پاتریەک بە ٣٠ خوولەک بارگاوی بکاتەوە ئەوا بەرهەمێکی ساختە کاتێکی زۆر زیاتر دەخایەنێت.

٥- گەرم بوون و کار نەکردن بێ هۆکار.

٦- نیشاندانی “بوونی هەڵە یان Error” لە پاش ماوەیەک بەکارهێنان.


چۆن بە بازاڕکردن (مارکێتینگ)ـی بەرهەمە ساختەکان ئەنجام دەدرێت؟

ئەم بەرهەمانە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە خاوەنی یاسای بەهێزن ڕێگە پێنەدراون، بەڵام لە وڵاتە دواکەوتووەکانی وەک عێراق، هیندستان و …هتد بە ئاشکرا مامەڵەیان پێوە دەکرێت و دەفرۆشرێن.

لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر ئەوەی چۆن دەکرێت بەرهەمێکی ساختە بکرێتە هۆی سەر لێ تێکدانمان لەلایەن فرۆشیارەوە؟

١ـ بوونی بەرهەمە ساختەکە لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەربڵاو.

٢ـ پڕوپاگەندە و ڕیکلامی ساختە بۆ بەرهەمەکە.

٣ـ هاوتاکردنی نرخی ساختەکە بە ئۆرجیناڵەکە، لە پێناو سەر لێ شێوانی کڕیار و کاتێک نرخە بەرزەکە دەبینێت وادەزانێت کە بەرهەمێکی ئۆرجیناڵە و چاودەپۆشێت لە هەموو ئەوانەی دیکە.

٤- ناردن بۆ کەسانی دیار و درووستکردنی بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەتی لە ڕێی پێداچونەوەکانی یوتیوبەوە.


سەرەنجام

بەرهەمی ساختە جگە لە بە هەدەردانی پارە و سامانی گشتی و کەسیی دەبێتە هۆی نەهێشتنی متمانە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا، لەوانەیە سەر بکێشێت بۆ دروستبوونی ئاژاوە، ئەمە لە لایەنە کۆمەڵایەتیەکەوە. خۆ ئەگەر لە لایەنی سەلامەتی لێکی بدەینەوە ئەوا بابەتی ساختە گەورەترین مەترسین بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی بە تایبەت بابەتە ئەلکترۆنیەکان کە زۆرترین بەرکەوتەیان لەگەڵ مرۆڤە و دەکرێت ببنە چەکێکی زۆر کوشندە بۆ کەسەکە.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/valKMZs
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە