4 گێگابایت ڕام لە iOS بەرامبەر 18 گێگابایت ڕام لە ئەندرۆید – کامیان باشترە و بۆچی؟

 

ئێمە دەزانین نوێترین مۆدێلی ئایفۆن کە ئایفۆن 13 ـیە خاوەن ڕامێکی 4 گێگابایتە، لە کاتێکدا مۆبایلەکانی ئەندرۆید چەندین ساڵ دەبێت ڕامی 4 گێگابایتیان لەسەر مۆبایلەکانیان جێگیر کردووە و ئێستا هەندێک مۆبایل خاوەن 18 گێگابایت ڕامن جگە لە ڕامە زیاد کراوەکان لە ڕێگەی بیرگەوە کە تاوەکو 20 گێگابایت و زیاتریش بەرزی دەکاتەوە، ئەمەش بە نزیکی قەبارەی ڕامی لاپتۆپ و دێسکتۆپە

 

بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی ملیۆنان خەڵک ئایفۆن دەکڕن، پرسیارێکی زۆر باو لە نێو خەڵکی و کورد بە تایبەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە بۆچی هێشتا 4 گێگابایت ڕام بەسە بۆ کار پێ کردنی ئایفۆنەکان؟ لە کاتێکدا 4 گێگابایت ڕام بۆ کار پێ کردنی مۆبایلێکی ئەندرۆید زۆر زەحمەتە؟، ئایا هۆکار ئەوەیە سیستەمەکەی ئەپڵ زۆر بە باشی گونجێندراوە؟ یان سیستەمی ئەندرۆید گونجاندنەکەی زۆر خراپە؟

 

پێش هەموو شتێک، تۆ دەبێت لە شێوازی کار کردنی ڕام تێ بگەیت، ئەرکی رام بریتییە لە لەخۆگرتنی زانیارییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی، لەوانەیە ئەمە ناڕوون بێت، وەرن با ڕوونی بکەینەوە، ڕام وەک کاغەزی تاقیکردنەوەی بیرکاری بهێنە پێش چاوی خۆت، بیرگەی کاتی (رام) هاوشێوەی کاغەزەکەیە، هەڵگری هەنگاوەکانی شیکار کردنی پرسیارەکان دەبێت، بەڵام خۆی پرسیارەکان شیکار ناکات و دەیگوازێتەوە بۆ پرۆسێسەر بۆ شیکار کردنی، وەک چۆن ئێمە دەیگوازینەوە بۆ ئەقڵمان، بەڵام بیر بکەوە، ئەگەر ڕووبەری کاغەزەکە کەم بێت و شوێنی پێویست نەبێت بۆ شیکار کردنی پرسیارەکان، ئەوا کاتێکی زۆری پێ دەچێت و سەرنجێکی زۆرتر دەوێت بۆ شیکار کردنی پرسیارەکان، ڕێک هاوشێوەیە بۆ ڕام، کاتێک قەبارەی ڕام کەم بێت وەک ئەوە وایە ڕووبەری کاغەزەکە کەم بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆسێسەر کاتێکی زیاتری بوێت بۆ شیکار کردنی کێشەکان و بەدوایدا تەواوی پارچە ئەلیکترۆنییەکە خاو دەبێتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەیە ڕام ناودەبرێت بە بیرگەی کاتی

 

بەو نموونە سادەیەی سەرەوە تێگەشتیت کە ڕام کار کردنی چۆنە، ئێستا با نموونەیەکی سادەتر بهێنینەوە پێش ئەوەی نموونەی قورستر بۆ تێگەشتن باس بکەین، شێوازی Algorithm و داڕێژانی سیستەمی iOS زۆر سادەتر لە ئەندرۆید و ئەمەش وادەکات کارامەیی پرۆسێسەر (بە ئەقڵی مرۆڤ هەژماری بکە) زیاتر بێت، بەڵام ئێمە کێشەمان ئەمە نییە، کێشەمان ئەوەیە ڕووبەری کاغەزەکەمان کەمە (ڕام)، ئەمە چۆن چارەسەر دەبێت؟، سیستەمی iOS خاوەن Algorithm ـێکی زۆر نایابە، با ئەمەش بە خەت کوژێنەوە (مساحە) تێ بگەین، سیستەمی iOS خاوەن خەت کوژێنەوەیەکە کە لە کاتێکدا زانیارییەکان لە پرۆسێسەر لێک دەدرێنەوە، لەگەڵ لێکدانەوەیان ڕاستەوخۆ لە ڕام زانیارییەکە دەسڕێتەوە، ئەگەر ئەمە بە کاغەزەکە دابنێین، تێگەشتن زۆر لێی ئاسان دەبێت، ئەگەر خەت کوژێنەوەکە هەبێت ئەگەر ڕووبەری کاغەزەکەش کەم بێت ئەوا دەتوانیت بە خەت کوژێنەوەکە چارەسەری بکەیت، بە خێرایی و زوو زوو زانیارییەکان لەسەر کاغەزەکە دەسڕیتەوە و زانیاری نوێ دەنووسیت و دوا ناکەویت لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، هەمان شێوەیە بۆ چۆنێتی کار کردنی ڕام لە iOS، لە سیستەمی ئەندرۆیدیش بێگومان ئەم Logarithm ـە هەیە بەڵام خاوتر کار دەکات، ئێستا ڕوونکردنەوەی سادە تەواو بوو، با کەمێک شتەکان بە ئاڵۆزتر و تێگەیشتنێکی جوانتر ڕوون بکەینەوە

 

پێش هەموو شتێک ڕاستە ئەم دوو سیستەمە هەردووکیان لەسەر مۆبایلی لەمس(touch) کار دەکەن، بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لە کار کردنیان، بۆ نموونە:

بەهۆی سنووردار کردنی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای گووگڵ لەسەر مۆبایلەکانی ئەندرۆید، دەبێت هەموو ئەپەکان لە پاشبنەما (background) کار بکەن، ئەمەش مانای وایە ئەگەر ئەپێکی 100 مێگابایتی بکەیتەوە، میمۆری پاشبنەماکەت(ڕام) 100 مێگابایت کەم دەکات، بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ ئەپەکان لە سیستەمی ئەندرۆیدا لە پاشبنەما بە کار کردوووی دەمێننەوە، ئەمەش واتا ئەپێکی زۆر لە پاشبنەما کار دەکەن بێ گوێ دانە ئەوەی بەکاری دەهێنێت لە ماوەیەکی نزیکدا یان نا، لێرەوە پێویستی مۆبایلەکانی ئەندرۆید بە ڕام زۆر زیاتر دەبێت (ئەمە بە خەت کوژێنەوەیەکی خەراپ هەژمار بکە بۆ زیاتر تێگەشتن)

 

 

سیستەمی iOS بۆ پاش بنەماکەی tombstone mechanism بەکار دەهێنێت، ئەمەش وا دەکات کار کردنی ئەپەکان لە پاشبنەمادا بۆ iOS بە نزیکەیی خەیاڵی (Virtual) بێت و بۆ ئەندرۆید ڕاستەقینە بێت، چۆن؟ کاتێک ئەپێک لە پاشبنەمادا دەبێت لە iOS کار ناکات و کار کردنی دەوەستێت، سیستەمەکە و شێوازی پرۆگرام کردنی پاشبنەما لە iOS وەها درووست کراوە کە کاری ئەپەکە بوەستێتێنێت و تەواوی سەرنج بخاتە سەر کار کردنی ئێستای ئەپەکە، بۆیە ئەگەر ئەپێک لە iOS بچێتە پاشبنەما ئەوە لە کاتێکدا بتەوێت کاری پێ بکەیتەوە لە هەمان شوێنی کار کردن کار ناکاتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین دۆخی کردنەوەی ئەپەکە، لە ئەندرۆیددا هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد شتەکە بە پێچەوانەوەیە، بۆیە ڕامێکی ئێجگار زیاتر پێویستە، لە هەندێک دۆخدا کە ئەپەکان پێویست نەبن لە پاشبنەمادا سیستەمی iOS باشترە، بەڵام هەندێک کات پێویستت بەوە دەبێت چەند ئەپێک پێکەوە بکەیتەوە و کار بە ئەپێک بکەیت و دواتر بچیتە سەر ئەپێکی دیکە، کە ئەمە لە iOS بەدی نایەت و ئەندرۆید لەم ڕووەوە باشترە

 

پرسیار درووست دەبێتئایا ئەگەر ئەپ لە پاشبنەمادا نەبێت، بەکارهێنانی ڕام لە iOS و ئەندرۆید یەکسانە؟، بێگومان نەخێر!، با بزانین چۆن.

 

هەمان ئەپ کە لەسەر iOS و ئەندرۆید کار دەکات، جیاوازی دەبێت لە بەکارهێنانی ڕام، سیستەمی iOS سیستەمێکی داخراوە و تەنها ئەپڵ بەکاری دەهێنێت، ئەم باسە پەیوەندی تایبەتی هەیە بە چۆنێتی کار کردنی گەشەپێدەرانەوە بۆ درووست کردنی ئەپەکە، لەبەر ئەوەی ئەپڵ سەرچاوە داخراوە و تەنها خۆی سیستەمەکە بەکار دەهێنێت، یاسا و ڕێسای توندی بۆ گەشەپێدەران داناوە بۆ درووست کردنی ئەپ بە ڕەچاو کردنی کەم بەکارهێنانی ڕام و پێداچوونەوەی زۆر ورد دەکرێت بۆ چۆنێتی گەشەپێدانەکە و دەبێت بە تەواوی لەگەڵ هاردوێر(ڕەقەکاڵا) کار کردنی ئەپەکە بگونجێنرێت

 

بەڵام لە ئەندرۆید کارەکە پێچەوانەیە، لەبەر ئەوەی ئەندرۆید سیستەمێکی سەرچاوە کراوەیە، شێوازی کار کردنی گووگڵ زۆر ئاسانترە لەگەڵ گەشەپێدەران چوونکە لە لایەن زۆرینەی کۆمپانیاکەوە بەکار دەهێنرێت.، پێداچوونەوەیەکی کەمتر بۆ بەکارهێنانی ڕام لە ئەپەکان دەکرێت لەگەڵ گونجاندنیان بۆ کار کردن لەگەڵ ڕەقەکاڵا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕامێکی زیاتر بۆ هەمان ئەپ بەکار بهێندرێت لە ئەندرۆید بەراورد بە iOS

 

جگە لەم هۆکارانە هۆکاری سەرەکی تر هەیە کە سیستەمی iOS لە بنەچەوە بە شێوازێکی کەمتر ئاڵۆزتر لە ئەندرۆید داڕێژراوە، ئێمە ناتوانین تەواوی هۆکارەکان ئاماژە پێ بکەین، بەڵام سەرەکیترین هۆکارەکانمان بۆ ئێوە خستۆتە ڕوو، بۆیە لە کۆتاییدا ئایفۆنێک بە 4 گێگابایت ڕام باشترە یان ئەندرۆیدێک بە 18 گێگابایت ڕام؟

 

ئەگەر لە کار کردنی ڕام تێگەشتبی ئەمە زۆر ئاسانە، بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر شێوازی بەکارهێنانی ڕۆژانەی خۆت!، پاشان بۆ ئایفۆن لەبەر ئەوەی بەم ڕامە کەمەوە کاری خۆی ئەنجام دەدات ڕامێکی بچووکتر باشترە لەبەر ئەوەی نرخیش کەم دەکاتەوە، بۆ ئەندرۆید بە پێچەوانەوە پێویستی بە ڕامی زیاتر هەیە، بەڵام لە ئێستادا لە 8 گێگابایت زیاتر بە پێویست دانانرێت تەنها لە مۆبایلە گەیمینگەکاندا نەبێت، ئێستا تێگبە تەنها ڕام پێوەر نییە بۆ ناوزەند کردنی مۆبایلێک بە باش یان خراپە، هەمووی پەیوەندی بە مێشک (پرۆسێسەر) هەیە و ئەمانی دیکە تەواوکەرن!



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/OE6uPfL
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە