لە دوای زۆرترین هەواڵ و زانیاری دزەپێکراو لە بارەی هەردوو مۆبایلی Google Pixel 6 و Google pixel 6 Pro، لە ئەنجامدا شەوی رابردوو گووگڵ هەردوو مۆبایلەکەی بە چیپسێتی تایبەت بەخۆی بە تەکنەلۆژیای 5 نانۆمەترییەوە نمایشکرد.
مۆبایلەکە چیپسێتی Google Tensor لەسەر جێگیرکراوە، کە هەشت ناوکی یەکەی ناوەند (CPU)ـی لەخۆدەگرێت و دوو ناوکیان ARM Cortex-X1ـە بەخێرایی 2.8 گێگاهێرتزە. ئەم چیپە یەکەمین چیپسێتی جیهانە کە دوو ناوکی ARM Cortex-X1 لەسەر جێگیرکرابێت و دوو ناوکی Cortex A76 بەخێرایی 2.25 گێگاهێرتز و دوو ناوکی Cortex A55 بەخێرایی 1.8 گێگاهێرتز و گرافیک (GPU)ـی Mali-G78 لە خۆدەگرێت کە لەسەر مۆبایلە ئاست بەرزەکانی ئەندرۆید بەدی دەکرێت. گوگڵ ئاماژەشی بەوەکرد کە مۆبایلەکان بە بەراورد بەنەوەی پێشوتری خۆیان لەرووی یەکەی ناوەند (CPU)ـی %80 خێراترە و لەرووی گرافیک (GPU)ـی %370 چوستی زیاترە.
چیپسێتەکە چیپی M2ـی تێدا بنیاتنراوە کە تایبەتە بۆ پاراستنی داتا و زانیاری مۆبایلەکە. بە سەرسوڕمانییەوە گووگڵ 5 ساڵ نوێکردنەوەی ئاسایش و 4 ساڵ نوێکردنەوەی ئەندرۆید بۆ مۆبایلەکان دابین دەکات.
مۆبایلەکان تایبەتمەندی Magic Eraser لە خۆدەگرن، کە رێگەت پێدەدات بە سرینەوەی ئەو تەنانەی لە وێنەکەت گرتوتە و ئەمەش بە هاوکاری چیپی Tensor ئەنجام دەدرێن و هەروەها هاوکارە لە چرکاندنی وێنەی باشتر و پێدانی رەنگێکی جوانتر بە وێنەکان و باشترکردنی دۆخی Night mode بە بەراورد بە نەوەی پێشوتری.
تایبەتمەدییەکی دیکەیان “وەرگێرانی راستەوخۆیە” کە نامەکان و وێنەکانت بۆ 55 زمان بۆ وەردەگێڕێت. تایبەتمەندییەکە بە شێوەی ئۆفڵاین بۆ هەریەک لە زمانەکانی فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، ژاپۆنی، پورتوگالی، یان ئیسپانی کاردەکات.
جۆری پرۆ خاوەنی روونمایەکی لا چەماوەییە لە جۆری AMOLED بەقەبارەی 6.7 ئینج بەروونی +QHD بە تێکرایی نوێ بوونەوەی 120 هێزتز و لەخۆگرتنی تەکنیکی LTPO بۆ کەمتر بەفیرۆدانی وزە. هەروەها توانای هەیە تێکڕای نوێ بوونەوە لە نێوان 10 بۆ 120 هێرتز ڕێک بخات. لەبەرامبەردان جۆری ئاسایی خاوەن روونمایەکە لە جۆری AMOLED بە روونی +FHD بە تێکرای نوێ بوونەوەی 90 هێرتز. هەردوو مۆبایلەکه روونماکانیان بە پارێزەری Gorilla Glass Victus ڕوپۆش کراوە و هەردووکیان هەستەوەری پەنجەمۆرییان لەژێر روونمادا هەیە و هەردوو مۆبایلەکەش پشتگیری لە تەکنەلۆژیای +HDR10 دەکەن و بڕوانامەی IP68ـیان هەیە بۆ دژە ئاو و تۆز.
جۆری پرۆ کامێرایەکی Telephoto لەخۆدەگرێت کە لە جۆری ئاساییدا بوونی نییە، کە کامێراکە بەروونی 48 مێگاپیکسڵ دەبێت لەگەڵ چوار هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵ. گووکڵ ئاماژە بەوە دەکات بەیارمەتی تایبەتمەندی “Super Res Zoom” دەتوانرێت تاکو بیست هێندە نزیک بکرێتەوە. هەروەها جۆری پرۆ خاوەن کامێرایەکی سێڵفی گۆشە فراوانە بەروونی 11.1 مێگاپیکسڵ و جۆری ئاسایی خاوەن کامێرایەکی سێڵفی ئاساییە بە روونی 8 مێگاپیکسڵ.
هەردوو مۆبایلەکه خاوەنی کامێراییەکی سەرەکین بەروونی 50 مێگاپیکسڵ بەهەستەوەری GN1 سامسۆنگ. گووگڵ ئاماژەی بەوەکرد کە کامێرای سەرەکی Google Pixel 6 Pro بەراورد بە نەوەی پێش خۆی 150% ڕووناکترە. ئەمە و بوونی کامێرایەکی گۆشەفراوان لەسەر هەردوو مۆبایلەکە بە ڕوونی 12 مێگاپیکسڵ.
لەرووی پاترییەوە جۆری پرۆ خاوەن پاترییەکی بەقەبارە 5000 مللی ئەمپێر.کاتژمێری و جۆری ئاسایی خاوەن پاترییەکی 4600 مللی ئەمپێر.کاتژمێری. هەروەک هەردوو مۆبایلەکه پشتگیری بارگاویکەرەوەی خێرا بە هێزی 30 وات دەکەن و بۆ بارگاویکەرەوەی بێتەلیش جۆری پرۆ پشتگیری لە 23 وات دەکات و جۆری ئاسایی پشتگیری 21 وات دەکات.
لەرووی بیرگەو ڕامەوە جۆری پرۆ بە بیرگەی 128 گێگابایت و 256 گێگابایت و 512 گێگاباێت و ڕامی 12 گێگابایت بەردەست دەخرێت، بەڵام جۆری ئاسایی بە بیرگەی 128 گێگابایت و 256 گێگابایت ڕامی 8 گێگابایت بەردەست دەخرێت.
جۆری پرۆ بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت نرخی 899 دۆلار دەبێت و بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت 999 دۆلار دەبێت و بۆ بیرگەی 512 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت نرخی 1099 دۆلار دەبێت. لەبەرامبەردا جۆری ئاسایی بۆ بیرگەی 128 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت نرخی 599 دۆلار دەبێت بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت نرخی 699 دۆلار دەبێت. شایەنی باسە لە ئێستا داواکاری پێشوختەی بەردەستە و هەفتەی داهاتوو بۆ کریاران ڕەوانەدەکرێت.
from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/3CfkYSF
via IFTTT