دێسکتۆپ و لاپتۆپ: کامیان بکڕین و چۆن دیاری بکەین کامیان پێویستییەکانی ئێمە دابین دەکات؟

لە ئێستادا کۆمپیوتەرەکان بەشێکی گرنگی ژیانمانن و ڕۆژانە بە کاریان دێنین بۆ چەندەها بابەتی جیاواز جیاواز و کاری ئاسایی و مۆنتاژ و گەیم و کۆدینگ و چەندەها بابەتی تر

 

چۆن کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکانمان بکڕین؟

 

سەرەتا لە هەموو دۆخێکدا کۆمپیوتەری سەر مێز واتە دیسکتۆپ هەرزانتر و باشترە لە لاپتۆپ و تەنها ئەگەر شوێنت جێگیر نەبێت و بتەوێت لەگەڵتدا بێت لاپتۆپ بکڕە،ئەگینا دیسکتۆپ زۆر کار ئاسانی بۆ کراوە بۆ نموونە پارچەیەک دەسووتێت ڕاستەوخۆ دەتوانیت بێ کێشە بیگۆڕیت و دەتوانرێت ئەپگرەیدیش بکرێت واتە پارچەکانی بگۆڕدرێت بۆ تایبەتمەندی بەرزتر بە پێی ڕێو شوێنی تایبەتی خۆی

 

یەکەمین بەش کە گرنگە لە کاتی کڕینی لاپتۆپ و کۆمپیوتەرەکاندا ڕوونما یاخوود بڵێین مۆنیتەرە،سەرەتا دەبێت جیاوازی بکەیت کە ئایە کارەکەی تۆ چییە؟،ئەگەر تەنها کاری ئاسایی دەکەیت ئەوە مۆنیتەرێکی قەبارەی ئاست مام ناوەند زۆر گونجاوە بە تێکڕای نوێ بوونەوەی 60 هێرتز بەڵام بۆ یاری کردن بە ڕای ئێمە هەتاوەکو بەرزتر بێت باشترە،لەوانەیە لە ئێستادا مۆنیتەری 360 هێرتز هێندە پێویست نەبێت و ژمارەیەکی کەمیان لێ بەردەست بێت بەڵام لە داهاتوودا یاری زیاتر پشتگیری 360 هێرتز-فرەیم دەکەن،سەبارەت بە کەسێک کە دیزاین بکات زیاتر گرنگی بە ڕوونی ڕوونماکە بدات باشترە،بۆ نموونە ڕوونی 4K،بە هەمان شێوەی دیزاینەریش ئەوانەی کە گەیمیش دەکەن پێویستە ڕوونی ڕوونماکانیان بەرز بێت،بەڵام زیاتر بۆ دیزاینەر پێویستە، هەروەها خێرایی وەڵامدانەوە یاخوود Response Time لە مۆنیتەرەکاندا بۆ یارییە ئۆنڵاینەکان زۆر گرنگە، لە ئێستادا وەڵامدانەوەی 0.5ms مۆنیتەرەکان تا ڕادەیەک زیادەڕەوییە و زۆرینەی مۆنیتەرەکان تەنها بە ناو لەو ئاستەدان، هەروەها تایبەتمەندی HDR بۆ ڕەنگ تێری زۆر پێویستە، وە HDR ڕاستەقینە لە سەرووی HDRـی 1000ـەوەیە

 

دووەمین بەش CPU یاخوود بڵێین پرۆسێسەرە،کەسێکی ئاسایی پرۆسێسەرێکی وەک Core i9-10900K ناوێت کە تەنها کاری ئاسایی پێ بکات،ئێمە پرۆسێسەرەکانی کۆمپانیای AMD بۆ کەسێکی ئاسایی و تاوەکو کەسێکیش کە کاری مام ناوەندی پێ بکات پێشنیار دەکەین،چوونکە نرخیان زۆر گوونجاوە هاوشێوەی AMD Ryzen 3 3300X کە تەنها 119 دۆلارە و 4 ناووک 8Threads لە خۆ دەگرێت لەگەڵ خێرایی 3.8 گێگا هێرتز لە کاتێکدا لەو نرخە ئێنتێڵ پرۆسێسەرێکی هاوشێوەی نییە،لە کاتی کڕینی پرۆسێسەریش دەبێت ئاگامان لێ بێت کە بۆ چ کارێکمانە،بۆ نموونە ئەگەر کاری ڕێندەر و سێ دووری دەکەیت پێویستت بە ناووکی زۆر دەبێت لە پرۆسێسەرەکاندا،بەڵام ئەگەر گەیم دەکەیت ئەوا پێویستت بە گێگا هێرتزی بەرز دەبێت لە پرۆسێسەرەکاندا،هەر بۆیە بە گشتی پرۆسێسەرەکانی AMD کۆڕیان زۆرترە و بۆ ڕێندەر گونجاون،وە پرۆسێسەرەکانی ئێنتێڵ گێگا هێرتزیان بەرزە و بۆ یاری گونجاون،واتە ناتوانیت لە یەک کاتدا باشترینی ڕێندەر و گەیم بکڕیت

 

سێیەمین بەش گرافیک کاردەکانە،سەرەتا ئێمە پێشنیاری هیچ گرافیک کاردێکی کۆمپانیای AMD ناکەین تاوەکو ئێستا،چوونکە لە ڕووی گەرم بوونەوە زۆر خراپن و جگە لەوەش سۆفتیۆریان لەگەڵ کۆمپیوتەرەکاندا زۆر ناڕێکە،بۆیە تەنها پێشنیاری گرافیک کاردەکانی کۆمپانیای ئێن ڤیدیا دەکەین،کە گرانترن لە گرافیک کاردەکانی کۆمپانیای AMD بەڵام باشترن و کێشەی گەرم بوونیان کەمە و سۆفتیۆریشیان باشە،گرافیک کاردەکانی ئێن ڤیدیا لە ئێستادا بەسەر دوو زنجیرەی سەرەکی دابەش بووە کە GTX و RTXـن و زنجیرەی RTX زنجیرەیەکی نوێیە و زۆر بەهێزە و پشتگیری تایبەتمەندی Ray Tracing دەکات کە داهێنانێک بوو لە بواری گرافیک و جوان دەرخستنی یارییەکان،گرافیک کاردەکانی ئێن ڤیدیا لە خوار GTX 1000ـەوە بۆ کەسانی ئاسایی گونجاون،بەڵام لە سەروو ئەوەوە گرافیک کاردەکانی GTX 1050 و 1060 و 1070 و 1080 دێن کە ئاستیان باشترە و گرافیک کاردەکانی 1070 و 1080 لە ئێستادا کاری قورسیشیان پێ ئەنجام دەدرێت،ئەوەی دەمێنێتەوە زنجیرەی RTXـە کە تەواو ناوازەیە و RTX 2060 و 2070 و 2080 دەگرێتەوە کە هەموویان کاری قورسیان پێ دەکرێت،وە لە ئێستادا زنجیرەی RTX 3000 بڵاو کراوەتەوە کە بە تەواوی ناوازەیە و نرخی زۆر کەمترە بەراورد بە زنجیرەی Nvidia RTX 2000 بە هەمان توانا و باشتریش، جگە لەمانە هەر گرافیک کاردێکیان جۆری جیاواز تری هەیە وەک پاشگری TI و Super کە بە پێی گرافیک کاردەکە دەگۆڕدرێت کامیان باشترن، زۆر جار پاشگری TI باشترێکە

 

چوارەمین پارچە هارد یاخوود بیرگەیە،کە لێرەدا قەبارە گرنگ نییە و ئەوە هەمووان دەزانین کە پێی کاری پێویستی خۆمان قەبارە دیاری دەکەین وەک 256 گێگابایت و 512 گێگابایت و 1 تێرابایت و هتد… بەڵام ئەوەی گرنگە جۆری بیرگەکەیە کە لە ئێستادا باوترین دوو جۆری بیرگە HDD و SSDـین،کە جۆری HDD زۆر خاوتر کارەکان ئەنجام دەدات بەراورد بە SSD و لە کاتی کەوتنی بە زەویدا و هەر ڕووداوێکدا ئەگەر فەوتانی زانیارییەکان زۆرە چوونکە شێوازێکی سووڕاوە و موگناتیسی هەیە و میکانیکییە بەڵام جۆری SSD لە ڕێگەی پارچەی میکانیکییەوە کار ناکات و هاوشێوەی USBـیە و زۆر خێرایە بەڵام بێگوومان نرخیشیان زۆر جیاوازی هەیە و جۆری SSD گرانترە

 

پێنجەمین بەش و کۆتا پارچە کە باسی بکەین ڕام یان بیرگەی کاتییە کە لێرەشدا بە پێی کارەکەت دەتوانیت دیاری بکەیت،ئەگەر کارت ئاساییە واتە بەس سۆشیاڵ میدیایە ئاساییە ئەگەر لە 8 گێگابایتیش کەمتر بێت بەڵام بۆ کاری ئاست مام ناوەندیش لە 8 گێگابایت زیاتر بێت باشترە،بێگوومان خێرایی جیاوازیان هەیە کە بە مێگا هێرتز دەپێورێت و هەتا وەکو بەرزتر بێت خێراترە، ئەوەشی دەمێنێتەوە جۆرەکەیە کە بۆ کەسێک کە کاری سۆشیاڵ میدیا بکات جۆری DDR3ـش ئاساییە بەڵام بۆ کەسێک کە کاری ئاست مام ناوەند و کاری قورس بکات جۆری DDR4 گونجاوە، وە جۆرەکانی تری بیرگەی کاتی ئاستیان وەک پێویست نییە

 

ئەمانە سەرەکیترین پارچەکان بوون بۆ کڕینی کۆمپیوتەر و لاپتۆپ،پارچەی زۆرتر هەیە وەک ساردکەرەوە و پاوەر سەپڵای بۆ کۆمپیوتەری سەر مێز،بەڵام لە ئێستادا هەر بە سادەیی باسی لێوە دەکەین و لە داهاتوودا پارچەکانی تر دەخەینە ڕوو



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/3pSKoiv
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە