هەموو شتێک بزانە لە بارەی چیپسێتی سناپدراگۆن 888

لە بۆنەیەکی دوو ڕۆژیدا کە کۆمپانیای کواڵکۆم ئەنجامیدا بۆ نمایش کردنی نوێترین چیپسێتی خۆی کە سناپدراگۆن 888ـە چەندین تایبەتمەندی نوێی نیشان داین و چاوەڕوان دەکرا ناوی چیپسێتەکە سناپدراگۆن 875 بێت بەڵام کواڵکۆم بازدانێکی ئەنجامدا و کردی بە سناپدراگۆن 888، هەروەها چاوەڕوان دەکرا چیپسێتی نوێ بۆ ئاستی ناوەند نمایش بکات لە زنجیرەی سناپدراگۆن 700 کە چیپسێتی زۆر بەهێزن بۆ ئاستی ناوەند بەڵام نمایشی نەکرد و پێدەچێت کەوتبێتە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو، چیپسێتی سناپدراگۆن 888 لەسەر مۆبایلە فلاگشیپەکانی ئەندرۆید لە ساڵی داهاتوو جێگیر دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت وەک چۆن ساڵی 2020 چیپسێتی سناپدراگۆن 865 سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا ئاوهاش بۆ ساڵی 2021 چیپسێتە نوێیەکەی کواڵکۆم سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، چیپسێتە نوێیەکەی کواڵکۆم لە ڕووی CPU و GPU و DSP و ISP و مۆدێمەوە باش کراوە و دەتوانین بڵێین چیپسێتێکی تەواو نوێیە، بە ناووکی گەورەی Kryo 680 و GPUـی Adreno 660 و شەشەمین نەوەی ژیری دەستکرد بە چیپی Hexagon 780 و پێنجەمین نەوەی بارگاوی کەرەوە( Quick Charge 5 ) و مۆدێمی Snapdragon X60 و چواردە کۆمپانیای جیاواز جیاواز بڕیاریان داوە لەسەر بەرهەمەکانیان جێگیری بکەن

سەرەتا لە CPU دەست پێ دەکەین کە Kyro 680ًـیە

 

کواڵکۆم چەندین ساڵە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی چیپسێتە، زۆر گرنگی بە CPU و GPU دەدات و بێگوومان ئەم دوو بەشە کرۆکی چیپسێتن، بۆ ئەمساڵ کواڵکۆم ناووکی Kyro 680 لەسەر چیپسێتی سناپدراگۆن 888 جێگیر دەکات کە بە پێی وتەی کۆمپانیای بێت 25% خێراترە لە ناووکی Kyro 585 کە لەسەر چیپسێتی سناپدراگۆن 865 جێگیر کرابوو، هەروەها IPC باشتر کراوە و لە ڕووی ئارچیتێکچەر(شێوازی تەلارسازی (معماري) چیپسێتەکە) باشتر کراوە و لە هەمووی گرنگتر قەبارەی چیپسێتەکە 5 نانۆمەترییە لە کاتێکدا سناپدراگۆن 865 بناغەی 7 نانۆمەتری بوو، کە یارمەتی دەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ کەمتر بە فیڕۆ چوونی وزە لە مۆبایلە زیرەکەکاندا، چیپسێتەکە هەشت ناووک لە خۆ دەگرێت کە ناووکی سەرەکی لە جۆری Kryo 680 Primeـە بە خێرایی 2.84 گێگاهێرتز و سێ ناووکی لە جۆری Kryo 680 Performanceـە بە خێرایی 2.4 گێگاهێرتز و 4 ناووکی لە جۆری Kryo 680 Efficiency coresـە بە خێرایی 1.8 گێگاهێرتز

 

 

ناووکە سەرەکییەکە کە Kyro 680ـیە ناووکی دەستکاری کراوی Cortex X-1ـە کە مانگی 5 ئەمساڵ کۆمپانیای ئەی ئاڕ ئێم نمایشی کرد و زنجیرەی ئێکسی درووست کرد کە زنجیرەیەکە کار لەسەر پرۆگرامی کەستەم دەکات (CXC) و بەهێزتر دەبێت لە زنجیرەی ئەی کۆمپانیای ئەی ئاڕ ئێم، ئامانج لێی قەبارەی گەورەتری ناووکەکان و کەمتر بەکار بردنی وزەیە و لە ڕاستیدا بۆ ڕکابەری چیپسێتەکانی کۆمپانیای ئەپڵ Apple Bionic بەرهەم هێنراوە، ئەوەی جێگای نائوومێدییە کواڵکۆم سناپدراگۆن 888 خێرایی ناووکی سەرەکی بریتییە لە 2.84 گێگاهێرتز لە کاتێکدا کۆمپانیای ئەی ئاڕ ئێم ڕایگەیاند ناووکە نوێیەکەیان خێرایی بەرز دەکرێتەوە بۆ 3.0 گێگاهێرتز، بەڵام کواڵکۆم کە دەستکاری ناووکەکانیش دەکات وەک خۆی بەڵام هەر 3.0 گێگاهێرتزی دانەناوە، و خێراییەکەی وەک ناووکی Cortex A-77ـی پێشووترە، پێدەچێت کواڵکۆم بەتەما بێت وەک سناپدراگۆن 865 پڵەسی لێ بکات، وەک چۆن سناپدراگۆن 865 پڵەس خێرایی ناووکی سەرەکی 3.09 گێگاهێرتز بوو جۆری پڵەسی چیپسێتی سناپدراگۆن 888 خێرایی ناووکی سەرەکی بگاتە سەرووی 3.0 گێگاهێرتز، هەروەها ناووکی 680 Performance core لەسەر ARM’s Cortex-A78 دیزاین کراوە کە ناووکێکی نوێی کۆمپانیای ئەی ئاڕ ئێمە و لەگەڵ ناووکی Cortex X-1 نمایش کرا، هەروەها لە ڕووی IPCـەوە 7% باشتر کراوە و لە ڕووی توانای جێبەجێ کردنەوە 13% باشتر کراوە کە دەبێت سووپاسی بناغەی 5 نانۆمەتری بکەین بۆ ئەوەیان، خێرایی ناووکەکە بەرز دەکرێتەوە تاوەکو 2.4 گێگاهێرتز، و لە کۆتاییدا چوار ناووکی لە جۆری Kryo 680 Efficiency coresـە کە لەسەر ناووکی ARM Cortex-A55 دیزاین کراوە لە کاتێکدا ناووکەکە سێ ساڵ بەر لە ئێستا نمایش کراوە و خێرایی بەرز دەکرێتەوە بۆ 1.8 گێگاهێرتز

 

وەک GPU جۆری Adreno 660ـی نوێی لەسەر جێگیر کراوە:

 

لە بازاڕی چیسێتەکانی ئەندرۆید، هەمیشە کواڵکۆم بە GPUـە دەستکاری کراوەکەی کە Adrenoـیە پێشەنگە، بەڵام دەبێت بزانین GPUـە دەستکاری کراوەکانی چیپسێتی ئەپڵ Bionic لە ساڵی 2017ـەوە پێشەنگی گرتووە و دەستکاری دەکرێت، واتە دەبێت بزانین GPUـی ئەپڵ Bionic باشترین GPUـە بۆ چیپسێتی مۆبایلە زیرەکەکان، ڕاستەوخۆ لە دواوەیدا GPUـی Adrenoـی کۆمپانیای کواڵکۆم دێت و دواتریش GPUـی مالی دێت کە بێهێزە بەڕاستی، GPUـە نوێیەکە 35% خێراترە لە GPUـی Adreno 650 لە ڕووی ڕێندەرەوە و 20% هێزی کارامەیی زیاترە لە GPUـەکەی سناپدراگۆن 865، هەروەها لە ڕووی پیشاندانی ڕوونماوە، بۆ ڕوونمای OLED زۆر باشتر کراوە و جۆرێتی وێنەکان باشتر دیاری دەکات و ڕێندەری subpixelـەکانیش دەکات

 

 

 

بەشی پەیوەندییەکانی چیپسێتی سناپدراگۆن 888 کە مۆدێمی Snapdragon X60 modem-RF system و چەمکی پەیوەندی FastConnect 6900 دەگرێتەوە:

 

سەرەتا لە مۆدێمەوە دەست پێ دەکەین، مۆدێمەکانی تۆڕی نەوەی پێنجەم بەڕاستی گرانن، بە جۆرێک هەر مۆبایلێکی ئەمساڵ کە مۆدێمی تۆڕی نەوەی پێنجەمی لەسەر بێت بە تایبەتی مۆدێمی کواڵکۆم Snapdragon X55 5G modem-RF system کە لەسەر فلاگشیپەکان جێگیر دەکرا و بەشێک بوو لە چیپسێتی سناپدراگۆن 865، نرخی مۆبایلەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکردەوە، کواڵکۆم پێشەنگە لە درووست کردنی مۆدێمی تۆڕی نەوەی پێنجەم بۆ مۆبایلە زیرەکەکان، هەم لە خێرایی و هەم لە بوونی کەمترین پچڕان، ئەپڵیش مۆدێمی تۆڕی نەوەی پێنجەمی بەکار برد لە زنجیرەی ئایفۆن 12 و دەنگۆکان دەڵێن لەبەر زۆری تێچووی مۆدێمەکە ساڵی داهاتوو ئەپڵ خۆی دەست بە بەرهەم هێنانی مۆدێمی تۆڕی نەوەی پێنجەم دەکات بۆخۆی بۆ ئەوەی کەمتری لەسەر بکەوێت، بەڵێن دراوە کە لە مۆدێمە نوێیەکەدا ئاستی خێرایی بەرز بکرێتەوە و بەهەمان شێوە ئاستی بەکار بردنی وزە کەم بکرێتەوە، خێرایی دابەزاندنی مۆدێمەکە لە mmWaveـدا دەگاتە 7.5 گێگابت و لە sub-6GHzـدا دەگاتە 5 گێگابت، هەروەها پشتگیری دووانە سیمی جۆری جیهانی دەکات، هەروەها تایبەتمەندی Qualcomm FastConnect 6900 بۆ وای فای و Bluetooth لە خۆ دەگرێت کە هەردوو نەوەی Wi-Fi 6E و Bluetooth 5.2 دەگرێتەوە کە دواهەمین نەوەی پەیوەندییەکانن

 

 

 

تایبەتمەندییەکانی کامێرا لەگەڵ Spectra 580 ISP:

 

 

کواڵکۆم چەندین ساڵە خەریکی درووستکردنی Spectra ISPـیە و هەر جارەو تایبەتمەندییەکی نوێمان پیشان دەدات، وەک لە Spectra 280ـدا پشتگیری ڤیدیۆی 10-bit color دەکرد و پشتگیری بەکارهێنەرانی تایبەتمەندی HDR بە شێوەی Depth دەکرد، هەروەها لە Spectra 380ـدا یەکەمین ISP جیهان بوو کە پشتگیری CV-ISP و بکات لە ساڵی 2019 و ISPـی Spectra 480ـدا خێرایی ئەنجامدانی کردارەکانی بەرز کردەوە بۆ 2 گێگاپێکسڵ لە چرکەیەکدا، وە ئێستا ISPـی Spectra 580 چەندین تایبەتمەندی نوێ لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە سیانە architecture نوێ و 35% بەرز کردنەوەی خێرایی و پشتگیری کردن لە چرکاندنی وێنە و ڤیدیۆ بە تایبەتمەندی HDR بە خێرایی و زیاتریش، ئەتوانین بڵێین یەکێک لە گۆڕانە دڵخوازەکانی بەکارهێنەر، یەکەمین ISPـی سییانەیە و کواڵکۆم دەڵێت ئەمە ”قۆناغێکی نوێیە“ و پشتگیری ڤیدیۆ بە ڕوونی 4K و پشتگیری کردن لە تایبەتمەندی HDR دەکات و سییانە ISPـەکە دەتوانن بە ڕوونی 28 مێگاپێکسڵ سێ وێنە بچرکێنن بەهەمان ڕوونی و شێواز، ئێستا کواڵکۆم زیاتر سەرنجی لەسەر نزیککردنەوە(زووم)ـە و سەرنجی لەسەر کامێرای گۆشە فراوان کەم کردۆتەوە، بەهۆی ئەوەی کامێرای تێلەفۆتۆ زیاتر دڵخوازترە لە لای بەکارهێنەران، هەروەها ISPـیە نوێیەکە دەتوانێت 120 وێنە لە چرکەیەکدا بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ بەهەمان ڕوونی و شێواز بچرکێنێت، ISPـیە نوێیەکە وەها دیزاین کراوە پشتگیری تایبەتمەندی چرکاندنی وێنە و ڤیدیۆ لە ڕێگەی تایبەتمەندی HDRـەوە بەپەلە یاخوود بە خێرایی ئەنجام بدات و کواڵکۆم دەڵێت ”بەشێوەکی بەرچاو کوالێتی ڤیدیۆی HDR لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بەرز دەبێتەوە“ بەهۆی ئەم تایبەتمەندییە نوێیەوە کە دەتوانێت مەودای نزیک و مام ناوەند و درێژ جیا بکاتەوە، هەروەها پشتگیری ڕوونمای 10-bit color و فۆرماتی HEIF دەکات، پشتگیری ژیری دەستکردی نوێ دەکات و پشتگیری ڕوونی 4K و 120 وێنە لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ و لێدانەوەی ڤیدیۆ دەکات و سێ ژیری دەستکردی نوێ لە خۆ دەگرێت کە بۆ سەرنجی خۆکاری و و کەوتنەبەری خۆکاری و باڵانس کردنی ڕەنگی سپی لە وێنە و ڤیدیۆکاندا، هەروەها پشتگیری architectureـی نوێ دەکات بۆ ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە شوێنی تاریکدا دەگیرێن



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/2IgyIFJ
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە