زانیاری تەواو دەربارەی بیزکۆین

هەر کەسێک پێی وایە ئەم دراوانە راست ودروستە وفێڵ وساختە وهەڵ خەڵەتاندن نیە، من وکاک محمد فایق دەرچووی کۆلێجی زانست بەشی کۆمپیوتەر لە زانکۆی گەرمیان پسپۆڕی دراوە ئەلەکترۆنیەکان بۆی دەسەلمێنین. وەکو دەزانین لیدەر وتۆپ لیدەری ئەم دراوانە لەم دەڤەری خۆمانە زۆریان نەخوێندەوارن وبە کورتی نەک پسپۆڕ نین هیچ شارەزای زانستی نین هەر بۆیە دەبینین کەسانێک کۆمێنت لەسەر پۆستەکەمان دەنووسێت خەڵکی دەڤەری سۆران وئەوانەش هیچ لەو دراوە نازانن کە ریکلامی بۆ دەکەن..جگە لەوەی لە رووی شەرعیەوە زانایانی باوەڕ پێکراوی لای خۆمان هەروەها زانایانی جیهانی ئیسلامی حەرامیان کردووە دەڵێن جۆرێکە لە قومار. ئێمە لێرەوە بە بەڵگەوە وەلە رووی زانستیەوە بۆ بەڕێزتان دەسەلمێنین کەوا بیزکۆین تەنها ساختەیە وفێل ودزی کردنە لە خەڵکانێکی بێ ئاگا کە هیچ زانیاریان لە تەکنۆلۆجیا نیە ئەم بەڕێزانە ئێستا ریکلام دەکەن بۆ بیز کۆین هەمان ئەمانە بوون بۆ وەن کۆین دەیان کرد بەڵام چونکە خۆیان دەیانزای وەن کۆین درۆیە یەک وەن کۆینیان نەئەکڕی وتەنها خەڵکیان پێ بەدبەخت دەکرد وماڵ وێران دەکرد وپێیان دەفرۆشت کە خۆیان دەیانزانی دکتۆرە رۆجا پێنچ ملیاری دزیە ودیار نەماوە فلیمی وەن کۆین کۆتای هاتووە بەڵام ئەمانە لێرە پارەی باشیان لە خەڵک دەکردەوە ودەیانفرۆشت هەر بۆیە هیچ کامیان یەک دۆلار زەرەریان نەکرد. بەڵام کێشەی میللەتی کورد خۆش باوەڕین وزوو شتمان لە بیر دەچێت. مەبەستمان وەکو پسپۆری ئەم بابەتە دەترسین لای خوای گەورە بەدپرسیار بووین بۆیە حەقیقەتی ئەم دراوە یەک لە دوای یەک درۆینەتان بۆ ئاشکرا دەکەین. وە ئەمەش ووتەی کاک محمد دڵنیابن تاکو کۆتای بیخوێنەوە سوود مەند دەبیت بۆ ئەوەی هەڵت نەخەڵەتێنن: 

من محمد فایەق دەرچووی بەشی زانستی کۆمپیوتەرم لەزانکۆی گەرمیان شارەزای بازاڕی کریپتۆکەرەنسی و 

فۆڕێکسم (بۆڕسە) پێم خۆشە لەم بابەتەدا باسی قۆڵبڕینێک بکەم کەچەند ساڵێکە هاتووەتە شارەکانی کوردستانەوە ئەویش فرۆشتنی دروای سکامە بەخەڵک لەلایەن کۆمەڵێ مشەخۆرو گەندە خۆرەوە کەسەرەتایی ئەم قۆڵبڕینە لە کۆتایی ساڵی 2015 دەستی پێکرد بە دراوی دیجیتاڵی وەن کۆین کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دوای چەند ساڵێکی تر دەچێتە بۆڕسەوەو دووقاتی خۆی خێر دەکات کە ئەم قسانە خودی کۆمپانیاش ئەم قسانەی نەکردبوو بەڵام ئەوانەی ئێرە وایان دەوت ، دەیان وت ئێکسچەینجی هەیە کە دەتوانی بیکەی بەپارەی کاش کە ئەوەش تەنها درۆیەکی بریقەدار بوو ، با لەوەیان گەڕێین ئێستا هەمان گروپ و تاقم هاتوون دراوێکی تریان هێناوە بەناوی بیزکۆین پێش ئەوەی باسی ئەم دراوەش بکەین پێم خۆشە باسی کۆمەڵێ شتی گرنگ بکەم بۆ ئەوەی زۆر بەجوانی تێبگەن لە خودی کۆمپانیاکە کە ئەم دراوە دەخاتە بازاڕەوە ..... خوێنەر بن 


❖ سیستەمی پۆنزی:

پێویستە پێش ئەوەی بچینە ناو باسەکەوە، باسی سیستەمی پۆنزی بکەین بەشێوەیەکی زۆر سادە، کە کارەکەی بەم شێوەیەیە: خەڵکێک بەشداری لە کۆمپانیایەک دەکات کە بەڵێنی قازانجێکی زۆر دەدات و دەڵێ هەتا پارەی زیاتر بدەیت و بەشداربووی نوێ زیاتر بهێنیت، قازانجت زیاترە، کۆمپانیاکەش مانگانە یان هەفتانە یان رۆژانە پارە بەناوی قازانج دەداتە بەشداربووان تاوەکو متمانە دروست بکات و ئەوانیش ئەمە لای خەڵکی دیکە باس بکەن، بەڵام ئەو پارەیەی کە کۆمپانیاکە دەیدات قازانج نیە بەڵکو پارەی بەشداربووە نوێیەکانە. لە سیستەمێکی ئاوادا تەنیا ئەوانەی کە لە سەرەوەی هەرەمەکەن قازانج دەکەن لەگەل خەڵکێکی کەم کە بەشداربووی نوێیان هێناوە، بەڵام زۆرینەی خەڵکەکە پارەکەی دەروات و، ئەمەش چەند جار لە کوردستان روویداوە بە چەند ناوێکی جیاواز.

مەترسیەکە لەوەدایە، ئەم سیستەمە بەشداربووان هاندەدات کە لەپێناو قازانجی شەخسی خۆیان بەردەوام هەوڵ دەن خەڵکی دیکە قەناعەت پێبکەن کە بەشداری بکەن، ئنجا گرنگ نیە پرۆژەکە چیە و چی نیە، هەر کەسێک بتوانێ خەڵکی دیکە بهێنێت بۆ بەشداری کردن، قازانجی خۆی دەکات. بە کوردیەکەی، دەبێ ببیتە شەریک لەگەڵیان بۆ هێنانی بەشداربووی نوێ ئەگەر دەتەوێ قازانی باش بکەیت. هەر ئەمەشە وایکردوە ئەم پرۆژانە ئاوا بەخێرایی تەشەنە دەکەن و ئەوانەی کە ریکلامیان بۆ دەکەن هێندە بە گەرمی و بە جۆشەوە پشگیرییان لێدەکەن و بەڵێنی زۆر گەورە بەخەڵکی دەدەن و زۆر شتی ناراست دەڵێن تاوەکو خەڵکی زیاتر بەشداربێت لەرێی ئەوانەوە. بەڵام پرۆژەی پۆنزی ناتوانێت بەردەوام بێت، چونکە جگە لە پارەی بەشداربووی نوێ، کۆمپانیاکە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی و کارێکی دیکەی نیە. ئەم پرۆسەی قازانج وەرگرتنە بەردەوام دەبێت تاوەکو هیچ بەشداربووی تازە نامێنێت و ئەو پارەیەی کە دەدرێ وەکو قازانج زیاتر دەبێت لەو پارەیەی کە دێت بۆ کۆمپانیاکە. کاتێک ئەمە روویدا، خاوەنەکانی کۆمپانیاکە دەرۆن و پارەیەکی زۆری خەڵکیشیان دەکەوێتە لا. کەس ناتوانێ نکووڵی لەوە بکات کە سیستەمی پۆنزی بە دڵنیاییەوە هەرەس دەهێنێ و تەنیا کاتەکەی دیارنیە ئەگەرنا ئەنجامەکەی هەر لە سەرەتاوە روونە. دەکرێ سیستەمی پۆنزی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایەن بەردەوام بێت ئەگەر هات و بەشداربووی نوێ هەبوو، بۆیە ئەوەی کە پرۆژەکە ساڵێکە یان دوو ساڵە یان زیاتر بەردەوام بووە هیچ ناگەیەنێت ئەوە نەبێت کا تائێستاش دەتوانێ پارە بە خەڵکی نوێ بنێرێت.


❖ رابردووی دامەزرێنەرانی بیزکۆین و بیزترەید:

دامەزرێنەرانی ئەم چەند پرۆژەیە، رابردوو و پێشینەیەکی گوماناویان هەیە و برادەرانی بیزترەید لە کوردستان خۆیان شایەدی ئەوەن. ریهان و ریزوان کە بران، پێشتر زیاتر لە دوو پرۆژەی دیکەی پۆنزی هاوشێوەیان دروستکردوە و بە پارەی هەزاران خەڵکەوە بۆی دەرچوون، یەکێکیان لایف تریی وۆرڵد Lifetree World – LTW ئەوی دیکە کۆینسپەیس Coinspace و چەند پرۆژەیەکی دیکە وەکو Trade Coin Club - TCC. تەنیا لە پرۆژەی LTW زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار پارەی خەڵکیان برد، لەم لینکە ریزوان لەسەر پرۆفایلەکەی نووسیویەتی کە کاری بۆ LTW کردوە (لینکی ژمارە ١) و ئێستا کۆمپانیاکە هەڵوەشێنراوەتەوە. بۆیە پێدەچێ دامەزرێنەرانی بیزترەید و بیزکۆین کاریان دروستکردنی سیستەمی پۆنزی بووبێت لەرابردوودا و لە پرۆژەیەکەوە برۆن بۆ پرۆژەیەکی دیکە و پارە بە خەڵکی بخەنە ناو پرۆژەوە و ئەوان دوایی بیبەن. جگە لە دامەزرێنەرانی، زۆر کەسی دیکەی کە لەم پرۆژەیە بەشدارن پێشینەی سیستەمی پۆنزی دیکەیان هەبووە، بۆ نموونە دانیەل گرێنۆن-ی سەرۆکی بەشی مارکێتینگ بۆ بیزترەید، لە چەندین پرۆژەی دیکەی پۆنزی هاوشێوە بەشدار بووە، لەنێو ئەوانەشدا وەنکۆین (لینکی ژمارە ٢ و ٣ و ٤). 


❖ مێژووی بیزترەید و بیزترێک و بیزکۆین:

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ دا سێ کەس بەناوی ریزوان گۆهەر و ریهان گۆهەر و گورپریت دالیوال، کۆمپانیایەکیان دامەزراند بەناوی بیزترێک کە بەڵێنی ئەوەی دەدا بە بەشداربووان کە لەداهاتوودا رکابەری سایتی ئەمازۆن بکەن بۆ کرین و فرۆشتنی ئۆنلاین. ئەم کۆمپانیایە لەرێگەی مەڵتی-لێڤڵ-مارکێتینگ MLM ئیشی دەکرد و دوای پێنج مانگ لەدەست بەکاربوونی خەڵکێکی زۆر پارەکەی لێ رۆیشت و کۆمپانیاکە لەکار وەستا. ئنجا هەمان سێ کەس کۆمپانیایەکی دیکەیان بەناوی بیزترەید دروست کرد، کە بەهەمان شێوە بەهۆی نێتوۆرک مارکێتینگ بانگەشەی بۆ دەکەن و بەڵێنی ئەوە بەخەڵکی دەدەن کە تا وەکو %٤٠٠ بەهای پاکێجەکەی کە کریویانە قازانج وەردەگرنەوە بە مەرجێک بەشدار بن لە هێنانی بەشداربووی نوێ، لە هەمان کاتدا دەڵێن قازانجیش وەردەگرن لەسەر ئەو پارەیەی کە پاکێجەکەیان پێ کریوە، لە کاتێکدا کە دەڵێن ئێمە ئیش بە پارەکە ناکەین بەڵکو پاکێجی فێربوونی فۆرێکس دەفرۆشین. ئێستاش هەمان سێ کەس پرۆژەیەکی دیکەیان دروست کردوە بەناوی بیزکۆین، کە دراوێکی دیجیتاڵیە لەسەر سیستەمی ERC-20 دروستکراوە و بە پاکێج دەفرۆشرێ و قازانج لەسەر پاکێجەکان وەردەگیرێت بەهەمان شێوەی بیزترەید تاوەکو %٤٠٠ بەهای پاکێجەکە ئەگەر کار بکەی بۆ هێنانی بەشداربووی نوێ، ئەگەر بەشداربووی نوێت نەهێنا ئەوا دەڵێن لەکۆتایی ٥٢ یان ٧٢ هەفتە دا کۆینەکانت وەردەگریت. بەهەمان شێوە، لەگەڵ کرینی هەر پاکێجێک دەتوانی ببیتە بەشێک لە ئەکادیمیای بیزکۆین کە گوایە فێری بازرگانی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵیەکانت دەکات، ئنجا دەڵێن ئەم بیزکۆینە دەبێتە دراوێکی جیهانی و لە زۆر شوێن کاری پێدەکرێ وەکو بلیتی تەیارە و کرینی ئۆنلاین و هتد. بەڵام تائێستا تەنیا لە سایتەکانی خۆیان دەبینرێ و لەیەک شوێنی دیکە ناوی نیە.

❖ لە وێبسایتی بیزترەیدەوە:

ئێمە بۆ وەرگرتنی زۆربەی زانیارییەکان، وێبسایتی خودی بیزترەید و بیزترێک و بیزکۆینمان بەکارهێناوە و زانیارییەکانمان لەگەل داتەبەیسی ئەو وڵاتانەدا بەراورد کردوە کە پەیوەندیدارن. بیزکۆین و بیزترەید هیچکامیان لەلایەن چاودێری داراییەوە ناونووس نەکراون لە هیچ شوێنێک، کە ئەمە بەلانی کەمەوە بەپێی یاسا پێویستە بۆئەوەی بتوانن پارەی خەڵکیان بکەوێتەلا و قازانجیان پێ بدەنەوە. بیزترێک (ئەو کۆمپانیایەی کە دیارنەما لە پاکستان و بەریتانیا) لەلایەن دەسەڵاتی چاودێری دارایی وڵاتی بەریتانیا تۆمارکراوە، بەڵام وەکو ناسێنەر (واتە تەنیا دەتوانێ خزمەتگوزاری بە خەڵکی بناسێنێ و ناتوانێ بیفرۆشێ) و مارکێتینگ دەتوانێ بکات بۆ کۆمپانیایەک کە لەلایەن چاودێری دارایی تۆمارکرابێ، ئەمە لەسەر سایتی FCA بەجوانی نووسراوە (لینکی ژمارە ٥). لەسەر سایتی بیزترەید دەڵێت بیزترەید بەشێکە لە کۆمپانیای بیزترێک، کەواتە بیزترەید بەپێی یاسا ناتوانێ پارەی خەڵکی بکەوێتەلا و قازانج بدات چونکە بیزترێکیش ناتوانێت، وە ئەمە هەر بەروونی لە وێبسایتی بیزترەید خۆی نووسراوە (لینکی ژمارە ٦) کە ئەوان تۆمار نەکراون و کۆمپانیای وەبەرهێنان نین. ئەی چۆن پارە لە خەڵک وەردەگرن و چۆن قازانج دەدەن؟ بەڵام لەولاوە سایتێکی دیکەیان دروست کردوە هەر بەناوی بیزترەید bizztrade.club (لینکی ژمارە ٧) بەلام لەم سایتەیاندا دەڵێت کە لەڕێگەی ترەیدی ئۆتۆماتیکی فۆرێکس پارە پەیدا دەکەن و قازانجی رۆژانە دەدەن! هەر زۆر بە ئاسانی دەتوانی بزانی کە ئەمانە خەریکی فێڵن بە تەماشاکردنی دوو وێبسایتی جیاواز (لینکی ٧ و ٨) و بەراوردیان بکە. لەلایەک دەڵێن مۆڵەتمان نیە و ناتوانین کار بکەین، لەلایەک دەڵێن فۆرێکس بە رۆبۆت دەکەین. لێرە (لینکی ژمارە ٧) ناوی بیزترێکیان داناوە بۆ مۆلەتی FCA کە وەک گوتمان تەنیا مۆڵەتی ناساندنی هەیە و هیچی دیکە، بەوتەی وێبسایتی خۆیان.


بیزترەید دەڵێت کە ئەوان پلاتفۆرمی فێرکاری فۆرێکسن و پاکێجەکانی کە دەیفرۆشن هی فێرکارییە. ئێوە لەخۆتان بپرسن، ئایا ئەو فێرکارییانە ئەوەندە پارەیە دەهێنن کە پاکێجەکان داوای دەکەن؟ ئنجا کوان ئەو فێرکارییانە؟ جیاوازی فێرکاری پاکێجێکی هەرزان لەگەل دانەیەکی گران چیە؟ باشە کام لەوانەی لە کوردستان کاریان بۆ دەکەن بەهۆی پاکێجە فێرکارییەکەی ئەوانەوە بۆتە کەسێکی سەرکەوتوو لە بواری فۆرێکس؟ ئەگەر لە فۆرێکس سەرکەوتوو بن، چ پێویستیان بە ئەوەیە بەردەوام بەدوای بەشداربووی نوێدا بگەڕێن و قەناعەتیان پێ بێنن پارەی بخەنە ناو؟ ئنجا ئەگەر بیزترەید کاری فرۆشتنی پاکێجی فێرکارییە (وەکو خۆیان لە سایتی خۆیان بەروونی دەیلێن) ئەو قازانجە لەکوێوە دێت کە دەیدەنەوە بە خەڵک؟ وبەرهێنان دەکەن یان ترەید یان فۆرێکس؟ هیچیان، لە سایتی بیزترەید خۆیان دەڵێن کە ئەمان وەبەرهێنان ناکەن و وەبەرهێنەریان نیە و مۆڵەتی یاساییان نیە بۆ ئەوەی کار بەپارەی خەڵکی بکەن. ئەی ئەو پارەیە چۆن زیاد دەکات؟ ئەمانە هەموو پرسیارن بۆ ئێوە و بۆ برادەرانی بیزترەید. بەڵام وەلامەکەی ئاسانە، ئەمە پارەی خەڵکی نوێیە کە دێنە ناو پرۆژەکەوە و ئەمەش زۆر بەروونی دەیکات بە پرۆژەیەکی پۆنزی. بەڕای ئێمە، هیچ جیاوازییەکی نیە ئایا پاکێجی فێرکارییە (وەکو بیزترەید) یان پاکێجی کۆینە (وەکو بیزکۆین)، وە ئایا کۆینەکە چووەتە سەر ئێکسچەینج یان نا، ئەوە گرنگە کە شێوازی کاری ئەم کۆمپانیایە پۆنزییە و ئەوانەی کە بەڕێوەی دەبەن پێشینەی باشیان نیە سەبارەت بە بەڵێنەکانیان و پارەی خەڵکی.


ئەوەی کە زۆر ئێمەی خستە گومان لە کۆمپانیای بیزترەید، ئەوەبوو کە لەماوەیەکی کەم دا قسەیان زۆر گۆڕی. لە سەرتادا گوتیان لە بەریتانیا تۆمارکراوین، لێمان کۆڵیەوە وانەبوو، دوایی گوتیان لە ئەمریکا و لە ئیمارات تۆمارکراوین، لێمان کۆڵیەوە ئەویش هەر ناراست بوو. بەهەمان شێوە، دەیانگوت لەڕێی فۆرێکسەوە پارە پەیدا دەکەین، بەڵام ئێستا هەر خۆیان دەڵێن نەخێر فۆرێکس نیە و مۆڵەتی ئەوەمان نیە، بەڵکو پاکێجی فێرکاریە. کەسێک هەر جارێک ناراستی لەگەل گوتی نابێ باوەڕی پێبکەی، چ جای کەسێک کە هەموو سێرچێکی گووگڵ باسی پرۆژە پۆنزی و سکامەکانی پێشووی دەکات و لەم پرۆژەیەش دا چەند جار شتی گوتوە راست دەرنەچووە. ئەگەر کەسانێک بەراستی بزنس بکەن و چەندین ملیۆن دۆلاری خەڵکیان بکەوێتە لا بۆ ئەوەی کاری پێوەبکەن، نابێ لانی کەم لە وڵاتی خۆیان کۆمپانیایەکیان بەناوەوە هەبێت یان مۆڵەتیان هەبێت؟ گریمان ئەوە لە بەریتانیا پێیان نەدان چونکە پێشینەیان باش نیە و بە سێرچێکی گووگڵ دەردەکەوێت، ئەی باشە بۆ لە ئیمارات نایکەن؟ بۆ لە ئەمریکا نایکەن؟ وەڵامەکەی ئاسانە، ئەو پارەیەی کە دەچێ بۆ ئەمانە یەکسەر دەچێتە باخەڵی ئەوان و وەکو پارەی رەش بە وڵاتان دا دەبرێت و هیچ حکومەتێکیش پێی نازانێ. لەوەش ترسناکتر، وایان کردوە لەرێگەی بەشی رێکەوتنی یاسایی سەر وێبسایتەکەیان، کە بەشداربوو بەهەموو شێوەیەک بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی خۆی و، هەر لەو چرکەیەوە کە پارەکەی نارد، هیچ مافێکی پێوە نامێنێ بە وتەی خۆیان لەسەر سایتەکە.

❖ مەرجەکانی بەشداربوون و قەرەبووکردنەوە:

لەسەر وێبسایتی بیزترەید لەبەشی قەرەبووکردنەوە و پەشیمان بوونەوە لە بەشداری کردن دا (لینکی ژمارە ٩)، زۆر بەروونی و بە ئاشکرایی دەڵێت کە ئەگەر ویستت بەشداریکردنەکەت کۆتایی پێ بهێنیت، تەنیا دەتوانیت ١٠ یۆرۆ وەربگریتەوە کە کرێی دروستکردنی ئەکاونتەکەتە و هیچ پارەیەکی دیکەت بۆ ناگەرێتەوە. واتە هەر پارەیەکی دیخەیتە ناو ئەم پرۆژەیە، دەبێ دەستی لێ بشۆی، جگە لەو بەناو قازانجەی رۆژانە یان هەفتانە یان مانگانە وەریدەگریتەوە کە جاران دەیانگوت بە ٥٢ یان ٧٢ هەفتە بۆت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا کەسانێکی زۆر هەن هەر چاوەڕێی ئەو بەناو قازانجەن و دەیانەوێ پارەکەیان بۆ بگەڕێتەوە چەند مانگە هیچیان بۆ نەهاتووە. بیزترەید کە خۆی دەڵێ مۆڵەتی فۆرێکس و ترەیدمان نیە، بەبیانووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێن ترەیدمان راگرتوە چونکە نابێ فۆرێکس کار بکات، کە لەیەک شوێنی دیکە شتی وانابیستی و بوونی نیە. ئەمە لە چەند لایەکەوە هەڵەیە، یەکەم کە خۆیان دەڵێن ئێمە ترەید ناکەین و بەس پاکێجی فێرکاریمان هەیە بەڵام ئێستا دەڵی کاری فۆرێکسمان رامانگرتوە بۆ ماوەیەکی کاتی، دووەم ئەوەی کە حکومەت داوابکات بڵێ دەبێ ترەیدینگ رابگرن. لەکوێ شتی وا رووی داوە؟ ئەم برادەرانە پێیان وایە خەڵک ئێستاش هەر لەناو ئەشکەوت دەژی! خۆ بە یەک سێرچی گوگڵ دەردەکەوێ کە راست نیە و حکومەتی بەریتانیا شتی وای نەکردوە (لینکی ژمارە ١٠).


بە هەمان شێوە، لە سایتەکەی خۆیان دا لە بەشی conditions واتە مەرجەکانی بەشدار بوون (لینکی ژمارە ٦) لە خاڵی ٧.٣، دەڵێت کە: بیزترەید بانک نیە، پلاتفۆرمی ترەیدینگ نیە بۆ فۆرێکس و هەر شتێکی دیکە، فرۆشیار نیە، کۆمپانیای وبەرهێنان نیە، بەڵکو بیزترەید پلاتفۆرمێکی فێرکارییە! ئایا بەشداربووانی کوردستان ئەمە دەزانن؟ بەهەمان شێوە دەڵێت: کە بیزترەید لەلایەن دەزگای چاودێری دارایی مۆڵەتی نیە و هیچ مۆڵەتێکی دارایی و قەرەبووکردنەوەی نیە چونکە تەنیا سەرچاوەی فێرکاریە و هیچی دیکە، وەک بۆخۆتان دەتوانن لە لینکەکە بیخوێننەوە (لینکی ژمارە ٦). دەشلێت ئێمە وەبەرهێنانمان نیە و، وەبەرهێنەریشمان نیە، پارەی خەڵکیمان لادانانرێ و قازانج لەسەر پارەی خەڵکی نادەینەوە و، پارە بۆ خەڵکی وەبەرناهێنین و گەرەنتی ئەوە نادەین کە رێژەیەک قازانج بدەین بە بەشدار بوو! باشە زۆر سەیر نیە کە کەسێک ئەو هەموو شتەت بۆخۆی پێ بڵێ بەڵام هەر پارەکەشی بۆ بنێریت؟ ئەی ناپرسی کە قازانج لەکوێوە دێت کە کۆمپانیا ناتوانێ ترەید بکات، وەبەرهێنان بکات، قازانج بدات، پارەی خەڵکی لابێت؟ ئەو پارەیەی کە بۆتۆ دێت نابێ بپرسی لەکوێوە هات! ئەی باشە کە کۆمپانیا بۆخۆی دەڵێ وەبەرهێنەر نیم وەبەرهێنان وەرناگرم، بۆ لە کوردستان دەڵێن ئەوەندە رۆژانە و مانگانە قازانج دەکەیت؟ ئەو پارەیە لەکوێوە دێت ئەگەر لە بەشداربووی تازە نەبێت!


یەکێک لە گرنگترین بنچینەکانی کار کاردن بە پارەی خەڵکیەوە ئەوەیە کە کۆمپانیا بەپێی یاسا لەسەری پێویستە بیسەلمێنێ کە چی دەکات بۆ ئەوەی ئەو پارەیە پەیدا بکات و بتوانێ بە بەڵگە نیشانی بدات. لەوانەیە بە هەندێک خەڵکیان گوتبێت کە بیزترەید و بیزکۆین پارەیان داوە بە کۆمپانیایەکی دیکە کە مۆڵەتی FCA هەیە، بەڵام ئەوەی ئەلف و بێی فۆرێکس و وەبەرهێنان بزانێ لە وڵاتانی دەرەوە، دەزانێ کە ناکرێ لەرێگەی بیتکۆینەوە پارە بنێریت بۆیان و کۆمپانیایەک ناتوانێ لەجیاتی یەکێکی دیکە پارەی خەڵکی وەرگرێ. تا ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی فۆرێکسی متمانەپێکراو جگە لەرێگەی بانک و کرێدت کاردەوە ناتوانن پارەی دیکە وەرگرن. چونکە کۆمپانیای وبەرهێنان و فۆرێکس بەیاسای توندی دارایی بەڕێوەدەچن و وەکو ئێکسچەینجی دراوە دیجیتاڵیەکان نین. بە هەمان شێوە، بەپێی سایتی FCA هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێ لەجیاتی دانەیەکی دیکە پارە وەرگرێ لە بەشداربووان، گریمان بیزترەید و بیزترێک گوتیان ئەوان لەبری Infinox پارە لە بەشداربوو وەردەگرن و دواتر Infinox کاریان بۆ پێدەکات، ئەمە لەرووی یاساییەوە رێی تێناچێت و مۆڵەتی Infinox لە FCA هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر کاری ئاوا بکات. ئەگەر ئەوەندە بە ئاسانی بتوانرێ پارەی بیتکۆینی ئەم و ئەو بدرێ بە کۆمپانیایەکی چاودێری کراوی دارایی، ئەوکات پارە شوشتنەوە و سپی کردنەوە وەکو ئاوخواردنەوە دەبوو، بەڵام وانیە. بۆیە تا ئێستا بیزترەید نەیتوانیوە بیسەلمێنێ کە ئیش بەو پارەیە دەکات یان لایەنێک ئیشی بۆ پێوەدەکات، ئەگەر نەشتوانێ بیسەلمێنێ مانای وایە سیستەمێکی پۆنزییە. سەرەکیترین هۆکاریش بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک خۆی تۆمار نەکات و بەپێی یاسا بەرێوەنەچێت لە کاتێکدایە کە ئەو شتەی ئەوان بە خەڵکی دەڵێن راست نیە و کار بەپارەکەتەوە ناکەن.

پارەکە کاری پێوەناکرێ و هیچ زەمانێک نیە کە بەشێکی یان هەمووی وەردەگریتەوە یان نا. هەر لە وێبسایتەکەی خۆیاندا، زۆر بە ئاشکرایی پێت دەڵێت کە تۆ هیچ زەمانێکت نیە و هەرکاتێک ویستیان خۆیان بریار دەدەن چی لە پارەکەی تۆ بکەن بەبێ چاودێری هیچ حکومەت و دەزگایەک؛ وەکو لە خاڵی ٩ دا هاتووە، دەڵێت: کۆمپانیاکە هەموو مافێکی دەستکاری کردنی مەرجەکانی بەشداربوون و لابردن و دانانی مەرجی تازە بۆخۆی پاراستووە. کاتێکیش مەرجەکانمان گۆری و تۆ بەدڵت نەبوو، دەتوانی ئەکاونتەکەت دابخەیت (و هیچ پارەیەکیش وەرناگریتەوە، وەکو لە بەشی پەشیمان بوونەوە و داخستنی ئەکاونت دا باسکراوە پێشتر). 


باوەردەکەیت کە ئەمە خۆیان نووسیویانە؟ بۆخۆت بیبینە (لینکی ژمارە ٦)


❖ بیزکۆین چیە و مەترسی چیە:

ئەو کۆینەی کە پێی دەڵێن بیزکۆین، تۆکنێکی سەر ئیثەریەم-ە کە بە ERC-20 ناسراون و دروستکردنیان زۆر ئاسانە. دەتوانی لە ٢٠ دەقەدا دروستی بکەیت بە خوێندنەوەی تەنیا یەک فێرکاری (لینکی ژمارە ١١ و ١٢)، بەڵام برادەرانی ئێرە شتەکەیان زۆر لا گەورە کراوە چونکە شارەزای بواری بلۆکچەین و دراوە دیجیتاڵیەکان نین. ئەم کۆینە واڵێت و ئێکسچەینج و هەندێک شتی دیکەی بۆ دروست کراون کە لەوانەیە کەس بەکاریان نەهێنێ (ئێکسچەینجەکە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا رێژەی مامەڵە تێیدا سفر بیتکۆین و سفر دۆلار و سفر بیزکۆین بووە (لینکی ژمارە ١٣)، واتە هەر خۆشیان و ئەندامانیش بەکاری ناهێنن). 


چەند تێبینیەک لەسەر ئەم کۆینە:


یەکەم: ئەم تۆکنە، جگە لەناوخۆی بیزترەید و خەڵکەکەی، لە هیچ شوێنێکی دیکە باسی ناکرێ و ناوی نەهێنراوە.


دووەم: ئەگەر کۆینێکی باش بێت و بەهای هەبێ، پێویستی بەوە نیە کە بە پاکێج و قازانج و چی و چیەوە بفرۆشرێ. خەڵک بۆخۆی دەیکرێ پێویستی بە نێتوۆرک مارکێتینگ نیە. بەڵام دیارە وانیە.


سێیەم: بیزکۆین تا ئێستا تەنیا یەک ملیۆن و نیو دانەی بەردەستە لە کاتێکدا کە دەتوانرێ ٣٢٠ ملیۆن دانەی لێ چاپ بکرێ. ئەمە مانای وایە، هەرکاتێک دانەرانی پێیان خۆش بوو، دەتوانن بە ئاسانی نرخی ملیۆن و نیوەکەی لای خەڵکی دیکەیە بیکەن بە سفر بە فرۆشتنەوەی ٣٠٠ و هێندە ملیۆن کۆینەکانی لای خۆیان. ئەمە زۆر جار روویداوە لە بازاری کۆینەکاندا، کە وایلێهات بایی ٢٠ دەفتەر دۆلار کۆینی هەبوو بەڵام دواتر ١٠٠ دۆلاری نەدەکرد لەسەر ئێکسچەینج و کەس نەیدەکڕی. 


چوارەم: بەس لەبەر ئەوەی کە ئەم کۆینە چۆتە سەر یەک دوو ئێکسچەینج مانای وانیە کە سەرکەوتوو دەبێت. ئنجا چەندان کۆین چوونە ناو زۆر ئێکسچەینجی باش و دواتر سکام دەرچوون. هەموو کۆینێک دەتوانێ پارە بدات و بچێتە ناو هەندێک لەو ئێکسچەینجانەوە و لە کۆین مارکێت کاپ لیست بکرێت. 


پێنجەم: بەهێزی کۆین لە پرۆژەکەی دایە و لەو کەسانەی کە لەپشتیەوەن، کە بەداخەوە بۆ بیزکۆین نە پرۆژەیەکی جیاوازی هەیە نە ئەوانەی لە پشتیەوەن رابردوویان هێندە باشە. زۆربەی پرۆژە سکامەکان هەمان ئەو بەڵێنانەی بیزترەید و بیزکۆینیان داوە بە خەڵکی لە رابردوودا.

شەشەم: ئەگەر دانەرانی مەبەستیان هەر کۆینەکە بووایە، بە پاکێج نەیاندەفرۆشت، بەڵام دیارە مەبەستیان بەردەوامیدانە بەهەمان ستایلی پۆنزی بیزترێک و بیزترەید بۆیە پاکێجەکە هەر بەردەوامە و رێژەی قازانج و هێنانی بەشداربووی نوێش هاوشێوەن.


حەوتەم: باسی قازانجی رۆژانە دەکەن لەسەر پاکێجەکان و دەگاتە رۆژی ١% بۆ پاکێجی VIP واتە مانگی ٣٠% کە ئەمە شتێکی خەیاڵیەو زۆر روونە کە ستایلی پۆنزیە. 


هەشتەم: هێشتنەوەی کۆینەکان بۆ ماوەی ٥٢ یان ٧٢ وادەکات کە خاوەنەکانی بیزترەید بتوانن وا لەخەڵک بکەن کە پارەکەیان دەرنەهێنن لە بیزترەید و بیزکۆین و بۆی هەیە پێش تەواوبوونی ئەو ماوەیە بە پارەکەوە برۆن. 


❖ لە کۆتاییدا، ئەو خاڵە سەرەکیانەی کە ئێمەی گەیاندە ئەو بروایەی کە ئەمە کارێکی پۆنزیە، ئەمانەن:

١- نەبوونی بەڵگەی کارکردنی ئەم کۆمپانیایە – بۆخۆیان دەڵێن ئێمە هیچ ترەید ناکەین و کاڵا نافرۆشین و کۆمپانیای وەبەرهێنان نین، ئەی ئەم قازانجە لە کوێوە دێت؟

٢- بەڵێنی قازانجی گەورە کە سیسیتەمی پۆنزی بەکاری دەهێنێت بۆ راکێشانی خەڵک، لە کاتێک دا کە لەو جۆرە قازانجانە بەراستی لە هەر شوێنێک هەبێت خەڵک بۆخۆی پارە دەبات نەوەک پێویست بکات لەرێگەی نێتوۆرک مارکێتینگ قەناعەت بە خەڵک بهێنن. لەوڵاتان، تەنانەت ٣% مانگانە قازانج لەسەر وەبەرهێنان بە شتێکی زۆر باش لەقەڵەم دەدرێت، چ جای ٣٠% و ٢٠% و ٤٠٠%. 

٣- پشت بەستن بە هێنانی بەشداربووی نوێ بە راددەیەکی زۆر بۆ قازانج کۆکردنەوە

٤- ئەوەی کە لە سایتی خۆیان نووسراوە پارە ناگەرێنرێتەوە، جگە لە ١٠ یۆرۆ

٥- ئەوەی کە دەڵێن ئەمە پاکێجی فێربوونە و پارەکەت بەو پاکێجە داوە

٦- بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵیەکان بەکاردەهێنن بۆ پارە ناردن، چونکە دەتوانرێ بە ئاسانی ون بکرێ بەبێ چاودێری دارایی هیچ حکومەتێک و دەتوانن بیبەن بۆ وڵاتان بەبێ کێشە. هیچ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان ناتوانێ پارە بە بیتکۆین وەرگرێ چونکە دەبێ خاوەنی پارەکە دیار بێت و، لەڕێی بیتکۆینەوە پارە سپی دەکرێتەوە.

٧- رابردووی گوماناوی دامەزرێنەرانی و کۆمپانیا و پرۆژە پۆنزیەکانی پێشوویان.

٨- هەبوونی زیاتر لە یەک وێبسایت بەهەمان ناو و هەبوونی چەند قسەی جیاواز لەسەر ئەم وێبسایتانە کە بە ئاشکرا قسەکانیان پێچەوانەی یەکترن.

٩- گۆڕینی قسەکانیان دوای ئەوەی خەڵک لێی کۆڵیەوە و هەوڵ دان بۆ چەواشەکردنی خەڵکی.

١٠- بەکارهێنانی مۆڵەتی بوارێکی جیاواز بۆ ئەوەی خەڵک فریو بدەن و بە ئاشکرا لەسەر وێبسایتەکانیان دیارە کە شتی ناراست دەڵێن.


پرۆژەی بیزکۆین و بیزترەید هەموو ئەو گلۆپە سورانەی تێدایە کە دەسەڵاتی چاودێری دارایی ئەمریکا SEC لەسەر وێبسایتی خۆی دایناون بۆ ئەوەی کە گومان لە پرۆژەیەک بکەیت کە پۆنزییە (لینکی ژمارە ٢٢):

- قازانجی زۆر و مسۆگەر بە مەترسیەکی کەم

- قازانج جێگیرو بەردەوام بێت و رێژەکەی دیاریکراو بێت

- کۆمپانیاکە مۆڵەتی نەبێت و تۆمارنەکرابێت و وەبەرهێنانەکە تۆمار نەکرابێت

- شێوازی قازانج کردنیان یان دیار نیە یان زۆر ئالۆزە و لێی تێناگەیت

- نەبوونی بەڵگەی کار و قازانج و دۆکیومێنتی لەو شێوەیە بە نووسراوی

- ئاسان نەبوونی وەرگرتنەوەی پارەکەت و وەرگرتنی قازانجەکەت


بیرتانی دەخەینەوە، هەر کۆمپانیایەک یان کەسێک گوتی بە بیتکۆین پارەم بۆ بنێرە وەبەرهێنان دەکەم یان ترەید دەکەم یان مانگانەو رۆژانە قازانجت دەدەمێ، گومانی لێبکە سکام بێت. بەرای ئێمە، ئەمە پرۆژەیەکی پۆنزیە لەلایەن چەند کەسێکی شارەزا و بە ئەزموون لەبواری بەرێوەبردنی پرۆژەی هاوشێوە دروست کراوە. هەرەس هێنانی ئەم پرۆژە پۆنزییە تەنیا بەکاتەوە بەستراوە و دەرەنجامی بیزکۆین و بیزترەیدیش وەکو هی وەنکۆین و نێتوۆرک مارکێتینگەکانی دیکە دەبێت.


ئێمە ناڵێین هەموو کەس زەرەری لێدەکات، چونکە ئەگەر بێت و کاریان بۆ بکەیت و بەشداربووی نوێیان بۆ ببەیت، ئەوا دەکرێ قازانجێکی باش بکەیت، بەڵام ئەوە بەدڵنیاییەوە لەسەر حیسابی پارەی خەڵکی دیکەیە، چونکە ئەو پارەیەی تۆ وەریدەگریت قازانج نیە بەڵکو پارەی خۆت و بەشداربووی دیکەیە. 


بەڵام هیوادارین ئێمە هەڵە بین لەم هەڵسەنگاندنەمان و ئەم خەڵکە زەرەر نەکات و ئەم قازانجانە بەردەوام بن، چونکە شکست هێنانی پرۆژەی ئاوا زیاتر ناوبانگی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵیەکان ناشرین دەکات و لە کۆتایی دا ئێمەش و خەڵکێکی دیکەی زۆریش زەرەر دەکەین. دراوە دیجیتاڵیەکان دەکرێ ببنە هۆکاری بەرەوپێشچوونی باشی وڵات و تەکنەلۆجیا و گوزەرانی خەڵکی، بۆیە ئێمە هیوامان وایە کە بۆ هۆکاری باش سوودی لێ ببینین. 


ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین کە بەشداری کردن و نەکردن بریاری خۆتە و ئێمە پێت ناڵێین بەشداری بکە یان مەیکە و لە ئەنجامی بریارەکانی تۆش بەرپرسیار نین، بەڵام ئەوەی لێرەدا خستمانەروو هەندێک زانیاری باشن بۆ ئەوەی کە بریارەکەت لەسەر بنەمای زانیاری دروست بێت و بەرچاوت روون بێت.

ئەو ئێکسچەینجانەی گوایە ئەڵێن دەتوانی بیکەن بەکاش ناتوانین لینکەکانی دابنێین چونکە پۆستەکە ئەسڕێتەوە فەیسبوک پێی وایە ئەمانە سکامن


❖ سەرچاوەکان:


1. https://www.linkedin.com/in/rizwan-gohar-b5259696/?originalSubdomain=uk


2. https://www.bitcoininsider.org/article/48675/fintegri-fint-world-cryptocurrency-investment-reboot-ponzi-scam


3. https://themerkle.com/top-4-onecoin-shills-to-watch-out-for/


4. https://bitsonline.com/onecoin-biggest-scam-history/


5. https://register.fca.org.uk/ShPo_FirmDetailsPage?id=0010X00004Wf61WQAR


6. https://bizztrade.com/condition


7. http://bizztrade.club/


8. http://bizztrade.com/


9. https://bizztrade.com/refund_policy


10. https://uk.reuters.com/article/uk-health-coronavirus-lse/london-stock-exchange-says-no-plans-to-suspend-trading-idUKKBN2142GB


11. https://www.toptal.com/ethereum/create-erc20-token-tutorial


12. https://medium.com/bitfwd/how-to-issue-your-own-token-on-ethereum-in-less-than-20-minutes-ac1f8f022793


13. bizz dot exchange (فەیسبووک رێگەنادات لینکەکە بڵاوبکرێتەوە چونکە ئەگەری ئەوەی هەیە کە پرۆژەکە سکامە، بۆیە خۆتان بنووسن بیز دۆت ئێکسچەینج بۆئەوەی برۆن بۆ وێبساتەکە. سکرینشۆتی فەیسبووکیشمان داناوە لە کۆمێنت)


14. https://coinmarketcap.com/currencies/bizzcoin/


15. https://www.muftisays.com/forums/14-peoples-say/12920-bizztrade-what-is-it.html


16. https://botwatch.blog/2019/01/05/the-death-of-lifetree-world/


17. https://botwatch.blog/2016/07/17/no-lifetree-world-that-is-wrong/


18. https://www.fca.org.uk/scamsmart/warning-list/investment?opp=inv


19. https://digitalbusinesscreator.com/bizztrade-review


20. https://behindmlm.com/mlm-reviews/bizztrade-review-bizztrek-doubles-down-with-forex-fraud/


21. https://www.valforex.com/bizztrade-review-forex-education-scam-or-legit/


22. https://www.investor.gov/protect-your-investments/fraud/types-fraud/ponzi-scheme


x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە