دەستبەندی Xiaomi Mi Band 5 بە ڕوونمایەکی گەورەتر و بارگاویکەرەوەی موگناتیسییەوە ڕاگەیاندرا

لە کۆتایدا، نەوەیەکی نوێی پاشای بازاڕی دەستبەندە وەرزشییەکانی جیهان، Xiaomi Mi Band 5 لێرەیە! دەستبەندەکە بە ڕوونمایەکی گەورەتر و بارگاویکەرەوەی موگناتیسییەوە ڕاگەیاندرا، نرخی لە 27$ دەست پێدەکات و وەشانێکی دیکەی لێ بەردەست دەبێت بە هەبوونی تایبەتمەندی NFC بە نرخی 30$.

یەکەم گۆڕانکاری دیاری دەستبەندە نوێیەکە، ڕوونما AMOLED ـەکەیەتی، کە قەبارەی لە 0.95 ئینجەوە بۆ 1.1 ئینج زیاد کراوە. خاوەن ژمارەیەکی زیاتری ڕووکاری کاتژمێری فەرمی و دەرەکی دەبێت.

هەستەوەرەکانی وەک خۆی ماونەتەوە – کە بریتین لە Accelerometer و Barometer و Gyroscope و مۆنیتەری ترپەی دڵ. دەنگۆی هەبوونی هەستەوەری SpO2 ڕاست دەرنەچوو. نەرمەکاڵای دەستبەندەکە باشتر کراوە و خاوەن 11 دۆخی وەرزشی کارامەی نوێیە، کە 5 دانەیان خاوەن شیکار و پێوانەی بە وردەکارین، بۆ نموونە؛ دەستبەندەکە دەتوانێت هەست بە 5 شێوازی جیاوازی مەلەکردن بکات، خودی دەستبەندەکە تاوەکو قوڵی 50 بەرگەی ئاو دەگرێت.

بە هۆی تایبەتمەندی نوێی Personal Activity Intelligence ـەوە، دەستبەندەکە لە توانایدا دەبێت شیکاری زیاترت لەسەر چالاکییە وەرزشییەکانت بداتێ.

هەروەها هەستەوەری ترپەی دڵەکەشی باشتر کراوە و لەمەودوا لە کاتی ناڕێکی لێدانی دڵدا ئاگادارت دەکاتەوە، هەر وەک Apple Watch. بە هۆی هەستەوەری نوێی PPG ـەوە لە ناو هەستەوەری ترپەی دڵدا، دەستبەندەکە توانای هەیە بە ڕێژەی 50% کردارەکان بە باشی ئەنجام بدات بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی. هاوکات پێوانەکردنی خەوتنیش باشتر کراوە.

دەستبەندەکە خاوەن وەشانێکی دیکەیە بە هەبوونی NFC و یاریدەدەری دەنگی، ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەم وەشانە بۆ دەرەوەی چینیش بەردەست دەکرێت یاخود نا.

شاومی گرەنتی 14 ڕۆژ بەرگەگرتنی پاترییەکەی دەدات بە یەکجار بارگاویکردنەوە، وە گۆڕانکارییەکی دیکە لە شێوازی بارگاویکردنی کراوە، لەمەودوا دەتوانیت دەستبەندەکە بە بێ لێکردنەوە و لە ڕێگەی بارگاویکەرەوەی موگناتیسییەوە بارگاوی بکەیتەوە.

دەستبەندی نوێی Xiaomi Mi Band 5 لە ڕێکەوتی 18 ـی ئەم مانگە بە نرخی دەستپێکی CNY 189 ـی چینی (27$) لە چین بەردەست دەکرێت. نرخ و ڕێکەوتی بەردەستکردنی لە بازاڕەکانی دیکەی جیهان نەزاندراوە.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/3dSPZPZ
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە