ئەپڵ کاتی تەواوەتی و زانیاری زیاتری دەربارەی کۆنگرەی WWDC20 ئاشکرا کرد

ئەمڕۆ کۆمپانیای ئەپڵ ئاشکرای کرد کە کۆنگرەی گەشەپێدانی جیهانی Worldwide Developers Conference ـی ئەمساڵ لە ڕێکەوتی 22 ـی ئەم مانگە لە کاتژمێر 10 ـی سەر لە بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و لە کاتژمێر 8 ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەست پێدەکات و بەرهەمە نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵاکانیانی تێدا نمایش دەکات. کۆنگرەکە تاوەکو 26 ـی هەمان مانگ بە هەبوونی کۆمەڵە چالاکییەکی دیکەی تایبەت بە گەشەپێدەران بەردەوامی دەبێت. پێشتر ئەپڵ ڕێکەوتی کۆنگرەکەی ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئەمڕۆ کات و وردەکارییەکانی دیکەی ئاشکرا کرد.

هەر وەک ساڵانی پێشوو، ئەپڵ ئاشکرای نەکرد کە بە دیاریکراوی چی لە کۆنگرەی WWDC20 ـدا نمایش دەکات، تەنها ئەوە نەبێت کە دەڵێت: “لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا داهێنان و نوێکارییەکان بۆ سەرجەم سەکۆیەکانی ئەپڵ بەردەست دەکەین”. پێشتر دەنگۆکان بەشێکی زۆر لە تایبەتمەندییەکانی وەشانی iOS 14 ـەیان ئاشکرا کرد، وە کۆمەڵێک دەنگۆ لە دوێنێدا ئاماژەیان بە ڕاگەیاندنی یەکەمین کۆمپیوتەری Mac بە چیپی ARM و iMac ـێکی نوێیان بە دیزاینێکی نوێ و چیپی Apple T2 لە کۆنگرەی WWDC20 ـدا دەکرد.

هەروەها بەشی “The Platforms State of the Union” ـی تایبەت بە گەشەپێدەران لە کۆنگرەکەدا، کە تێیدا نوێکارییەکان و کەرەستە نوێیەکانی تایبەت بە گەشەپێدەرانی تێدا ڕادەگەیەنێت، لە ڕێکەوتی 22 ـی ئەم مانگە لە کاتژمێر 5 ـی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و لە کاتژمێر 12 ـی شەو بە کاتی هەولێر دەست پێدەکات. بە تەنها لە ئەپ و ماڵپەڕی فەرمی Apple Developer پەخش دەکرێت.

هەروەها ئەپڵ دیزاینکردنەوەی بەشی فۆڕمەکانی تایبەت بە گەشەپێدەرانی ڕاگەیاند و دەڵێت لە ڕێکەوتی 18 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەکرێت. بە پێی ئەپڵ بێت، زیاد لە 1,000 ئەندازیاری ئەپڵ لە فۆڕمەکەدا بەژداری دەکەن و ئەمەش دەبێتە دەرفەت تاوەکو گەشەپێدەران ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەندازیارانی ئەپڵدا بکەن. بە هەرحاڵ، پێویستە بەژداری لە پڕۆگرامی ساڵانەی Apple Developer Program ـدا بکەیت ئەگەر بتەوێت پۆست لە فۆڕمەکاندا بڵاو بکەیتەوە.

هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە لە پلانیدایە گفتوگۆی زیاد لە 100 دانە ئەندازیاری لە 23 تاوەکو 26 ـی ئەم مانگەدا بڵاو بکاتەوە. ڤیدیۆ نوێیەکان هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 10 ـی سەر لە بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و لە کاتژمێر 8 ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر بڵاو دەکرێنەوە.

ئەپڵ لە ئاداری ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە شێوەی سەرهێڵی ئەنجام دەدەن.

پێشبینی دەکرێت ئەپڵ وەشانە نوێیەکانی iOS 14 و watchOS 7 و macOS 10.16 و tvOS 14 و چەند بەرهەمێکی نوێ لە کۆنگرەکەدا ڕابگەیەنێت.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/3cS4NwT
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە