ئەو بەرهەمانەی پێشبینی دەکرێن لە کۆنگرەی WWDC 2020 ـدا نمایش بکرێن

کۆنگرەی گەشەپێدانی جیهانیی ئەپڵ (Worldwide Developers Conference) لە سبەی شەودا بەڕێوەدەچێت و هاوکات گەشەپێدەرانی سەکۆیەکانی ئەپڵ بە تامەزرۆوە چاوەڕێی دەستپێکردنی دەکەن. هەر ئەوان نا، بەڵکو ئێمەش تامەزرۆین تاوەکو نوێترین بەرهەمە نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵاکانی ئەپڵ ببینین.

کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بە شێوەی سەرهێڵی بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێوە دەچێت، لەوە باشترە کە هەر بە ئەنجام نەگەیەندرێت، بەڵام ئەو تام و چێژەی کۆنگرەی بەرجەستەیی نییە.

بەر لە دەستپێکردنی کۆنگرەکە، حەز دەکەین هەموو ئەو بەرهەمانە بنووسین کە پێشبینی دەکرێن لە کۆنگرەی WWDC 20 ـدا نمایش بکرێن:

iOS 14

هەمیشە لە کۆنگرەی ساڵانەی WWDC ـدا، وەشانە نوێیەکانی iOS لە لیستی سەرەوەی بەرهەمە نمایشکراوەکانی کۆنگرەکەدان، بۆ ئەمساڵیش چاوەڕێی وەشانێکی نوێی سیستەمەکەین بە ژمارەیەک گۆڕانکارییەوە لە لایەن ئەپڵەوە. دەگوترێت ئەمانە لەم وەشانە نوێیەی iOS ـدا ڕوودەدەن:

  • گۆڕینی دیزاینی پەڕەی ماڵەوە (هۆم) و زیادکردنی ویدجێتەکان، هاوشێوەی Android.
  • زیادکردنی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ پاشبنەماکان تاوەکو لە ڕێگەی ئەپە لایەنە سێیەمینەکانەوە جێگیر بکرێنە سەر ڕوونما و زیاتر.
  • ڕێگەدان بە ئەپە لایەنە سێیەمینەکان تاوەکو بە شێوەی بنەڕەتی بەکاربهێندرێن، بۆ نموونە؛ دەتوانیت وێبگەڕی Google Chrome بکەیتە بنەڕەتی لە جێگەی Safari.
  • پێگەی MacRumors دەڵێت ئەپێکی نوێی وەرزشی بە ناوی Fit یاخود Fitness زیاد دەکرێت، کە کۆدەکەی بە ناوی Seymour ـە.
  • ئەپێکی نوێی ڕاستی خەیاڵی (AR) بە ناو کۆدی Gobi ـەوە زیاد دەکرێت، کردارەکەی نەزاندراوە.
  • توانای زیاتر بۆ ئەپی iMessage زیاد دەکرێت، لەوانە مێنشن کردن و درووستکردنی سەکۆ لە نامەکان.
  • زیادکردنی تایبەتمەندییەک بە ناوی CarKey، کە ڕێگە دەدات ئایفۆن یاخود ئەپڵ وۆچەکەت وەکو کارتی NFC بەکاربهێنیت بۆ کردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت.
  • باشترکردنی خزمەتگوزاری زەخیرەکردنی تێپەڕە وشەکانی iCloud Keychain و زیادکردنی پشتگیری (بە دوو هەنگاو پشتڕاستکردنەوە).
  • بەردەستکردنی API ـیەکی تایبەت بە ناوی Clips بۆ تاقیکردنەوەی ئەپەکان لە ڕێگەی کۆدی QR لە لایەن بەکارهێنەران بە بێ داگرتنی ئەپەکە.

iPadOS 14

ساڵی ڕابردوو ئەپڵ سیستەمی iPadOS ـی تایبەت بە ئامێرەکانی ئایپادی ڕاگەیاند، ئەمساڵ دووەمین وەشانی لێ بەردەست دەکرێت. دەگوترێت ئەمانە لەم وەشانە نوێیەی iPadOS ـدا ڕوودەدەن:

  • زیادکردنی تایبەتمەندییەک بۆ PencilKit تاوەکو بتوانێت کێشراوە دەستییەکان بکاتەوە بە نووسین.
  • باشترکردنی پشتگیری ماوسەکان و زیادکردنی بژاردەی زیاتر بۆی.

watchOS 7

  • پێدەچێت ئەمساڵ دەنگۆی زیادکردنی تایبەتمەندی پێوانەکردنی خەو بۆ سیستەمی watchOS بە کۆتا بێت، ئەویش بە زیادکردنی بۆ وەشانی watchOS 7 لە لایەن ئەپڵەوە.
  • زیادکردنی تایبەتمەندی پێوانەکردنی ئۆکسجینی ناو خوێن.
  • زیادکردنی بژاردەیەک بۆ هاوبەشیپێکردنی ڕووکارە کاتژمێرییە دەستکاریکراوەکان.
  • زیادکردنی ڕووکارێکی کاتژمێری نوێی Infograph Pro.

tvOS 14

ئێستا سیستەمی tvOS لەسەر هەردوو ئامێری Apple TV و HomePod کار دەکات، هەر بۆیە هەر گۆڕانکارییەک بۆ ئەو ئامێرانە ئەنجام بدرێت، لە وەشانە نوێیەکانی ئەم سیستەمەشدا ئەنجام دەدرێت. دەگوترێت ئەمانە لەم وەشانە نوێیەی tvOS ـدا ڕوودەدەن:

  • زیادکردنی ئەپێکی وەرزشی، هەمان ئەپ بۆ iOS 14 ـیش زیاد دەکرێت.
  • زیادکردنی تایبەتمەندی Kids Mode ـی تایبەت بە منداڵان لە کاتی سەیرکردنی خزمەتگوزارییە پەخشییەکانی سیستەمەکەدا، کە لەگەڵ تایبەتمەندی Screen Time ـدا هەماهەنگی درووست دەکات.
  • بۆ HomePod: زیادکردنی ئەپە لایەنە سێیەمینییەکانی وەک Spotify تاوەکو ڕاستەوخۆ لەگەڵ یاریدەدەری دەنگی Siri ـدا کار بکات.

macOS 10.16

مەحاڵە کۆنگرەی WWDC بە بێ ئاشکراکردنی وەشانێکی نوێی macOS بەڕێوەبچێت، ڕەنگە تایبەتمەندییەکانی وەشانی نوێی macOS ـی ئەمساڵ کەم بن، بەڵام بایەخی خۆیانیان دەبن. دەگوترێت ئەمانە لەم وەشانە نوێیەی macOS ـدا ڕوودەدەن:

  • زیادکردنی ئەپی iMessage ـی iOS بۆ سیستەمەکە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای Catalyst.
  • باشترکردنی خزمەتگوزاری زەخیرەکردنی تێپەڕە وشەکانی iCloud Keychain.

لەمەودوا ئەپڵ پڕۆسێسەری خۆی بۆ ماکەکان بەکاردەهێنێت

یەکێک لە دەنگۆیە گرنگەکانی ماوەی ڕابردوو، بریتی بوو لە بەکارهێنانی پڕۆسێسەری خۆماڵی و پشتکردن لە پڕۆسێسەرەکانی Intel لە لایەن ئەپڵەوە بۆ ماکەکان. دەنگۆیەکان سەبارەت بەمە زۆر بەهێزن و دەگوترێت کە ئەپڵ لەمەودوا چیپی ARM ـی 12 ناوەکی 5 نانۆمەتری خۆیی بۆ ماکەکان بەکاردەهێنێت و چیدیکە پشت بە کۆمپانیای Intel نابەستێت.

iMac ـی نوێ

چاوەڕوان دەکرێت لە دوای 10 ساڵ، ئەپڵ دیزاینی کۆمپیوتەری iMac لە ئەمساڵدا نوێ بکاتەوە و لە کۆنگرەی WWDC 20 نەوەیەکی نوێ لە کۆمپیوتەرەکە بە ڕوونمای 23 ئینجی چوارچێوەی کەمی ڕوونما و زیاترەوە نمایش بکات.

Apple TV 4K ـی نوێ

هەندێک دەنگۆ هەن کە باس لە بەردەستکردنی نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV 4K دەکەن بە چەند گۆڕانکارییەکی بچووکی وەک بەردەستکردنی ژمارەیەک بژاردەی بیرگەی نوێ و باشترکردنی پڕۆسێسەر و زیاتر.

Apple AirTags

بۆ ماوەی ساڵێکە ژمارەیەک دەنگۆ باس لە بەردەستکردنی ئامێرێکی نوێ لە لایەن ئەپڵەوە دەکەن بە ناوی Apple AirTags، کە کاری دۆزینەوەی شوێنی شتەکان دەبێت. خاوەن قەبارەیەکی کەم دەبێت و ڕاستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەپی Find My ـی ئایفۆن و ئایپادەکان درووست دەکات.

یەک شتی زیاتر…

هەموو ساڵێک لە کۆنگرەی WWDC ـدا ڕاگەیاندراوی سەرسامکەرانە و چاوەڕوان نەکراو ڕوو دەدەن، ئەگەری ڕوودانی نمایشکردنی هەر بەرهەمێکی دیکەی جیاواز و پێشبینی نەکراو لە لایەن ئەپڵەوە هەیە لە کۆنگرەکەی سبەینێدا.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/2V3lmjk
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە