ئەپڵ وەشانی iOS 14 ـی بە دیزاینی نوێی پەڕەی ماڵەوە و ویدجێت و زیاترەوە ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی WWDC 20 ـدا، کۆمپانیای ئەپڵ وەشانی iOS 14 ـی بە دیزاینی نوێی پەڕەی ماڵەوە و ویدجێت و زیاترەوە ڕاگەیاند.

لە وەشانە نوێیەکەدا، تایبەتمەندییەک زیاد بووە بە ناوی App Library، کە خودکارانە ئەپەکانت بۆ دەخاتە ناو بوخچەی تایبەتەوە و ڕێکیان دەخات، دەتوانیت دواتر ئەپەکان لە پەڕەی سەرەکیدا بشاریتەوە و هەر لە بەشی App Library ـەوە و زۆر بە ئاسانی دەستت پێیان بگات.

لەمەودوا دەتوانیت ویدجێتەکان ڕاستەوخۆ بۆ سەر پەڕەی ماڵەوە و لە پاڵ ئایکۆنی ئەپەکاندا زیاد بکەیت بۆ زانینی زیاتر دەربارەی وردەکاری ئەپەکان.

هاوکات بەشی ویدجێتەکان لە بەشی Today ـدا نوێ کراونەتەوە و ئێستا زۆر زۆر قەشەنگترن، هەروەها دەتوانیت هەر لە هەمان بەش ویدجێتەکان هەڵبگریت و لەسەر پەڕەی ماڵەوە فڕێیان بدەیت.

هەروەها وەشانی iOS 14 پشتگیری لە تایبەتمەندی Picture in Picture دەکات، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت بەردەوام بیت لە سەیرکردنی ڤیدیۆکان کاتێک لە ئەپێکەوە دەچیتە سەر ئەپێکی دیکە، بە گۆڕینی قەبارە و زیاترەوە، هەروەها دەتوانیت ڤیدیۆکە بشاریتەوە و تەنها گوێت لە دەنگی ببێت.

ئەپێکی نوێ بە ناوی Translate ـەوە زیاد بووە، کە ڕاستەوخۆ قسەکانت وەردەگێڕێتە سەر 11 زمانی جیاواز، بیر لەوە مەکەوە کە کوردی تێدا بێت!

زیادکراوی زیاتر بۆ Memoji ـییەکان لە ئەپی Messages زیاد کراوە، کە دەتوانیت ماسکیان بۆ زیاد بکەیت، لەگەڵ زیادکردنی لەزگەی نوێ. هەروەها، خودی ئەپی Messages تایبەتمەندی گفتوگۆی بە کۆمەڵ باشتر کراوە و لەمەودوا دەتوانیت مێنشنی هاوڕێکانت و سەکۆ درووست بکەیت.

تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەپی Apple Maps لە وەشانی iOS 14، بریتین لە زیادکردنی دۆخی گەشتکردن بە پاسکیل، پشتگیری لە ئۆتۆمبێلە ئەلیکترۆنییەکان بۆ زانینی وێستگەکانی بارگاویکردنەوە، کە سەرەتا تەنها لە ئۆتۆمبێلەکانی BMW و Ford ـدا بەردەست دەبن.

هەر وەک سەکۆی CarPlay لەسەر وەشانی iOS 14 کار دەکات، تایبەتمەندی CarKey ـی بۆ زیاد کراوە کە وا لە ئایفۆن و ئەپڵ وۆچەکان دەکات ببنە جێگرەوەی کلیل بۆ ئۆتۆمبێلەکان.

تایبەتمەندی App Clip زیاد کراوە، کە دەتوانیت زۆر بە ئاسانی ئەپەکان تاقی بکەیتەوە بە بێ ئەوەی پێویست بە داگرتنی تەواوەتییان بکات، ئەویش بە خستنە سەری کامێرا بۆ سەر کۆدی تایبەت و کرتە کردن لە دوگمەی کردنەوە. تەنانەت لەگەڵ کارتەکانی NFC و Safari و Apple Maps و کۆدە QR ـەکانیشدا کار دەکات.

سەبارەت بە Siri، خاوەن دیزاینێکی جیاوازە لە کاتی پرسیار کردن، وە لەمەودوا وەڵامی زۆرینەی پرسیارە قورسەکانت دەداتەوە.

وەشانی iOS 14 لە ئەمڕۆوە بە شێوەی تاقیکاری داخراو بۆ گەشەپێدەران، لە مانگی داهاتوو بە شێوەی تاقیکاری کراوە بۆ هەمووان و لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بۆ هەمووان بەردەست دەکرێت.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/37TMdDN
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە