یەکەمین وەشانی تاقیکاری گشتی Android 11 بەردەستکرا، ئەمانە گرنگترین تایبەتمەندییە نوێیەکانن

دەبووایە لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا گووگڵ یەکەمین وەشانی تاقیکاری گشتی Android 11 ـی بەردەست بکردایە، بەڵام خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا بوونە ڕێگر. بە هەرحاڵ، ئێستا یەکەمین وەشانی تاقیکاری گشتی Android 11 بەردەستە بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی Google Pixel.

وەشانە نوێیەکەی Android خاوەن ژمارەیەک گۆڕانکاری نوێیە، کە تێیدا گرنگییەکی زۆر بە ئاگادارکەرەوەکان و چاکسازییە ئاسایشییەکان دراوە. با زیاتر درێژە نەکێشێت، ئەمانە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی وەشانی تاقیکاری گشتی Android 11 ـن تاوەکو ئێستا:

  • گفتوگۆیەکان

هەمیشە لە گرنگترین وەشانەکانی سیستەمی Android ـدا بایەخی زیاتر بە ئاگادارکەرەوەکان دراوە، وە هەمیشە گووگڵ لەمەدا لە ئەپڵ باشتر بووە، ئەمجارەش توانی بە زیادکردنی تایبەتمەندییەکی گرنگەوە بۆ بەشە ناوبراوەکە ئەپڵ ببەزێنێت. لەمەودوا لە بەشی ئاگادارکەرەوەکانی وەشانی Android 11 ـدا دەتوانیت ئاگادارکەرەوە گرنگەکان لەوانی دیکە جیا بکەیتەوە و لە بەشی سەرەوەدا جێگیری بکەیت، بێگومان ئەمە بۆ زۆر کەس گرنگی خۆی هەیە و وا دەکات هەمیشە ئاگات لەو ئاگادارکەرەوە دیاریکراوانە ببێت.

گووگڵ نوێکاری زیاتری لە بەشی گفتوگۆیەکان ئەنجام داوە، لەمەودوا دەتوانیت لە ڕێگەی شێوازێک بە ناوی “بڵقەکان” زۆر بە ئاسانی لەگەڵ هاوڕێکانتدا لە ئەپی Messages ـدا گفتوگۆ بکەیت، ئەم تایبەتمەندییە هاوشێوەی تایبەتمەندی Chat Heads ـی ئەپی Facebook Messenger ـە لە Android.

  • کۆنتڕۆڵی باشتری دەنگ و میوزیکەکان

خۆم بەکارهێنەری Android نیم، بەڵام لە زاری زۆرێک لە بەکارهێنەرانی سیستەمەکەوە بێت، گۆڕی دەنگ و میوزیکەکان لە ئامێرێکەوە بۆ ئامێرێکی دیکە شتێکی بێزارکەرە. بەڵام لە Android 11، دەتوانیت ئەمە زۆر بە ئاسانی و لە ڕێگەی بەشی ئاگادارکەرەوەکان ئەنجام بدەیت. لەگەڵ ئەوەشدا، لەمەودوا بەشی کۆنتڕۆڵی میوزیکەکان لکێندراوە و بەشێکە لە Quick Settings ـی بەشی Control Center.

  • ڕێگایەکی زیرەکتر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماڵە زیرەکەکەت

باوەڕناکەم ئەمە لە کوردستانی خۆمان بوونی هەبێت و خەڵکی بەکاری بهێنێت، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوو کەسانێکی زۆر ماڵەکانیان کردووە بە ئەلیکترۆنی و کەلوپەلە کارەباییەکانیان لە ڕێگەی مۆبایلەکانیان کۆنتڕۆڵ دەکەن. لە وەشانی Android 11 ـدا، گووگڵ ڕێگەت دەدات زۆر بە ئاسانی بەشی کۆنتڕۆڵی ماڵەکەت بکەیتەوە لە ڕێگەی فشار کردن لە دوگمەی وزە (Power)، هەمان بەش کارتەکانی خزمەتگوزاری Google Pay و دۆخی هەڵکردنی مۆبایلەکەت پێ نیشان دەدات.

  • تایبەتمەندێتی زیاتر

لەم چەند ساڵەی دوایدا گووگڵ گرنگییەکی زیاتر بە تایبەتمەندێتی و ئاسایشی بەکارهێنەران دەدات. وەشانی Android 11 ڕێگەت پێ دەدات مۆڵەتی یەک جار و هەتا هەتایی بە سەرجەم ئەپەکان بۆ بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکانی وەک مایکرۆفۆن و کامێرا و شوێن و زیاتر بدەیت، وەک لەوەی بە جیا بیدەیت بە ئەپەکان. بەڵام گووگڵ دەڵێت گەر مۆڵەتی لەو جۆرە بدەیتە ئەپێک و بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاری نەهێنیت، ئەوا لە داهاتوو داوات لێ دەکاتەوە.

بێگومان ئەمە یەکەمین وەشانی تاقیکاری Android 11 ـە و لە وەشانە تاقیکارییەکانی داهاتوودا تایبەتمەندی زیاتر بۆ سیستەمەکە زیاد دەکرێت.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/2Ao0R9S
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە