لە ئەمساڵدا پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ سەرانسەری جیهان بە شێوەی تاقیکاری بەردەست دەکرێت

وا خەریکە سەرجەم پێداویستییەکانی پڕۆژەی Starlink ـی تایبەت بە دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ سەرانسەری جیهان بۆ بەردەستکردنی بە کۆتا دێت و پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

تاوەکو ئێستا، کۆمپانیای SpaceX ـی خاوەن پڕۆژەی Starlink، توانیویەتی 422 دانە مانگی دەستکرد ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2018 تاوەکو ئێستا بە ڕەوانەکردنی 7 مووشەک کە هەر دانەیەکیان 60 مانگی دەستکردی لە خۆگرتبوو، هاتۆتە بوون. دواین موشەکی ڕەوانەکراوی پڕۆژەی Starlink لە ڕێکەوتی 22 ـی ئەم مانگەدا بوو. وە لە 2 مانگی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکەی لێ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێت، ئەم ژمارەیە لە مانگە دەستکردەکان بەس دەبێت بۆ بەردەستکردنی پڕۆژەکە بە شێوەی تاقیکاری.

ئیڵۆن مەسک، خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیای SpaceX لە جریوەیەکدا ڕایگەیاندووە لە 3 مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە بە شێوەی تاقیکاری داخراو بۆ هەندێک کەسی دیاریکراو بەردەست دەکرێت، وە لە 6 مانگی داهاتوودا بە شێوەی تاقیکاری گشتی بۆ هەمووان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا بەردەست دەکرێت. جێگەی باسە ئەم بەردەستکردنە لە سەرەتادا تەنها بۆ ناوچەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا دەبێت.

هەروەها بە پێی ماڵپەڕی فەرمی SpaceX بێت، بەردەستکردنی پڕۆژەکە لە ساڵی 2021 فراوان دەکرێت و بۆ سەرانسەری جیهان بەردەست دەکرێت.

مانگە دەستکردەکانی پڕۆژەکە لە سەروو 300 میل لە ڕووی زەوییەوە خولگە دەبەستن، هەر دانەیەکیان ئینتەرنێت بۆ بەشێکی دیاریکراوی زەوی دابین دەکەن، ئەمەش مانای وایە لە یەک شوێنی خولگەکەدا جێگیر نابن و دەوران دەکەن. وە بە شێوەیەکی بنچینەیی، مانگە دەستکردەکان دەبەسترێنەوە بە یەکەوە لە کۆمەڵەیەکی 5 دانەییدا، بەمەش لە کاتی خولانەوەیاندا لە خولگەکەدا بە بەردەوامی خزمەتگوزاری دابین دەکەن و پەیوەندی ناپچڕێت لەگەڵ زەویدا.

بە پێی پێگەی TechCrunch بێت، بەکارهێنانی خولگەی کەمی مانگە دەستکردەکانی Starlink سیستەمەکە خێراتر دەکەن وەک لەوەی کە خولگەکە 22,500 میل لە زەوی دوور ببێت.

ئەستێرەناسان دەڵێن مانگە دەستکردەکانی Starlink لە بۆشایی ئاسماندا زۆر دەدرەوشێنەوە و بە ئاسانی هەست بە دەرکەوتنیان دەکرێت، ئەمەش بە هۆی بەرپەرچدانەوەی ڕووناکی خۆرەوەیە. بەڵام ئیڵۆن مەسک چارەسەری بۆ ئەمەش دۆزیوەتەوە و دەڵێت لەگەڵ ڕەوانەکردنی کاروانی نۆیەمدا، مانگە دەستکردەکان خاوەن چەترێکی تایبەت دەبن کە ئەو درەوشانەوەیە کەم دەکاتەوە.

پڕۆژەی Starlink تایبەتە بە دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ سەرانسەری جیهان بێ جیاوازی، بە نرخێکی زۆر کەم و خێرایی زۆر بەرز. وا بڕیارە تاوەکو ساڵی 2025 پڕۆژەکە بە تەواوی بەردەست بکرێت. لە ئێستادا SpaceX مۆڵەتی ڕەوانەکردنی 12,000 مانگی دەستکردی بۆ بۆشایی ئاسمان وەرگرتووە و دەیەوێت ئەم ژمارەیە زیاد بکات بۆ 30,000 مانگی دەستکرد.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/2yKXDfA
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە