بۆچی ئەپڵ تایبەتمەندییەکان درەنگ بۆ ئایفۆن زیاد دەکات؟

 

ئەگەر تۆ بەکارهێنەری مۆبایلەکانی ئەندرۆید بیت و ببینیت کاتێک کە ئەپڵ تایبەتمەندییەک زیاد دەکات بۆ ئایفۆنەکانی، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئەو تایبەتمەندییە نزیکەی چەند مانگێک بگرە چەند ساڵێک دەبێت لای تۆ بەردەستە، ئایا بۆچی بەم شێوەیەیە؟ لەگەڵ ئەوەشدا بۆچی فرۆشی ئایفۆنەکان هەر ڕوو لە زیاد بوونە؟، بێگومان جیا لە دەستەواژەی ‘Apple Fan Boy’ بۆ ئەو هۆکارە، لێرەدا ڕای یوتیوبەری بەناوبانگ Marquis Brownlee دەخەینە ڕوو

 

لە ڤیدیۆیەکدا یوتیوبەرەکە لە کەناڵی بەناوبانگی خۆی MKBHD ئەم هۆکارە دەخاتە ڕوو، دەڵێت بە شێوەیەکی سادە ئەم جیاوازییە تەنها بۆ جیاوازی سەرنج خستنە سەری تایبەتمەندییەکان لە لایەن ئەپڵەوە بەراورد بە کۆمپانیاکانی دیکە دەگەڕێتەوە، سەرنجی کۆمپانیای ئەپڵ تەواو جیاوازە لە سەرنجی هەر کۆمپانیایەکی دیکەی ئەندرۆید

 

گووگڵ سەرنج دەخاتە سەر داهێنان، بەڵام ئەپڵ لای گرنگ نییە ئەگەر یەکەم بێت!، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت ئەوەیە داهێنان بباتە ئاستێکی دیکە، بە باشتر کردنی تایبەتمەندییەکان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لە چەندین ئامێردا کار بکەن، واتە لە کۆتاییدا هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەپڵ تایبەتمەندییەکان تەنها بۆ یەک ئامێر زیاد ناکات! وای لێ دەکات لەگەڵ تەواوی بەرهەمەکانی ئەم تایبەتمەندییە بگونجێت

 

با ئیکۆ سیستەمی ئەپڵ بە نموونە وەر بگرین و بە شێوەیەکی سادە ڕوونی بکەیتەوە، لەوانەیە هێدفۆنێکی باشتر پێ بزانیت لە AirPods کۆمپانیای ئەپڵ، بەڵام هیچیان هێندەی AirPods لەگەڵ ئایفۆنەکان باش کار ناکەن!، لەوانەیە زۆر ئەپی باش پێ بزانیت بۆ هاوبەشی کردنی فایلەکان، بەڵام هیچیان هێندەی AirDrop کۆمپانیاکە لەسەر بەرهەمەکانی باش کار ناکەن!

 

وە ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە شتەکە تەنها دەربارەی ڕەقەکاڵا(هاردوێر) نییە، ئەپڵ وا لە بەکارهێنەرانی دەکات ئەم ژینگەیە جێ نەهێڵێت، بەهۆی ئەم تایبەتمەندی و پەیوەندییە نایابانە لە نێوان بەرهەمەکانی، ئێیەر پۆد، ئایفۆن، ئایپاد، ماک بووک

 

بۆیە هۆکارێکی دیکە کە وا دەکات داهێنانەکان لای کۆمپانیاکانی ئەندرۆید و بە تایبەتیش گووگڵ بن ئەوەیە کە سەرقاڵی ئەوە نابن لەگەڵ تەواوی بەرهەمەکانیان تایبەتمەندییەکە بگونجێنن، تەنها بۆ مۆبایلەکانی زیادی دەکەن و بەس!، وە لەوانەیە لە هەمان ئەو کاتەی کە داهێنانێک بڵاو دەکرێتەوە لە لایەن کۆمپانیاکانی ئەندرۆیدەوە، تیمەکانی ئەپڵیش پێ بزانن و بگرە زووتریش پلانیان دانابێت ئەم تایبەتمەندییە زیاد بکەن، بەڵام سیاسەتی کۆمپانیای ئەپڵ وایە دەیەوێت تایبەتمەندییەکان لەگەڵ زۆرترین بەرهەم بگونجێنێت و لەبەر ئەمەش لەوانەیە کاتێکی زۆری بوێت تاوەکو تایبەتمەندییەکان زیاد دەکات، بەڵام ڕاستییەک هەیە، کاتێک کە ڕای دەگەیەنێت لە زۆرینەی ڕکابەرەکانی باشترە، لەوانەیە هۆکاری ئەمەش ئەوە بێت کە دوای ئەوان تایبەتمەندییەکان ڕادەگەیەنێت، لە کاتی ڕاگەیاندنی تایبەتمەندییەکان لە لایەن کۆمپانیاکانی دیکەوە کۆمپانیای ئەپڵ کەم و کورتییەکانی تایبەتمەندییەکە بدۆزێتەوە و پاشان بە شێوەیەکی باشتر بەردەستی بخات

 

ئەگەر تۆ بەکارهێنەری ئەندرۆیدی و باوەڕت بەمە نییە! وەرە باوەڕ بکە!، بەهێزترین تایبەتمەندی ئەپڵ دەخەینە ڕوو کە نیشانت دەدات ئەپڵ چەند لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە لە پێش کۆمپانیاکانی دیکەیە ئەگەر درەنگیش ڕایانبگەیەنێت!، تایبەتمەندی ‘Universal Control’ دەرخەری ئەم ڕاستیەیە، تایبەتمەندییەکە بریتییە لە بەستنەوەی نێوان ئایپاد و ماکەکان و ئاڵۆگۆر کردنی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا، بە پێی وتەی یوتیوبەرەکە بێت ئەمە باشترین و زیرەکانەترین تایبەتمەندییە تاوەکو ئێستا بینیبێتی، وە پێی وایە چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو گووگڵ لاپتۆپی کرۆم ئۆ ئێس بە تابلێتێکی ئەندرۆید بەو شێوەیە ببەستێتەوە

 

لە کۆتاییدا براونلی دەڵێت هەڵبژاردنی نێوان ئایفۆن و ئەندرۆید بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تۆ کامیانت پێ باشە، ئایا بەدوای تایبەتمەندی نوێدا دەگەڕێیت کە بە زووترین کات بخرێتە بازاڕەوە بەڵام تەواو نین یان دەتەوێت چاوەڕێ بکەیت تا ئەو تایبەتمەندیانە بە باشی ڕێک بخرێت و لەگەڵ هەموو ئەو ئامێرانەدا بگونجێت کە خاوەنداریەتی دەکەیت، ئەوە ئەوەیە کە ئەپڵ دەیکات و پێدەچێت بە باشی ئەم سیاسەتە کار بکات بۆیە کۆمپانیاکە تاوەکو ئێستا یەکێک لە باشترینەکانە



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/49hno6f
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە