کۆمپانیای Sony دیزاینی سەکۆی PlayStation 5 ـی ئاشکرا کرد

لە کۆتایدا، کۆمپانیای Sony ـی ژاپۆنی دیزاین و هەندێک وردەکاری دیکەی سەکۆی PlayStation 5 ـی ئاشکرا کرد.

لە میانەی کۆنگرەیەکی نزیک یەک کاتژمێری تایبەت بە سەکۆی PS5 لە درەنگانێکی دوێنێ شەودا بە کاتی هەولێر، کۆمپانیای Sony ڕەقەکاڵای سەکۆی PS5 ـی نمایش کرد و دواجار زانیمان سەکۆیەکە شێوەی چۆن دەبێت. دیزاینی سەکۆی PS5 خاوەن ڕەنگی ڕەش و سپییە و هاوشێوەیە لەگەڵ ڕەنگی کۆنتڕۆڵەکانی.

هەر وەک سەکۆی Xbox Series X ـی مایکرۆسۆفت، سەکۆی PS5 ـیش بە شێوەیەک دیزاین کراوە تاوەکو بە شێوەی ستوونی دابنرێت، وە دوو جۆری لێ بەردەست دەکرێت؛ دانەیەک بە هەبوونی دەرچەی سیدی 4K Blu-ray و دانەیەکیش بە بێ هەبوونی دەرچە ناوبراوەکەوە بە ناوی Digital Edition. ئەستووری جۆری دووەم کەمترە لە چاو جۆری یەکەمەوە بە هۆی نەبوونی دەرچەی سیدی 4K Blu-ray.

بێگومان جۆری Digital Edition ـی سەکۆیەکە نرخی کەمتر دەبێت بە هۆی ئەوەی خاوەن دەرچەی سیدی 4K Blu-ray نییە، بەڵام Sony نرخی هیچکام لە جۆرەکانی سەکۆیەکەی ئاشکرا نەکرد، هەر بۆیە تا ماوەیەک ئەمە بە نادیاری دەمێنێتەوە.

بێگومان سەکۆیەکە بۆ ئەوە دیزاین نەکراوە تاوەکو هەر بە شێوەی ستوونی جێگیر بکرێت، بەڵکو دەتوانرێت بخرێتە سەر لایەکان و بە شێوەی ئاسۆیی دابنرێت، هەر وەک لەم وێنانەی خوارەوەدا سەکۆیەکە بەو شێوازە دانانانە بەدیار دەکەوێت.

هەروەها کۆمپانیاکە ژمارەیەک ئامێری دیکەی تایبەت بە سەکۆیەکەی ڕاگەیاندن، لەوانە بارگاویکەرەوەی DualSense و کامێرایەکی نوێی HD و بیستۆکی سەر گوێیی بێوایەری Pulse 3D و ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ. Sony نرخی هیچکام لەو ئامێرانەشی ئاشکرا نەکرد، هەر وەک چۆن نرخی سەکۆیەکەشی ئاشکرا نەکرد.

ڕاگەیاندنی دیزاینی سەکۆی PS5 لە لایەن کۆمپانیای Sony لە دوای چەند مانگێک دێت بەسەر ئاشکرا کردنی دیزاینی سەکۆی Xbox Series X لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە، کاتێک لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا کرا.

پێشتر کۆمپانیای Sony بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی سەکۆی PS5 ـی ئاشکرا کرد. بە پێی کۆمپانیای Sony بێت، سەکۆی نوێی PS5 خاوەن پڕۆسێسەری 8 ناوەکی جۆری AMD Zen 2 دەبێت بە خێرایی تاوەکو 3.5 گێگاهێرتز. گرافیکەکەی لە جۆری AMD RDNA 2 دەبێت بە هەبوونی 10.28 تێرافلۆپ و 36 یەکەی ئەنجامدەر بە خێرایی تاوەکو 2.23 گێگاهێرتز. خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 16 گێگابایت لە جۆری GDDR6 و بیرگەیەکی ناوەکی بە فراوانی 825 گێگابایت لە جۆری SSD بە خێرایی 5.5 گێگابایت/چرکە.

کۆنتڕۆڵەکەشی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ڕاگەیاند، کە خاوەن دوگمە پەلەپیتکە نوێیەکانی “Adaptive Triggers” و تایبەتمەندی کورتە هەززەی Haptic Feedback و وەرگر (مایکرۆفۆن) ـێکی یەکخراو و دەرچەی USB-C دەبێت، تەچ پادەکەی لە ناوەڕاست هێڵدراوەتەوە و گڵۆپە LED ـەکەی دیزاین کراوەتەوە.

هەر لە بۆنەکەدا ئەوەش ئاشکرا کرا کە سەکۆیەکە پشتگیری زیاد لە 4,000 یاری دەکات.

ڕێکەوتی بەردەستکردنی سەکۆیەکە نەزاندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە دەڵێت لە هاوینی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت.



from کەی ئای تی ئێن https://ift.tt/3dWMSXk
via IFTTT
x
چەنالەکەم سەبسکرایب بکەن 👇

هەڵۆ سەلمان
سەبسکرایبم بکە